رووداو دیجیتاڵ
جەواهیر حەمدۆ، دایکی حەوت منداڵە و لە نێو نەخۆشخانەیەکی کۆن و چۆڵی شاری قامشلۆ ژیان بەسەردەبات. ئەو ئاوارەی دەستی شەڕە، نەک هەر بارودۆخی ژیانی سەختە، بەڵکو چاوەڕێی چارەنووسی هاوسەرەکەشی دەکات حەوت مانگە لە زینداندایە و کچە بچووکەکەی هێشتا باوکی نەبینیوە.
جەواهیر حەمدۆ، خەڵکی گوندەواری شەهبایە و پێشتر دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب بووە، چیرۆکی ئاوارەیی و بێسەروشوێنبوونی هاوسەرەکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "زۆر قورسە، زەحمەتە، من بوومەتە ژن و پیاوی ماڵەکە، ژیان ئاوا زۆر سەختە."
هاوسەری جەواهیر شەڕڤان بووە، کاتێک شەڕ گەیشتە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، لەلایەن هێزەکانی سەر بە "حکومەتی کاتیی سووریا" دیل کرا. ئێستا جەواهیر لە ژوورێکی ساردی ناو نەخۆشخانە چۆڵەکەدا، چاوەڕێی هەواڵێکە. منووەری تەمەن 5 مانگ، کچە هەرە بچووکی خێزانەکەیە، حەوت مانگە باوکی لێ دوورە و هێشتا چاوی پێ نەکەوتووە.
جەواهیردەڵێت: "هیچ دەنگێکی هاوسەرممان نەبیستووە، بەڵام هاوڕێیەکی لە زیندان ئازاد ببوو، پێی گوتین ئەو ساغە و لە زیندانی دێرەزوورە."
کۆچی خەڵکی شەهبا و پرسی گەڕانەوە
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی شەهبا ، بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانیان، دانیشتووانی 210 گوندی کوردنشین ئاوارەی پارێزگای حەسەکە بوون و تاوەکو ئێستاش نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
رەجەب بۆتان، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجوومەنی شەهبا بە رووداوی راگەیاند: "لە نێوان 1350 بۆ 1400 خێزان ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری بەڕێکردنی کاروانەکانیان نەدراوە." ئاماژەی بەوەش کرد مەرجی سەرەکییان بۆ گەڕانەوە ئاسایشە و گوتی: "ئەگەر گرەنتی و دابینکردنی ئارامی نەبێت، خەڵکەکە ناگەڕێنەوە."
دوای واژۆکردنی رێککەوتنی "یانێیر" تێیدا گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئازادکردنی دیلەکان وەکو خاڵێکی سەرەکی دەستنیشان کرابوو، بەشێک لە ئاوارەکانی عەفرین گەڕانەوە و 1200 دیل ئازاد کران. بەڵام دۆسیەی ئاوارەکانی شەهبا و سەرێ کانی، لەگەڵ چارەنووسی نزیکەی 800 دیلی دیکە، تاوەکو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و یەکلایی نەکراوەتەوە.
ئێستا جەواهیر و حەوت منداڵەکەی، نموونەی سەدان خێزانی دیکەی شەهبان لە نێوان هیوای گەڕانەوە و خەمی ئازادبوونی ئازیزانیاندا، لە ئاوارەییدا رۆژ دەکەنەوە.
