رووداو - دیجیتاڵ
رووداوەکان لە گوندی "عابدین" لە گوندەکانی درەعا دەستیان پێکرد، کاتێک هێزەکانی سوپای ئیسرائیل سنووری سووریایان بەزاند و چوونە ناو گوندەکەوە. بۆ یەکەمجار لەم ناوچەیە، منداڵانی گوندەکە بە بەرد رووبەڕووی سەربازەکان بوونەوە؛ ئەحمەد عومەر دوو لەو منداڵانە بوون کە لە ریزی پێشەوەی ئەو بەرەنگاربوونەوەیەدا بوون.
ئەحمەد عومەر، یەکێک لە منداڵانی گوندەکەیە و باس لەو ساتە دەکات کە رووبەڕووی سوپای ئیسرائیل بوونەتەوە و دەڵێت: "بەردمان تێگرتن، ئەوان بسکیت و ئاویان پێداین. ئێمە بەردمان تێدەگرتن و ئەوانیش رایان دەکرد. ئەوان بە چەکەکانیان بەهێزن، بەڵام ئێمە تەنیا لە خودا دەترسین."
گوندی عابدین یەکێکە لە گوندەکانی حەوزی "یەرمووک" کە دەکەوێتە سەر سێبەری سنووری سووریا، ئوردن و ئیسرائیل، هەروەها زۆر نزیکە لە بنکەیەکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل. ئێستا ماڵی سەلیمە و دانیشتووانی گوندەکە بوونەتە قوربانیی دەستوەردانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی سووریا. ئەوان دەڵێن شەو و رۆژ لای سەربازانی ئیسرائیل جیاوازیی نییە و هەر کاتێک بێت دەچنە ناو گوندەکەیان، ئەمەش وایکردووە ناچار بن بۆ چەندین کاژێر ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
سەلیمە ئەلعەلی، دانیشتووی گوندی عابدین، مەترسییەکانی جێگیربوونی سوپای ئیسرائیل بەمشێوەیە بۆ رووداو قسەی کرد: "ئەوان گومانی ئەوە دەکەن کە خەڵکی مەدەنی چەکدار بن. دەیانەوێت لە گوندەکەماندا جێگیر بن و چوونە سەر گردەکە. زەوییەکانمان هەمووی لە دەوروبەری ئەو گردەیە و کشتوکاڵمان لەوێیە؛ ئەگەر لەوێ جێگیر بن، ئێمە چیتر ناتوانین بچینە سەر زەوییەکانمان."
بەپێی زانیارییەکان، لە باشووری سووریا 9 بنکەی سەربازیی سوپای ئیسرائیل هەن، کە 8 دانەیان لە قونەیترە و یەک دانەیان لە درەعایە. ئەمە یەکەمجارە هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە 20 کاژێر لە ناو گوندێکدا بمێننەوە، تەنانەت دوای کشانەوەشیان درۆنەکانی چاودێری لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕانەوە.
عەبدوڵڵا ئەمین، هاونیشتمانییەکی دیکەی ناوچەکەیە و بە رووداوی گوت: "دەیانەوێت ناوچەکەمان کۆنتڕۆڵ بکەن. پێدەچێت بترسن، لە خەڵک دەترسن، سەرەڕای ئەوەی گوندنشینانی ئێمە ئاشتیخوازن و هێرش ناکەن. پێشتر زۆر پێشێلکاری کراوە بەڵام کەس وەڵامی نەداوەتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ ناو خاکی سووریا لە پارێزگاکانی قونەیترە و درەعا کرد و رایگەیاند، ئەم کارانە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریان."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
