نوێترین کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر، زیاترە لە تەنیا ناکۆکییەک لەسەر کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان یاخود داهاتی گومرگ. ئەمە تاقیکردنەوەیەکە بۆ سیستمی فیدراڵیی عێراق و تاقیکردنەوەی ئەوەیە کە ئایا ئەو دەستوورەی لە ساڵی 2005 پەسندکرا، هێشتا پارێزگاری لە دابەشکردنێکی راستەقینەی دەسەڵات لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دا دەکات یان نا.
لە 24ـی ئەم مانگە، سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی فەرمانی دایە دەسەڵاتدارانی فیدراڵی دەست بەسەر ئەو دەروازە سنوورییانەدا بگرن کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن، هەروەها وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی راسپارد بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان لە چەندین پارێزگادا کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنیی هەرێمی کوردستاندان. مەرجی ئەوەشی دانا کە هەناردەی نەوت دەبێت تەنیا لە رێگەی کەناڵە فیدراڵییەکانەوە بێت. بەغدا دەڵێ ئەم رێوشوێنانە بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت پێویست بوون، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکانی وەک هەنگاوی نادەستووری دانان و رەتیکردنەوە و هۆشداریی دا لە گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی ناوەندێتی دا.
رۆژی دواتر، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پشتیوانیی لە بەشە سەرەکییەکانی هەڵوێستەکەی بەغدا کرد و دەسەڵاتی فیدراڵیی بەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان، دەروازە بازرگانییەکان و چاودێریکردنی کێلگەکانی نەوت دا دووپاتکردەوە. بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ و بە دەنگی ناڕازی دوو دادوەری کورد لە دادگای فیدراڵی پەسندکرا و گوتی بەپێی دەستوور بڕیارێکی کۆتایی و پابەندکەرە. لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی پرسیار و کێشە سەرەکییەکەی قووڵتر کردەوە لەجیاتی ئەوەی چارەسەری بکات. پرسیارەکەش ئەوەیە، دەسەڵاتی شەرعیی فیدراڵی لە کوێدا کۆتایی دێت و ناوەندگەرایی نادەستووری لە کوێوە دەستپێدەکات؟
دەوڵەتێکی فیدراڵی، نەک حکومەتێکی یەکگرتووی ناوەندی
ماددەی 1ـی دەستوور، عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵیی سەربەخۆ، خاوەن سەروەری و یەکگرتوو پێناسە دەکات. دەبێت ئەم دوو بنەمایە، (یەکگرتوو) و (فیدراڵ) پێکەوە بخوێندرێنەوە. یەکگرتوویی عێراق بەو مانایە نییە کە پێویست بێت هەموو دامەزراوەیەک راستەوخۆ لە بەغداوە کۆنترۆڵبکرێت.
ماددەی 117 بە روونی دان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی دادەنێت. ماددەی 121 دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری دەبەخشێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بابەتانەی کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتە تایبەتەکانی (دەسەڵاتە حەسرییەکانی) حکومەتی فیدراڵ دا نین. لە هەمووشی گرنگتر، ماددەی 115 دەڵێت ئەو دەسەڵاتانەی بە شێوازێکی تایبەت (حەسری) نەدراونەتە دەسەڵاتدارانی فیدراڵی، دەبنە مافی هەرێم و ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێک دا رێکنەخراون. لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانیشدا، لە کاتی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ یاسای فیدراڵی دا، پێشنۆرەیی دەداتە یاسای هەرێم.
ئەمەش سیستمی فیدراڵیی عێراق لەو پێکهاتەیە جیا دەکاتەوە کە تێیدا حکومەتە هەرێمییەکان تەنیا وەک لقێکی ژێردەستی وەزارەتە فیدراڵییەکان کار بکەن. دەستوور پارێزگاری لە ئۆتۆنۆمی و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکات، تەنانەت لەپاڵ پاراستنی سەروەریی نیشتمانیش دا.
دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بەغدا
ماددەی 110دەسەڵاتی تایبەت (حەسری) دەداتە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەسەر ئاسایشی نیشتمانی، سیاسەتی دەرەوە، سیاسەتی نەختی، سیاسەتی گومرگی، سیاسەتی دارایی گشتی، بودجەی فیدراڵی و سیاسەتی بازرگانی لە هەرێم و پارێزگاکان دا.
کەواتە بەغدا خاوەنی رێگەپێدانێکی دەستووریی روونە بۆ کۆنترۆڵکردنی دراوی عێراق و بانکی ناوەندی، دانانی رێساکانی گومرگی نیشتمانی، ئەنجامدانی دانوستاندن بۆ رێککەوتننامە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەبردنی سیاسەتی دارایی نیشتمانی و پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق.
بڕیارەکەی 25ـی تشرینی دووەمی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەم بوارانەدا لە هەمووان بەهێزترە، بە جۆرێک دەکرێت هێزە فیدراڵییەکان بۆ پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان جێگیر بکرێن، لەوانەش ئەو سنوورانەی دەکەونە چوارچێوەی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها دەسەڵاتدارانی فیدراڵی دەتوانن سەرپەرشتیی دەروازە سنوورییەکان بکەن. دادگە هەروەها پشتیوانی لە چاودێری و وردبینیی فیدراڵی بۆ کێڵگە نەوتییەکان، بەکارخستن و گرێبەستەکان کرد.
بەڵام هەبوونی دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵی بەسەر سیاسەت دا، خۆبەخۆ بە مانای کۆنترۆڵی رەهای فیدراڵی بەسەر هەموو دامەزراوەیەکدا نایێت کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دا کار دەکات. دەستوور جیاوازی لە نێوان دانانی رێسا گشتییە نیشتمانییەکان و بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنیان دا دەکات.
گومرگ، سیاسەتی نیشتمانی و کارگێڕیی هاوبەش
ئەم جیاوازییە بەتایبەتی بۆ دەروازە سنوورییەکان گرنگە. ماددەی 110 دەسەڵاتی تایبەت (حەسری) دەداتە بەغدا بەسەر سیاسەتی گومرگی دا، لەوانەش پێناسەی گومرگیی نیشتمانی و چوارچێوەی گشتیی گومرگی.
بەڵام بڕگەی یەکەمی ماددەی 114 بە تایبەتی بەڕێوەبردنی گومرگ دەکاتە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دا، کە پێویستی بە هاوئاهەنگییە.
حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەتوانێ سیستمێکی یەکگرتووی گومرگی دابنێت، پێناسەی گومرگیی نیشتمانی دیاری بکات و بەرەنگاری قاچاخچێتی ببێتەوە، بەڵام مەرجی دەستووری بۆ "هاوئاهەنگی" بەو مانایەیە کە ناکرێت کارگێڕیی گومرگ بە شێوازێکی رەها تەنیا وەک دەسەڵاتێکی تاکلایەنە بە دەست بەغداوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. وەک ئاماژەی پێکراوە بڕیارەکەی دادگەش دان بەم جیاوازییە دادەنێت. ئاڵنگارییە یاساییەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە سەرپەرشتیکردنی فیدراڵی ببێتە دەستبەسەرداگرتنێکی تەواو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی گومرگ دا پەراوێز بخات، هەنگاوێکی لەم شێوەیە دەکرێت دەقی بڕگەی دەسەڵاتە هاوبەشەکانی ماددەی 114 بێمانا بکات.
نەوت موڵکی گەلی عێراقە، بەڵام بەڕێوەبردنی هاوبەشە
نەوت هەستیارترین بەشی ناکۆکییەکەیە. ماددەی 111 دەڵێت نەوت و گاز موڵکی سەرجەم گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاکان دا. ئەم دەقە خاوەندارێتیی نیشتمانی بۆ سامانەکە جێگیر دەکات، بەڵام بە تەنیا خۆی نابێتە بنەمایەک بۆ بەڕێوەبردنی قۆرخکراو و تایبەتی فیدراڵی.
