رووداو دیجیتاڵ
محەمەد یوسر برنیە، وەزیری دارایی سووریا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێ ئابووریی وڵاتەکەی لەم ساڵدا گەشەیەکی بەرچاو تۆماربکات و بگاتە 11.3٪؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ساڵ دەرامەتی وڵاتەکە هەشت ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێ.
رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، وەزیری دارایی سووریا بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەم پێشبینییانە هاوتان لەگەڵ راپۆرتەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو. برنیە گوتی: "پار گەشەی ئابووری 4٪بوو، بەڵام بۆ ئەم ساڵ دەگاتە 11.3٪ و بۆ ساڵی 2027یش پێشبینی 9.7٪ دەکەین."
وەزیری دارایی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی حکومەتەکەی ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2030 ئاستی بەرهەمهێنان لە زۆربەی کەرتەکاندا بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاستەی پێش دەستپێکردنی شەڕ لە ساڵی 2011دا هەبوو.
ئەو وەزیرە هۆکاری ئەم گەشە خێرایەی بۆ چاکسازییە ئابوورییەکان، سەقامگیریی ئەمنی، گەڕانەوەی ئاوارەکان و بووژانەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ، نەوت، گاز و بازرگانی گەڕاندەوە.
لەبارەی بودجەی دەوڵەت، برنیە رایگەیاند: "دەرامەت ساڵی 2026 دەگاتە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2025دا 3.5 ملیار دۆلار بوو"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، 75٪ی ئەم دەرامەتە لە سەرچاوە بەردەوامەکانی وزەوە دابین دەکرێ.
وەزیری دارایی سووریا باسی لە ئامادەکردنی سیستمێکی نوێی "باج" کرد کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2027ەوە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و گوتی: "ئەم سیستمە نوێیە ئاسانکاری زۆر بۆ کەرتی تایبەت دەکات، رێژەی باج لەسەر کۆمپانیاکان کەم دەکاتەوە و بارگرانی سەر شانی ئەو کەسانە سووک دەکات کە داهاتیان سنووردارە، تاوەکو سیستمی باجی سووریا ببێتە یەکێک لە پڕکێبڕکێترین سیستمەکان لە ناوچەکەدا."
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم ژمارانە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان، وەزیرەکە گوتی، قەبارەی ئەو وێرانی و هەژارییەی "رژێمی پێشوو" لە سووریا جێی هێشتووە زۆر گەورەیە و پێویستی بە ساڵانێکی زۆر لە گەشەی بەردەوامە.
ئاداری 2011، نارەزایەتییەکانی خەڵکی سووریا دەستیانپێکرد و شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتەدا دروستبوو. بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕەکەوە لانیکەم 13 ملیۆن کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت. حەوت ملیۆنیان چوونە دەرەوەی سووریا.
کانوونی یەکەمی 2024، گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا و دەسەڵاتدارانی ئێستای وڵاتەکە توانیان دەسەڵاتی ئەسەد بڕوخێنن، ئەویش لەگەڵ بەشێکی ماڵباتەکەی هەڵاتنە رووسیا.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوە 3.3 ملیۆن هاووڵاتیی سووریا گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان؛ 1.4یان لە دەرەوەی وڵاتەکەوە گەڕاونەتەوە و ئەوانەی دیکەش ئاوارەی ناوخۆیی بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێشتا 16 ملیۆن هاووڵاتیی وڵاتەکە، کە دەکاتە 66٪ی دانیشتووانی سووریا هێشتا پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە.


