تەقینەوەیەک لەناو کافتریایەکی دیمەشقی پایتەختی سووریا روویدا کە نزیکە لە کۆشکی داد. سۆلین محەممەد، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە گوتی: "تەقینەوەکە خۆکوژیی بووە و لە ترسی هێرشی دیکە، هێزە ئەمنییەکان هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵک دەدەن و رێوشوێنی تووندیان گرتووەتەبەر."
میدیای فەرمیی سووریا (سانا)ش رایگەیاند، لانیکەم 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون.
سانا دەڵێ: "یەکەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەستبەجێ دوای تەقینەوەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تیمەکانی فریاکەوتن خەریکی گواستنەوەی بریندارەکانن. هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری ناوچەکەیان گەمارۆ داوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و دڵنیابوونەوە لە ئەمنییەتی شوێنەکە."
پەیامنێری رووداویش گوتی: "ئێستاش تیمی ئەندازەی بۆمبەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە پشکنین بۆ کافتریاکە و چەند شوێنێکی دیکەی گوماناوی دەکەن."
د. ئەحمەد بەکوور، بەڕێوەبەری فریاکەوتن لە وەزارەتی تەندروستی، بە میدیای فەرمیی سووریای گوت: ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەکە بۆ 6 کوژراو و 22 بریندار بەرزبووەتەوە، کە هەموویان رەوانەی نەخۆشخانەکانی دیمەشق کراون و برینی هەندێک لە بریندارەکان سەختە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا پێشتر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کردبوو کە بۆمبەکە لە ناو چایخانەیەک لە شەقامی (نەسر) لە ناوچەی (حیجاز) تەقیوەتەوە. ئێستا لێکۆڵینەوەکان لە قۆناخــی سەرەتادان تاوەکو هۆکاری تەقینەوەکە و ئەو لایەنەی لە پشتییەوەیە ئاشکرا بکرێن.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)