رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەتووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرد کە دوێنێ پێنجشەممە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا خەڵکی مەدەنی کردە ئامانج؛ هاوکات پشتیوانیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ حکومەت و گەلی سووریا لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەکەدا نیشان دا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئەمڕۆ هەینی، 3-7-2026، رایگەیاند: "بەتووندی سەرکۆنەی ئەو کارە تیرۆریستییە دەکەین کە دوێنێ مەدەنییە بێتاوانەکانی لە دیمەشق کردە ئامانج." نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی گوتی: "سەرەخۆشیی قووڵ و هاوخەمیی راستگۆیانەی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکەین، و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵاتەکە گوتی: "پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ حکومەت و گەلی سووریا دووپات دەکەینەوە و پاڵپشتیی هەموو ئەو هەنگاوانە دەکەین کە ئاسایش و سەقامگیریی سووریا بەهێز دەکەن و سەلامەتیی هاووڵاتییانی دەپارێزن."
هێرشەکەی دوێنێی سەر دیمەشق، بە خوێناویترین رووداو دادەنرێت لە پایتەختی سووریا لە دوای هێرشەکەی حوزەیرانی ساڵی 2025 بۆ سەر کەنیسەیەک لەو شارە، کە تێیدا 25 کەس کوژران.

.png&w=3840&q=75)