رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە پایتەختی سووریا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بە پرۆتۆکۆلێکی فەرمی پێشوازی لێکرا. دواتریش لە کۆشکی کۆماریی سووریا، ناسراو بە کۆشکی گەل، لەلایەن سەرۆککۆماری سووریاوە پێشوازیی لێکرا. نێچیرڤان بارزانی داوای لە ئەحمەد شەرع کردووە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
لەکاتی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا، ناسراو بە کۆشکی گەل، بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە دیمەشقەوە بە میدیاکانی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەیەکی سەرەتاییدا ئەو بابەتانەی جێگەی گرنگیپێدانی هاوبەشی هەردوولان باسکران. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سڵاو و رێزی جەنابی سەرۆک بارزانی؛ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بە سەرۆک ئەحمەد شەرع گەیاند."
بە گوتەی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا "خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریا دا روویانداوە." گوتیشی، "گەلی سووریا موعاناتێکی زۆر درێژی لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا چەشتووە لەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکە هەبوون."
هەر لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، دڵشاد شەهاب گوتی، "باس لە رۆڵی هەرێمی کوردستان کراوە لەوەی دەرگای بەڕووی سەدان هەزار ئاوارەی سووریدا کردەوە، کە تاوەکو ئێستاش وەکو ماڵی دووەمی خۆیان لەوێ ماونەتەوە."
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە ئەحمەد شەرع کردووە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، وەکو گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی، کۆبوونەوەی لووتکە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریادا هەیە، کە چەند پرسێکی دیکەی جێگەی گرنگیپێدانی هاوبەش تێیدا باس دەکرێن لە بابەتی ئابووری، ئەمنی و سەقامگیری، بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریا، هەروەها پرسی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و حکومەتی سووریا کە هەرێمی کوردستان بەردەوام رۆڵی ئەرێنیی تێیدا هەبووە."
لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، دڵشاد شەهاب باسی لەوە کرد، "لە دەستپێکدا جەنابی سەرۆک بارزانی هەموو تواناکانی خستەگەڕ بۆئەوەی ئەو لێکنزیکبوونەوەیە هەبێت، ئێستاش و لە قۆناخەکانی پێش ئێستاشدا لە هەنگاونان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام وەکو لایەنێکی هاریکار لەگەڵ رێزگرتنی تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی سووریا، کە ئێمە تێدەگەین و تەقدیرێکی زۆرمان هەیە، پرسێکی ناوخۆی سوورییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە دەرخەری حەقیقەتێکە کەوا رۆڵی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی ئەرێنی و قبووڵکراوە و لەو پرسانەی لە ناوچەکە روودەدەن بەشدارییەکی کاریگەری هەیە، ئەو رۆڵە بەردەوام دەبێت و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی کردەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە."
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە سەردانەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی سووریا پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاسۆکانی هاريکاریی هاوبەش و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.


