رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، پەرلەمانی راگوزەری سووریا یەکەمین دانیشتنی خۆی کرد، کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە نووسینەوەی دەستووری نوێی وڵاتەکە و رێگە خۆشکردن بۆ سیستمێکی دیموکراسی.
دوای ئەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە کانوونی یەکەمی 2024 لەنێوچوو، دەسەڵاتدارانی نوێ پەرلەمانەکەیان هەڵوەشاندەوە و بڕیاریاندا، دەستووری کاتی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو رابگەیێنن.
لە تشرینی یەکەمی 2025ـدا، لە پرۆسەیەکدا کە رەخنەی تووندی لێگیرا و بە نادیموکراسی وەسفکرا، لێژنە ناوخۆییەکانی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان (کە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە دەستنیشانکرابوون) دەستیانکرد بە دیاریکردنی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانەکە کە لە 210 ئەندام پێکهاتووە. سەرۆکی سووریاش لەم هەفتەیەدا سێیەکی دیکەی ئەندامەکانی پۆستەکە (کە 70 ئەندامە) دەستنیشانکرد.
دواکەوتنی نوێنەرانی سوەیدا و ناوچە کوردییەکان
دانیشتنەکەی رۆژی یەکشەممە 12-07-2026 بە ئامادەبوونی 206 ئەندام دەستیپێکرد، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی پارێزگەی سوەیدا لە باشووری وڵاتەکە (کە زۆرینەیان درووزن) چونکە بەهۆی رووداوە خوێناوییە مەزهەبییەکانی پار، پارێزگەکە تاوەکو ئێستا ئەندامەکانی دەستنیشان نەکراون، سەرەڕای ئەوەی شەرع دوو نوێنەری لەوێ دەستنیشان کردبوو. هەروەها پەرلەمانتارێکی دیکەش پێش ئەوەی دەست بە کارەکەی بکات، گیانی لەدەستدا.
پرۆسەی دەستنیشانکردنی ئەندامان لە سەرەتای ئەم ساڵدا لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەش کرا کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی کورد بوون، ئەمە دوای ئەوەی دیمەشق کۆنترۆڵی ناوچەکەی کردەوە و رێککەوتنێکی بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە کوردییەکان لەگەڵ دەوڵەتدا واژۆکرد.
نوێنەرانی نوێ سوێندی یاساییان خوارد و چاوەڕوان دەکرێت دواتر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرن. ئەحمەد شەریع لە گوتارێکدا داوای لە یاسادانەران کرد، "نموونەی بەرپرسیارێتی و لێهاتوویی بن، بەشدار بن لە جێگیرکردنی کولتووری دیالۆگ، سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە دامەزراوەکان،" گوتیشی، سووریا لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی خۆیدا دەنووسێتەوە.
ئەرکەکانی پەرلەمان و رەخنەی رێکخراوە مەدەنییەکان
لە ماوەی ئەرکە 30 مانگییەکەیدا، کە شایانی نوێکردنەوەیە، پەرلەمان چەندین ئەرکی سەرەکی دەگرێتە ئەستۆ، وەک پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ نووسینەوەی دەستوور، پەسندکردنی بودجە و پێشنیازکردنی یاساکان؛ بەڵام شڕۆڤەکاران هۆشداری لە هەبوونی ئاستەنگی گەورە لەبەردەم سەربەخۆیی پەرلەمان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەدەن.
هاو نیشتمانییانی سووریا رەخنەیان لەم شێوازی پێکهێنانی پەرلەمانە گرتووە بەهۆی نەبوونی هەڵبژاردنی راستەوخۆ و نوێنەرایەتی نەکردنی ژنان بەپێی پێویست. هاوکات رێکخراوە مەدەنییەکانیش رەخنە لە کۆبوونەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن لە دەستی شەرعدا دەگرن بەهۆی نەبوونی پۆستی سەرۆکوەزیران و کەمیی نوێنەرایەتیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەی سووریا.


