رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە کۆشکی گەل لە دیمەشق پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دیدارەکەدا ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و زیاد عایەش، پارێزگاری دێرەزوور ئامادە بوون.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵیی سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا "تاوتوێی تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم لەگەڵ هەسەدە و بەدواداچوونی رەوتی تێکەڵکردنەوەیان لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەت کرا."
رێککەوتنی 29 لەسەر 30ی کانوونی دووەم، کە دوای پێشڕەوییەکانی حکومەت و پێکدادانەکانی سەرەتای ساڵی 2026 هاتە ئاراوە، چەندین خاڵ لەخۆدەگرێ، لەوانە ئاگربەست، تێکەڵکردنی قۆناخ بە قۆناخی سەربازی و کارگێڕیی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، بڵاوەپێکردنی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە حەسەکە و قامشلۆ، رادەستکردنی دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و ئەو زیندانانەی چەکدارانی دەستبەسەرکراوی داعشیان تێدایە بە دیمەشق.
رێککەوتنی کانوونی دووەم دوای زنجیرەیەک ئاگربەست و پێشڕەویی سەربازیی حکومەت هات کە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەی کەمکردەوە و هاوسەنگیی هێزی لە قازانجی دیمەشقدا گۆڕی.


.jpg&w=3840&q=75)
