رووداو دیجیتاڵ
رۆژی
دووشەممە 03-08-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی
گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئەو وڵاتەوە
پێشوازی لێکرا.
نێچیرڤان
بارزانی: ئەمڕۆ سووریا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە
نێچیرڤان
بارزانی لە ئێکس نووسی: "ئەمڕۆ دڵخۆشبووم بە سەردانیکردنی دیمەشق لەسەر بانگهێشتێکی
سەرۆک ئەحمەد شەرع."
سەرۆکی هەرێمی
کوردستان لە پەیامەکەیدا لەبارەی داهاتووی سووریاوە گوتی، "دوای ساڵانێکی درێژ
لە نەهامەتی، ئەمڕۆ سووریا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ بووژانەوە، دووبارە
ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندن. متمانەی خۆم بە دیدگەی سەرۆک شەرع دەربڕی و بڕوام وایە
سووریا لە سایەی سەرکردایەتیی ئەودا، توانای هەیە بەرەو سەقامگیری و گەشەسەندنی زیاتر
و داهاتوویەکی رووناکتر بۆ هەموو رۆڵەکانی هەنگاوبنێت."
لە بەشێکی دیکەی
پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان کردەوە و ئاماژەی
بەوەکرد، "پشتگیریی خۆمان بۆ سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووپاتکردەوە کە
تێیدا مافی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پارێزراوبێت. هەروەها باسی گرنگیی
رۆڵی سووریامان لە بەهێزکردنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا کرد."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی
نێوان هەولێر، بەغدا و دیمەشق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان روونیدەکاتەوە، "بە هۆی
دراوسێیەتی، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆریان هەیە، هەروەها
دەرفەتی گەورە هەن بۆ فراوانکردنی هاریکاریی ئابووری بەشێوەیەک کە قازانجی هاوبەش
بۆ هەموو گەلەکانمان بهێنێتەدی."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: فراوانکردنی
هاريکاریی هاوبهش له بواره جياكان
هەر لەبارەی سەردانەکەوە، سەرۆکایەتیی هەرێمی
کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نێوان دوو سەرۆکەکەدا، " پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی
کوردستان تاوتوێ کران و جەختیان لەسەر گرنگیی فراوانکردنی هاريکاریی هاوبهش له
بواره جياكان، بهتايبهتى له بوارى ئابووريدا، كردهوه."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەروەها بڵاویکردەوە:
"له بهشێكى ديكهى كۆبوونهوهكهدا، بيروڕايان دهربارهى دوایین پێشهاتەکانی
بارودۆخی ناوچەکە، گۆڕيیهوه. لهمبارهيهوه هەردوولا داكۆكييان له بەهێزکردنی
ئاسایش و سەقامگیری، فراوانکردنی هاريکاریی هەرێمی و چارەسەرکردنی ئاشتييانهى کێشەکان
کردەوە."
"نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی لە تێکەڵبوونەوەی
هەسەدە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا دەکات"
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی
کوردستان، لەبارەی دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا،
چەند زانیارییەکی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی خۆی بۆ
ئەو گۆڕانکارییانە دەربڕیوە کە لە سووریا هاتوونەتە ئاراوە.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا
بە راشکاوی باسی پرسی هاوبەشیی ئابووری و ئەمنی لە نێوان هەولێر و دیمەشق کراوە و
"سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە هاریکار بووە بۆ نزیکبوونەوەی هێزەکانی
سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا، تاوەکو بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە
کە نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت و هاریکارە لە پڕۆسەی تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی
هەسەدە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا. "ئەم هەنگاوە بە مەبەستی
پاراستنی سەقامگیری و گەیاندنی ئاستی هاوئاهەنگییەکانە بۆ لووتکە تاوەکو چیدیکە مەترسیی
جەنگ لە ناوچەکەدا نەمێنێت."
دڵشاد شەهاب گوتیشی، نێچیرڤان بارزانی داوای لە ئەحمەد
شەرع کردووە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
بەدر جامووس: سەردانەکە رۆڵی لە باشترکردنی پەیوەندییەکان
دەبێت
بەدر جامووس، ئەندامی پەرلەمانی سووریا، سەردانەکەی
نێچیرڤان بارزانیی بۆ دیمەشق بە "زۆر گرنگ" وەسف کرد و رایگەیاند، ئەو سەردانە
رۆڵی دەبێت لە خستنەچوارچێوەی فەرمی و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، هەروەها پاڵپشتیکردنی
پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق.
جامووس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی
رووداو، ئاماژەی بەوە کرد لە دیمەشق زۆر دڵخۆشن بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی
کوردستان و گوتی: "لە راستیدا، ئێمە چاکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەروەها هەرێمی
کوردستانمان لەبیرناچێت بۆ پێشوازیکردنیان لە سوورییەکان بەدرێژایی ساڵانی شۆڕش."
ئەو روونیکردەوە، پێشوازییەکە برایانە بووە و چاودێرییەکی تایبەتیان لێکراوە.
