رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دیمەشق بە گرنگییەوە دەڕوانێتە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک "هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و پەیوەندییەکان." جەختیشیکردەوە کە سەرکەوتنی ئەم سەردانە بەستراوەتەوە بە لێکەوتەی لێکتێگەیشتنە کردەیی و رێکارە بەردەوامەکانی هاوئاهەنگیی دوولایەنە.
لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دیمەشق، ئەو بەرپرسە سووریاییە روونیکردەوە، سووریا لە روانگەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، سەیری ئەم پەیوەندییە دەکات؛ ئەوەش لە چوارچێوەی رێزگرتنی دوولایەنە بۆ سەروەریی دەوڵەتەکان و یەکپارچەیی خاکەکەیان.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی دەرەوە پەرۆشە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکان بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەل بکات و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێزبکات.
گفتوگۆکانی نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع
بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریا بکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببێتەوە.
بەرپرسە سووریاییەکە کە قسەی بۆ رووداو کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، چاوەڕواندەکرێت گفتوگۆکان لەسەر چەند تەوەرێک چڕببنەوە؛ لەوانە: ئاسایشی سنوورەکان، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەهێزکردنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکان، ئاسانکاری بۆ جووڵەی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی کاڵا، لەگەڵ پرسی گەڕانەوەی پەنابەر و ئاوارەکان.
هەروەها هاوئاهەنگی لەبارەی پەرەسەندنە ناوچەییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و فراوانکردنی هاوئاهەنگی لە کەرتە خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانەکاندا باسدەکرێن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێت، ئەم سەردانە دەرفەتێکە بۆ پتەوکردنی هاوئاهەنگی هاوبەش لە بەرامبەر ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەکاندا. لەم چوارچێوەیەشدا، سووریا ئەو هێرشانەی سەرکۆنەکرد کە هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیان کردبووە ئامانجی تووندوتیژی.
ئەو گوتیشی، هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی لە ئاسانکاریی بازرگانی و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیدا بگێڕێت، لە چوارچێوەی پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان سووریا و عێراقدا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەم سەردانە دەبێتە سەرەتایەک بۆ قۆناخێکی نوێ؟ بەرپرسە سووریاییەکە دووپاتیکردەوە، لە ئەگەری بەدیهاتنی ئەنجامی ئەرێنی، چاوەڕواندەکرێت کۆبوونەوەی خولی لە نێوان سەرکردە و بەرپرساندا بەردەوامبێت و لیژنەی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکان پێکبهێنرێت. "ئەمەش هاوکاردەبێت بۆ گەیاندنی ئاستی هاوکارییەکان بۆ لووتکە تاوەکو خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات."


