رووداو دیجیتاڵ
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دیمەشق رایگەیاند، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) وەک یەکەیەکی دژەتیرۆر دەچنە سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا. ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی نێچیرڤان بارزانی، رۆڵێکی دیپلۆماسیی کاریگەر لە نێوان دیمەشق و رۆژئاوای کوردستاندا دەگێڕن.
عەبدولکەریم عومەر لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "رۆژئاوا"ی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا و چەند زانیارییەکی نوێی لەبارەی پڕۆسەی سیاسی و سەربازی ئاشکرا کرد.
رۆڵی نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، عەبدولکەریم عومەر ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کرد و گوتی: "نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی دیپلۆماسیی گرنگە و حکومەتی دیمەشقیش ئەمە دەزانێت. هەرێمی کوردستان بەگشتی و نێچیرڤان بارزانی بەتایبەتی، رۆڵێکی میحوەری لە نێوان دیمەشق، هەولێر، بەغدا و رۆژئاوا دەگێڕن."
ئەو نوێنەرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە ئەو هەوڵانە دەبنە هۆی دروستبوونی متمانە لە نێوان لایەنەکان و رێگە بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی گفتوگۆکان خۆش دەکەن. هەروەها ئاشکرای کرد ئێستا ئەگەری کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق لە رۆژەڤدایە.
یەپەژە دەچێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ
عەبدولکەریم عومەر رایگەیاند، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) رەزامەندییان نیشانداوە بچنە سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا. گوتیشی: "یەپەژە وەک یەکەیەکی تایبەت بە دژەتیرۆر لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆدا کار دەکات."
پرسی کورد پێویستی بە رێککەوتنی سیاسییە
عومەر جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری کێشەی کورد لە سووریا تەنیا بە یەکخستنی هێزە سەربازییەکان نابێت، بەڵکو پێویستی بە چوارچێوەیەکی سیاسی و دەستووری هەیە. ئاماژەی بەوە کرد کە کورد نەتەوەی دووەمی گەورەیە لە سووریا، بەڵام سیستمە سیاسییەکە هێشتا گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.
وەک نموونەیەک باسی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا کرد و گوتی: "کاتێک کەسایەتییەکی کورد خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کاندید کرد، تەنیا 10 دەنگی هێنا. ئەمە دەیسەلمێنێت کە پرسی کورد بە دەنگدان لە پەرلەمانێکدا کە زۆرینەی عەرەب بێت چارەسەر نابێت، بەڵکو دەبێت مافەکانی کورد لە دەستووردا جێگیر بکرێن و رێککەوتنی سیاسیی پێشوەختە هەبێت."
یەکڕیزیی ناوماڵی کورد
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، عەبدولکەریم عومەر باسی لە کۆنفرانسی 26ی نیسانی لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد. ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنەکان لەسەر کارنامەیەکی هاوبەش بۆ داهاتووی سووریا و مافەکانی کورد رێککەوتوون. عومەر داوای کرد کورد بە یەکهەڵوێستی لەگەڵ دیمەشق دابنیشن و گوتی: "تاوەکو کورد نەبنە یەک و بە یەکدەنگی دانوستاندن نەکەن، گەیشتن بە چارەسەرێکی یەکجاری زەحمەت دەبێت."
.jpeg&w=3840&q=75)

