رووداو دیجیتاڵ
سەفوەت رەسڵان، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە پڕۆسەی کشانەوەی دراوە کۆنەکانی سووریا دەرکرد و وادەی گۆڕینەوەی دراوەکەی لە سێ پارێزگای رۆژهەڵاتی وڵاتەکە درێژکردەوە.
رۆژی چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا لە رێگەی پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ هاوکارانی ناو بانک و دامەزراوەی پۆستەی سووریا، لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی کشانەوەی دراوە کۆنەکانی کردووە و گوێی لە پێویستییە مەیدانییەکان گرتووە، بڕیاری داوە وادەکە درێژ بکاتەوە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، پڕۆسەی کشانەوەی دراوە کۆنەکانی سووریا لە پارێزگاکانی دێرەزوور، رەققە و حەسەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، بەردەوام دەبێت. هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی لقەکانی بانکی ناوەندیی سووریا و ناوەندە دەسەڵاتپێدراوەکانی دامەزراوەی پۆستەی سووریاوە دراوە کۆنەکانیان رادەست بکەن.
سەفوەت رەسڵان جەختی لەوە کردەوە، ئەوان لە کاریگەرییەکانی ئەم قۆناخە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان تێدەگەن و گوتی: "بەرپرسیارێتی ئێمە دەخوازێت لە واقیعەوە نزیک بین و بەدواداچوون بۆ پێویستییەکان بکەین، بۆ ئەوەی رێکارەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێن."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری بانکی ناوەندی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دانیشتووانی پارێزگاکانی رۆژهەڵات کرد بۆ هاوکاری و ئارامییان، هەروەها دەستخۆشی لە تیمە مەیدانییەکان کرد بۆ ئەو هەوڵە گەورەیەی لەم قۆناخەدا دەیدەن.
کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بانکی ناوەندیی سووریا دەستی بە پرۆسەیەک بۆ کێشانەوەی دراوی کۆنی وڵاتەکەی کرد و تاوەکو 31ی تەممووز بەردەوام بوو. ئەمڕۆش وادەکە بۆ دانیشتووانی ئەو سێ پارێزگایە درێژکرایەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)