ماددەی 112 داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، پێکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکاندا، نەوت و گازی بەرهەمهێنراو لە کێڵگە هەبووەکاندا بەڕێوەببەن. هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و هەرێمەکان دەکات بە هاوبەشی سیاسەتە ستراتیژییەکان بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و گازی عێراق دابڕێژن.
بەغدا لە سیاسەتی نەوت، رێکخستنی هەناردەکردن، چاودێریکردن و وردبینی دا رۆڵێکی دەستووریی بەهێزی هەیە. حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەتوانێ داوای روونی بکات، رێگری لە قاچاخچێتی بکات و دڵنیابێتەوە لەوەی سامانی نیشتمانی لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا بێت.
بەڵام ماددەی 112 بە روونی رێگە ناداتە بەغدا کە هەرێمی کوردستان بە تەواوی لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان دووربخاتەوە. (چاودێریی فیدراڵی) و (کۆنترۆڵی قۆرخکراو) دوو دەسەڵاتی یاسایی جیاوازن. ئەگەر بەغدا دەسەڵاتی خۆی بەکاربێنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کێڵگانەی دەکەونە چوارچێوەی سنووری هەرێمی کوردستانەوە، ئەوا مەرجی بەڕێوەبردنی هاوبەش دەبێتە چەقی سەرەکیی ناکۆکییەکان.
بڕیارەکەی دادگە و سنوورە دەستوورییەکانی
بڕیارەکەی 25ـی تشرینی دووەمی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، پێگەی بەغدای بەهێز کرد، بەڵام نابێ وەک هەموارکردنەوەی دەستوور یاخود هەڵوەشاندنەوەی فیدراڵی لێکبدرێتەوە.
دەبێت لێکدانەوەکەی دادگە لە تەنیشت ماددەکانی 114، 115 و 121 بخوێندرێتەوە کە پارێزگاری لە دەسەڵاتە هاوبەش و هەرێمییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر سنوورەکاندا ناتوانێت خۆبەخۆ ببێتە هۆی رەتکردنەوەی کارگێڕیی گومرگ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، چاودێریی فیدراڵی بەسەر کێڵگە نەوتییەکاندا ناتوانێ خۆبەخۆ جێگەی بەڕێوەبردنی هاوبەش بگرێتەوە و ناکرێت سەروەریی نیشتمانیش وەک پاساوێکی گشتی بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەموو دامەزراوەیەکی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت.
بڕیارەکە پرسیاریش لەسەر سنووری جوگرافیی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. دادگە ئاماژەی بەو ناوچانە کرد کە لە 19ـی ئاداری 2003ـدا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبران، هاوکات دانیش بە دەقە دەستوورییەکانی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان دادەنێت. ماددەی 140 پرۆسەیەکی دەستووریی بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان داناوە، لەوانەش کەرکووک و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکە، بەڵام ئەو پرۆسەیە هێشتا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
نیگەرانییەکە ئەمەیە کە سنوورێکی کارگێڕیی مێژوویی بەکاربهێندرێت بۆ پێشوەختە یەکلاییکردنەوە و پەکخستنی چارەسەری دەستووریی ناوچە جێناکۆکەکان. بەهێزترین بەڵگەی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە نییە کە هەموو ئەو ناوچانەی ئێستا بەڕێوەیان دەبات بە شێوازێکی ئۆتۆماتیکی سەر بە هەرێمی کوردستانن، بەڵکو ئەوەیە کە نابێ دادگە لە رێگەی لێکدانەوەیەکی تووند و رەق بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی ماددەی 140 لاواز بکات.
بڕیارەکە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەستبەجێ دوای ئەوە دەرچوو کە حکومەتەکەی رێوشوێنە تووندەکانی دژی هەرێمی کوردستان راگەیاند. ئەو کاتەی بڕیارەکەی تێدا دەرکرا، لێکەوتە سیاسییە خێراکانی و هەبوونی دوو دادوەری ناڕازی (خاوەن بۆچوونی پێچەوانە)، نیگەرانییان لەسەر سەربەخۆیی و بێلایەنیی دەسەڵاتی دادوەری دروستکردووە، ئەم بارودۆخانە مەرج نییە لایەنگریی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بسەلمێنن، بەڵام لەم ناکۆکییەدا کە کاریگەری لەسەر هاوسەنگیی دەسەڵاتی نێوان دوو حکومەت هەیە، پێویستە پاساوەکانی دادگە و بۆچوونی دادوەرە ناڕازییەکان بە تەواوی روون و شەفاف بن.
