رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سەردانی مێژوویی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سووریا، جێگەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە".
ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی چووە سووریا و لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، "کاک نێچیرڤان هەمیشە رۆڵێکی گرنگی لە پشتگیریکردنی دۆزی کورد لە سووریا و کوردستان بە گشتی گێڕاوە".

مەزڵووم عەبدی دەڵێت، "بڕوامان وایە ئەم سەردانە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئارامیی سووریا و چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا دەبێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سووریا لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە پێشوازییەکی شاهانەی لێکرا. ئەحمەد شەرع لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە زمانی کوردی نووسی: "ئەمڕۆ لە شام پێشوازیم لە برای هێژام، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کرد".
سەرۆکی سووریا رایگەیاند، "ئێمە ئەو پشتیوانی و میواندارییەی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا بۆ گەلەکەمانی دابین کردووە، بەرز دەنرخێنین و چاوەڕوانی بەردەوامیی کاری هاوبەشین، بە گیانی هاوکاری و برایەتییەک کە دراوسێیەتییەکی باش بەهێز بکات".

.jpg&w=3840&q=75)

