رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا سەرکۆنەی بڕیاری حکومەتی کۆڵۆمبیای بۆ دانپێدانان بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی گۆلان دا کرد. بەمەش کۆڵۆمبیا بووە دووەم وڵات دوای ئەمریکا کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت.
رۆژی سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی:"ئەم هەنگاوە رەتدەکەینەوە و بە تەواوەتی سەرکۆنەی دەکەین. جەخت دەکەینەوە کە گۆلان بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی سووریا."
ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967ـی عەرەب و ئیسرائیلدا، بەشی زۆری بەرزاییەکانی گۆلانی لە سووریا داگیرکرد.
ئەبێلاردۆ دی لا ئێسپریێلا، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، رۆژی 7ـی ئەم مانگە دەسەڵاتی گرتە دەست.
ئەبێلاردۆ دی لا ئێسپریێلا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنی دا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەبێت. لەسەر ئەو بنچینەیەش دوێنێ دووشەممە حکومەتی کۆلۆمبیا ئەو بڕیارەی دا.
وەزارەتی دەرەوەی کۆڵۆمبیا لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاند: "کۆڵۆمبیا دان بەوەدا دەنێت کە پاراستنی کۆنترۆڵ و سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی گۆلاندا پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ بەرگریی نیشتمانیی ئەو وڵاتە."
سووریا ئەم راگەیێندراوەی کۆڵۆمبیای بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ناوبرد.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی رابردوو لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ سووریا گوتی: "پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا قبووڵنەکراوە" و ئاماژەی بەوەش کرد "دەخوازم بیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بخەمەوە کە بەرزاییەکانی گۆلان بەشێکن لە خاکی سووریا."
ئەم بڕیارەی سەرۆکی نوێ لە کاتێکدایە، گۆستافۆ پێترۆ، سەرۆکی پێشووی کۆڵۆمبیا کە سەر بە بەرەی چەپ بوو، رەخنەگری سەرسەختی هێرشەکانی ئیسرائیل بوو بۆ سەر غەززە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بڕی و هاوردەکردنی چەکی ئیسرائیلیشی راگرت. بەڵام سەرۆکە ملیۆنێرە نوێیەکە بەڵێنی داوە پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە.