لێکەوتە ئابوورییەکانی چڕکردنەوەی دەسەڵات
ناکۆکییەکە تەنیا لەسەر دەسەڵاتی دەستووری نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئابووریی تەواوی وڵات هەیە.
عێراق بۆ دابینکردنی بودجەکەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی و خزمەتگوزارییەکان، پشت بۆ بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی پشت بە پشکەکەی لە حکومەتی فیدراڵیی و داهاتەکانی دەبەستێت. داهاتی گومرگ، هەناردەی نەوت، گرێبەستەکانی وەبەرهێنان و بازرگانیی دەرەکی بۆ هەردوو حکومەت، شادەماری دارایین.
رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن دەکرێت وەبەرهێنان دوابخات، متمانە بە گرێبەستە نەوتییەکان لاواز بکات، ئاستەنگ بۆ بازرگانی دروست بکات و نادڵنیایی بۆ کۆمپانیا چالاکەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بکات. زیانە ئابوورییەکەشی تەنیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە. داهاتە فیدراڵییەکان، کۆی هەناردەی عێراق و نێوبانگی عێراق زیانی گەورەیان پێدەگات.
دەستووری عێراق چوارچێوەیەکی بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانە دەستنیشان کردووە. ماددەکانی 112 و 114 داوای بەڕێوەبردنی هاوبەش لە کەرتە سەرەکییە ئابوورییەکاندا دەکەن، ماددەی 115 پارێزگاری لە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ماددەی 121 دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی دەسەڵاتە حەسرییە فیدراڵییەکان دا، مسۆگەر دەکات.
تاقیکردنەوەی دەستووری
بەغدا مافی خۆیەتی دەسەڵاتە تایبەتە فیدراڵییەکانی پەیڕەو بکات، بە هەمان شێوازیش حکومەتی هەرێمی کوردستانی مافی خۆیەتی ئەو دەسەڵاتانە پیادە بکات کە دەستوور بە هەرێمی کوردستانیان بەخشیوە. هیچ کام لە دوو حکومەتەکە ناتوانن بانگەشەی دەسەڵاتی بێسنوور بکەن.
بڕیارەکەی 25ـی تشرینی دووەم کۆتایی و پابەندکەرە، بەڵام جێبەجێکردنی دەبێت لە چوارچێوەی ئەو سنوورە دەستوورییانەدا بمێنێتەوە کە لێکدانەوەیان بۆ دەکات. کەواتە بەهێزترین بەڵگەی یاسایی بەرامبەر بە بەغدا ئەوە نییە کە دەسەڵاتی فیدراڵی نییە، بەڵکو ئەوەیە کە نابێ چاودێریی فیدراڵی بگۆڕێت بۆ چڕکردنەوە و قۆرخکردنی تەواوی دەسەڵاتە هاوبەش یاخود هەرێمییەکان.
ئاڵنگارییە دەستوورییەکەی عێراق روونە. ئایا حکومەتی فیدراڵ دەتوانێ پارێزگاری لە سەروەریی نیشتمانی بکات لە هەمان کات دا رێز لە ئۆتۆنۆمی و قەوارەی هەرێمی کوردستانیش بگرێت؟ دەبێ وەڵامەکە لە خودی دەستوورەوە سەرچاوە بگرێت نەک لە بڕیارە تاکلایەنەکان، گوشاری سیاسی، یاخود لەسەر ئەو گریمانەیەی گوایە دەسەڵاتی یەکێک لە حکومەتەکان خۆبەخۆ بەسەر ئەوی دیکەیاندا باڵادەستە.
داهاتووی سیستمی فیدراڵیی عێراق بەندە بە پاراستنی وردی ئەو هاوسەنگییە دەستوورییە.



