عادل عەبدولمەهدی لە 25/10/2018 لە ئەنجامی ناکۆکی و ململانێی نێوان هەردوو بەرەی ئەمەریکا و ئێران و لایەنە شیعییە ناکۆکەکان، وەک کاندیدی ناچاری، بازی بەخت لەسەر شانی نیشتەوە و بووە پێنجەمین سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ڕووخانی رژێمی بەعس.
بە حوکمی پەیوەندیی دێرین و ئەرێنیی عەبدولمەهدی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان و تێڕوانین و تێگەیشتنی ئەرێنیی ئەو بۆ کێشەی کورد، هەڵبژاردنی ناوبراو هەر لە سەرەتاوە جۆرێک لە گەشبینی و خۆشحاڵی لەناو لایەنە کوردییەکان و خەڵکی کوردستاندا دروستکرد.
پاش 10 مانگ لە حوکمڕانی، عەبدولمەهدی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا- هەولێر و ناردنی بەشێکی بەرچاو لە مووچەی فەرمانبەران، بە شێوەیەکی ڕێژەیی هاوکار بووە لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەردوولا و جۆرێک لە متمانەی بۆ ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزانە گەڕاندەوە.
هەرچەند ئەمە بە واتای چارەسەری هەموو کێشەکان نییە، چونکە هەڵوێست و هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستانیش وەک لایەنێکی دیکەی کێشەکە رۆڵی هەیە لە چارەسەری کێشەکان و نابێ ئەو ڕاستییەش لەیاد بکەین لە دۆخی ئەمڕۆی عێراق و ناوچەکەدا ڕەنگە چارەسەری یەکجارەکیی کێشەکان ئەستەم بێت، یاخود پێویستی بە کاتی زیاتر بێت.
هەڵبژاردنی عەبدولمەهدی بەو واتایە نایەت کە هەنگاو و سیاسەتەکانی بە تەواوی جێی ڕەزامەندیی لایەنە شیعییەکان و هێزە هەرێمییەکان بێت. بە سەرنجدان لەوەی عەبدولمەهدی بۆ خۆی خاوەنی هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی نییە، لایەنە عێراقییەکان و بەتایبەت شیعییەکان بەردەوام بۆ سەپاندنی داواکارییەکانی خۆیان لەسەری، هەڕەشەی لێسەندنەوەی متمانە و ڕووخاندنی حکومەتەکەی دەکەن.
هەرچەند لەوانەیە بەشێکی ئەم هەڕەشانە کارتی گوشار بن، بەڵام ئەو ئەگەرەش بەدوور نازانرێت کە هاوپەیمانییەک لەنێوان لایەنە نەیارەکانی عەبدولمەهدی دروست ببێت و کۆتایی بە حوکمی ئەو بهێنن. یەکێک لە بیانووەکانی نەیارانی عەبدولمەهدیش بۆ دژایەتیکردنی، نەرمی نواندنی ئەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و ناردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە بەبێ ڕادەستکردنی نەوت.
بەوپێیەی لە مانگی نیسانی 2020 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێ، لایەنە عێراقییەکان هەر لە ئێستاوە کەوتوونەتە خۆیان و بە شێوازی جۆراوجۆر سەرنجی شەقامی عێراقی بۆ خۆیان ڕادەکێشن و بانگەشەی نافەرمیی هەڵبژاردن دەکەن. یەکێک لەو کارتە گرنگانەش کە لەم بانگەشەیەدا بەکاردێت، دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بڕینی ئەو بەشە مووچەیەیە کە بۆ هەرێم دێت.
لەم سۆنگەیەوە، هەرێمی کوردستان نابێت لە بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی غافڵ بێت و پێویستە عەبدولمەهدی وەک دەرفەتێک سەیر بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. لە ئەگەری لێسەندنەوەی متمانە لە ناوبراو، ئەوا زۆر ئەستەمە جێگرەوەکەی کەسێک بێت لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان کار بکات.
هەربۆیە پێویستە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق هەوڵ بدەن بە یەکگرتوویی لە پشت عەبدولمەهدی بوەستن، چونکە وا چاوەڕوان دەکرێت کە مانەوەی عەبدولمەهدی لە حوکم دەرفەتێکی باشتر بڕەخسێنێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا وەک مووچە و بودجە، چارەنووسی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، دۆسیەی نەوت، هێزی پێشمەرگە و هتد.
لەلایەکی ترەوە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو ڕاستییەی لەبەرچاو بێت کە کات لە قازانجی ئەو نییە، چونکە ئێستا کار لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2020 دەکرێت و لە ئەگەری نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت، ئەوا دوور نییە کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرلەنوێ سەرهەڵبدەنەوە، هەربۆیە دەبێ حکومەتی هەرێم زۆر بە جدی و خێرایی کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان. ئەوەی کە تا ئێستا بینراوە لە سەردان و لیژنە و لیژنەکاری تێنەپەڕیوە و چارەسەرێکی بنەڕەتی بەدی نەهاتووە.
هەرێمی کوردستان لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی عادل عەبدولمەهدی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و چارەسەرکردنی خێراتری کێشەکان، وا باشە هەتا ئەوپەڕی مومکین نەرمی بنوێنێ بۆ ئەوەی بەڕە لەبن پێی ئەو کەس و لایەنە شۆڤینیانە دەربهێنێ کە شەو و ڕۆژ خەو بەوەوە دەبینن هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشە بسڕنەوە و زیان بە بەرژەوەندییەکانی بگەیەنن.
هەروا نابێت ئەو ڕاستییەش لەیاد بکەین، هەوڵدان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەردوولا بەو مانایە نایەت کە هەرێمی کوردستان هەموو هێلکەکانی بخاتە سەوەتەی بەغداوە، بەڵکوو گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوسەنگ لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە میحوەرێتی بەغدا، دەتوانێ سیاسەت و ستراتیژێکی دروست بێت بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان.



