رووداو دیجیتاڵ
بۆ ئەوانەی پێیانوایە رێگا بۆ ئەرجەنتین خۆش کراوە، هیچ ناڵێم، چونکە وەڵامدانەوەی ئەو عەیبەیە عەیبترە، کە لە راستیدا کۆمەڵەی ئەرجەنتین یەکێک بوو لەو کۆمەڵانەی کە دەبێت یەکەمەکەی بکەوێتە بەرامبەر دووەمێک، واتا ئەرکی یەکەمەکەی زەحمەتترە لە یەکەمی ئەو کۆمەڵانەی کە کەوتوونەتە بەرامبەر سێیەمەکان.
ئەی چی دەبوو ئەگەر ئۆرۆگوای لە ئیسپانیای بیبردایەوە، خۆ دەبووایە ئەرجەنتین هەر لە قۆناخی 32 رووبەڕووی ئیسپانیا ببێتەوە!!
ئەی بۆ ئۆرۆگوای نەبووە دووەمی کۆمەڵەکەی، خۆ دەکەوتە بەرامبەر ئەرجەنتین و ئەرکی تانگۆ زۆر قورس دەبوو!! ئێ ئەرجەنتین چی بکات؟! خۆی نەکاتە یەکەمی کۆمەڵەکەی بۆ ئەوەی هاندەری کورد گومان لە فیفا نەکات!.
هەرچۆنێک بێت، کلیلەکە لەدەست پاشادایە و ئەو دەتوانێت ئەم مشتومڕە کۆتایی پێێنێت.. چۆن؟
کریس و هاوڕێکانی ئەگەر لە کۆلۆمبیا ببەنەوە و ببنە یەکەمی کۆمەڵەکەیان دەچنە ئاراستە خۆشەکەی ئەرجەنتین (وەک ئەوەی دژە مێسییەکان دەڵێن) و لە قۆناخی 8 دەتوانێت ئەرجەنتین دەربکات و بەئاسانی بەرەو یاریی کۆتایی بڕوات.
خۆ ئەگەر نەتوانن لە کۆلۆمبیا ببەنەوە، دەچنە ئاراستە زەحمەتەکەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا، هۆڵەندا، مەغریب و بەلجیکا و ئەوکات نە مێسی گوناحی هەیە نە فیفا..
ئیحسان تاهیر