سەبارەت بەو دۆسیانەی کە لەو سەردانەدا تاوتوێ دەکرێن،
پەرلەمانتارەکەی سووریا ئاماژەی بە چەند پرسێکی هەستیار کرد کە بریتین لە: تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)
بە دەوڵەتی سووریا. پرسی پەنابەران و گەڕانەوەی
کوردانی رۆژئاوا کە لە هەرێمی کوردستانن. بەرەنگاربوونەوەی داعش. بارودۆخی شەڕەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران
و مەترسییەکانی لەسەر عێراق و سووریا. هەروەها دۆسیەی ئابووری و ئەو بۆرییە نەوتانەی
لە عێراقەوە بە سووریادا تێدەپەڕن.
کیم ئیبراهیم: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی هەنگاوێکی
مێژووییە
کیم ئیبراهیم، ئەندامی پەرلەمانی سووریا لەبارەی
سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق، قسەی بۆ رووداو کرد
و رایگەیاند، هەنگاوێکی مێژوویی و لەبارە بۆ پشتگیریکردن لە مافە دەستوورییەکانی
کورد لە وڵاتەکەدا.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە نێچیرڤان بارزانی وەک کەسایەتییەک
کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە لووتکەدایە و دەتوانێت رۆڵێکی باڵا لە نزیککردنەوەی
لایەنەکاندا بگێڕێت.
ئەم پەرلەمانتارە کوردە ئاشکرای کرد، ئێستا 12 پەرلەمانتاری
کورد لە ناو پەرلەمانی سووریادا هەن و بەیەکەوە کار دەکەن بۆ جێگیرکردنی مافە نەتەوەییەکانیان
لە دەستووری نوێدا. "ئێمە دەمانەوێ کورد وەک هاوبەشێکی راستەقینە لە سووریادا
ببینرێت و چیدیکە بوار بۆ پەراوێزخستنی زمان و کولتووری کوردی نەمێنێت.
د. عادل باخەوان: تاکە پشتیوانی رۆژئاوای
کوردستان، هەرێمی کوردستانە
د. عادل باخەوان سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشق، بە سەردانێکی گرنگ
وەسفکرد و گوتی، نێچیرڤان بارزانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیە و
کارتی بەهێزی هەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان.
د. عادل باخەوان ئاماژەی بەوەکرد، سەردانەکە لە
کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا "لە خراپترین دۆخدایە،"
بەتایبەت دوای ئەوەی سێ وڵاتی عەرەبی، کە یەکێکیان سووریا بوو، هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان
کرد ئەگەر لە خاکی عێراقەوە هێرشیان بکرێتەسەر.
بە بڕوای د. عادل باخەوان، سەردانی سەرۆکی هەرێمی
کوردستان لەم کاتەدا و ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیکرا، پەیامێکی گرنگە بۆ رێگریکردن
لە ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق. د. عادل باخەوان جەختی لەوە
کردەوە: "ئەم جۆرە سەردانانە هەمیشە بە هاوئاهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و
عێراقدا دەکرێن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکەوە گفتوگۆیان لەسەر
ئەجێندای سەردانەکە کردووە."
ئەو گوتی: "ئەگەر رۆژئاوای کوردستان چاوەڕوانی
ئەوە بێت ئەمریکا پشتیوانیی بکات لە بەرامبەر دیمەشق، هەڵەیەکی گەورە دەکات. ئەوەندەی
ئێستا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دیمەشقە، ئەوەندە لە قامشلۆ نییە."
میدیای تورکیا چی لەبارەی سەردانەکە گوت؟
میدیای تورکیا بە گرنگییەوە باسیان لە سەردانەکە
کرد. رۆژنامەی (یەنی شەفەق) نووسی: " سەرۆککۆماری سووریا ئەحمەد شەرع،
لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردیی عێراق کۆبووەوە کە بە سەردانێکی فەرمی سەردانی وڵاتەکەی
کردووە. دوای مەراسیمی پێشوازی، بارزانی و شاندی یاوەری بۆ
دیداری سەرۆککۆماری سووریا چوونە کۆشکی گەل."
رۆژنامەی (ئێکسپرێس) نووسی: " سەرۆکی
هەرێمی کوردستانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی بۆ چەند دیدارێکی فەرمی سەردانی شامی
کرد. بارزانی لە فڕۆکەخانەی
نێودەوڵەتیی شام بە پرۆتۆکۆڵی فەرمیی باڵا پێشوازیی لێکرا."
رۆژنامەی (میزۆپۆتامیا) بڵاویکردووەتەوە، دوای کۆبوونەوەی
بارزانی و شەرع، هەر لە شام مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات
(هەسەدە)ش لەگەڵیاندا کۆدەبێتەوە.
رۆژنامەی (بیانەت) بڵاویکردەوە: "نێچیرڤان
بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ لە شامە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری
سووریا کۆدەبێتەوە. ئەو کۆبوونەوەیە، هەردوو
سەرۆک لەگەڵ مەزڵووم عەبدیش کۆدەبنەوە."



