رووداو دیجیتاڵ
ئاوارەکانی سەرێکانی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان رووبەڕووی هێرشی ئەو عەرەبە هاوردانە دەبنەوە، کە خانووی ئاوارەکانیان داگیر کردووە. بەشێک لە ئاوارەکان ناچار بوون بگەڕێنەوە ناوچەکانی ئاوارەبوونیان.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی کرابوو، ئەمڕۆ بڕیاربوو 600 خێزانی کورد کە پێشتر بەهۆی داگیرکردنی سەرێکانییەوە ئاوارە ببوون، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەهۆی هەندێک کێشەی لۆجستی ژمارەیان بۆ 410 خێزان کەمکرایەوە، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا رووبەڕووی پەلامار و گێچەڵپێکردنی ئەو عەرەبانە بوونەتەوە، کە پێشتر لە حەسەکە براونەتە سەرێکانی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، عەرەبەکان بە دار و بەرد پەلاماری ئۆتۆمبێلی ئاوارەکانیان داوە، زیانی زۆریان پێگەیاندوون، بۆیە بەشێکیان پەشیمان بوونەتەوە لە گەڕانەوە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە، چەندین چەکدار دەبینرێن لەسەر ماتۆرەکان تەقە دەکەن و دەڵێن: "یەڵلا بجوڵێن بگەڕێنەوە". بۆیە ئاوارەکان ناچار دەبن بگەڕێنەوە.
ئەو هەڵسوکەوتەی چەکدار و عەرەبە هاوردەکانی سەرێکانی ناڕەزایی کوردانی حەسەکە و قامشلۆی لێکەوتەوە. ژمارەیەک گەنج چوونە سەر باڵەخانەی ئەمنی گشتی و ئاڵای سووریایان هێنایە خوارەوە.
عەبدولحەلیم سلێمان، چالاکڤان لە قامشلۆ، خەڵکیی سەرێکانیێیە بە رووداوی راگەیاند: "خێزانە ئاوارەکان بەبێ کێشە بەڕێکەوتن، کاتێک گەیشتنە ناوشارەکان هێرشیان کرایە سەر، بەڵام ناتوانین بڵێین هێرشکارەکان کێ بوون، بەڵام هەموویان چەکدار بوون."
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە، چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر چەند خێزانێک، هەڕەشەیان لە خەڵک کرد، ویستیان لە شارەکە دەریان بکەن، "بەڵام خەڵکەکە رازی نەبوون و گوتیان زێدی خۆمانە".
سەبارەت بە ناسنامەی چەکدارە هێرشکارەکان، عەبدولحەلیم سلێمان، گوتی: "ئەو چەکدارانە خەڵکی رەسەنی شارەکە نین و عەرەبی هاوردەن، خەڵکی دێرەزوور و حەلەبن و ژمارەیان 700 خێزان دەبێت، پێویست بوو ئەوانە پێشتر دەربچن لە شارەکە، بەڵام دەرنەچوون."
لیژنەیەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان پێکهێنراوە، پێش گەڕانەوەی ئاوارەکان هاوئاهەنگی دەکەن، بە تایبەتی لە رووی ئەمنییەوە. عەبدولحەلیم سلێمان پێیوایە لیژنەکەی سەرێکانی شکستیهێناوە لە هاوئاهەنگی، بۆیە ئەمڕۆ ئەو کێشەیە دروست بوو.
عەبدولحەلیم سلێمان زیاتر لە بارەی چەکدارە هێرشکارەکان قسەی کرد و گوتی: "ئەو چەکدارانە سەر بە سوپای پێشووی نیشتمانی سووریان، کە بە پشتگیری تورکیا سەرێکانیان داگیر کرد، زۆربەیان نایانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی کوردی شارەکەدا گرتووە. ئێستاش ژمارەیەکیان فەرمانبەری حکومەتن و دامەزراون و نایەنەوێت لە شارەکە دەربچن.
بە گوتەی عەبدولحەلیم سلێمان ئەو ئاوارانەی ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە زۆربەیان لە گوندەکانی دەوروبەری حەسەکە و قامشلۆ نیشتەجێ بوون، زۆربەیان ئەمڕۆ تەنیا ویستوویانە تەنیا سەردانی خانووەکانیان بکەن، بۆیە کێشە دروست بووە.


