رووداو دیجیتاڵ جێگری پارێزگاری حەسەکە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی ئەو ئاڵۆزییانەی ئاشکرا کرد کە لە شاری سەرێ کانی روویان دا. ئەحمەد هیلالی رایگەیاند، 13 کەس بە تۆمەتی دروستکردنی پشێوی دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە. ئەحمەد هیلالی، هاوکات گوتەبێژی لێژنەی سەرۆکایەتییشە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم رایگەیاند، بەرنامەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێ کانی رانەگیراوە و بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکەوتنی قۆناخی یەکەمی پلانەکە، کە تێیدا زیاتر لە 400 خێزان بە سەلامەتی گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان، باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە رێکاری رێکخراو بۆ گەڕانەوەی خەڵک گیراوەتەبەر. دەقی پرسیار و وەڵامەکە: رووداو: بە وردی لە رووداوەکانی ئەمدواییەی سەرێ کانی چی روویدا و هۆکاری دروستبوونی ئەو ئاژاوە و هێرشانە چی بوون؟ ئەحمەد هیلالی: دەوڵەت پلانێکی قۆناخ بە قۆناخ و رێکخراوی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێ کانی داناوە، کە لەسەر بنەمای گەڕانەوەیەکی ئارام و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی داڕێژراوە. قۆناخــی یەکەم بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا و زیاتر لە 400 خێزان گەڕانەوە بۆ گوندەکانی دەوروبەری سەرێ کانی بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەک روو بدات. بەڵام لەو کاتەدا، ژمارەیەک هاووڵاتی بە شێوەیەکی تاکەکەسی و بەبێ هاوئاهەنگی پێشوەختە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەرەو ناو شاری سەرێ کانی کەوتنەڕێ. هەندێک گرووپی "دەرچوو لە یاسا"، لە نێویاندا ئەوانەی بە "گەنجانی شۆڕشگێڕ" دەناسرێن، ئەم دۆخەیان قۆستەوە بۆ نانەوەی پشێوی و هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان و دامەزراوە حکومییەکان، ئەمەش هەڕەشەی بۆ سەر ئاشتیی ناوچەکە دروست کرد. رووداو: هێزە ئەمنییەکان چ رێکارێکیان گرتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە. ئایا ئێستا ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە؟ ئەحمەد هیلالی: دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەستوەردانیان کرد بۆ کپکردنەوەی ئاژاوەکە و رێگرییان کرد لە تەشەنەکردنی. بڵاوەپێکردنی هێزەکان لەو ناوچانەی پشێوییان تێدا بوو چڕ کرایەوە و ئێستا دۆخی پارێزگاکە بە گشتی جێگیر و ئارامە. دەزگا پسپۆڕەکان بەردەوامن لە چاودێریکردنی بارودۆخەکە بۆ ئەوەی چیدیکە کارێکی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە. رووداو: تاوەکو ئێستا چەند کەس لەسەر ئەو رووداوانە دەستگیر کراون و چ رێکارێکی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر؟ ئەحمەد هیلالی: تاوەکو ئێستا 13 کەس دەستگیرکراون و گەڕان بەدوای تۆمەتبارانی دیکەشدا بەردەوامە، بەتایبەت ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکان و سووکایەتییان بە ئاڵا و هێماکانی دەوڵەت کردووە. هەموو دەستگیرکراوەکان بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و رەوانەی دادگە دەکرێن تاوەکو هەر کەسێک بەرپرس بێت لە تێکدانی ئاسایش، بە تووندی سزا بدرێت. رووداو: ئەم رووداوانە چۆن کاریگەرییان لەسەر بەرنامەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێ کانی دروست کردووە؟ ئایا بەرنامەکە بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە؟ ئەحمەد هیلالی: گەڕانەوەی ئەو 400 خێزانە بە سەرکەوتوویی، نیشانەی ئەوەیە کە پلانە رێکخراوەکە ئەنجامی باشی هەیە. ئەوەی روویدا نابێتە ئاستەنگ لە بەردەم پڕۆسەی گەڕانەوە، چونکە مافی گەڕانەوە بۆ هەموو هاووڵاتییان پارێزراوە و دەوڵەت پابەندە بە دابینکردنی ئەم مافە. بەڵام پێویستە گەڕانەوەکە تەنیا لە چوارچێوەی پلانی دیاریکراو و بە هاوئاهەنگی بێت تاوەکو بوار بۆ گرووپە نایاساییەکان نەمێنێتەوە کە بۆشایی ئەمنی بقۆزنەوە. رووداو: کەی کاروانێکی نوێی گەڕانەوە دەستپێدەکات و پێشبینی دەکرێت چەند خێزان بگرێتەوە؟ ئەحمەد هیلالی: پڕۆسەی گەڕانەوە هەرگیز رانەوەستاوە، بەڵکو بەپێی قۆناخــی لێکۆڵینەوە و بارودۆخی مەیدانی ئەنجام دەدرێت. ئێستا خەریکی ئامادەکاریین بۆ قۆناخــەکانی داهاتوو و هەر کاتێک رێکارە ئەمنی و رێکخراوەییەکان تەواو بوون، کاتەکەی رایدەگەیێنین. ئامانجی ئێمە ئەوەیە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی ئاوارە بوون بگەڕێنەوە، بەڵام بە شێوەی قۆناخبەندی و رێکخراو، تاوەکو سەقامگیری بگەێنینە لووتکە و ژیانی ئاسایی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
سووریا10-08-2026سیپان حەمۆ: رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە رێگری لە گەڕانەوەی خەڵکی سەرێکانی دەکەن