ئەگەری رێککەوتنی ئێران و عومان لەسەر دیاریکردنی رێڕەوێکی دەریایی کاتی و داخستنی کۆریدۆرە عومانییەکەی تەنگەی هورمز، تەنیا پەیوەندی بە نەوت و بازرگانییەوە نییە، بەڵکو دەبێتە گورزێکی راستەوانە بۆ سەر پێگە و باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکە. هەر ئەم مەترسییە جیۆستراتیژییەشە وایکردووە کە ترەمپ بە راشکاوی هۆشداری بدات کە ئەگەر عومان سەرکێشییەکی وەها بکات، وێرانی دەکەن.
بە گوتەی کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوان لەگەڵ عومان لەسەر رێڕەوێکی کاتی لە هورمز رێککەوتوون کە پانییەکەی نزیکەی 11 کیلۆمەترێک دەبێت و هاتنی کەشتییەکان لە کۆنترۆڵی ئێراندا دەبێت و تاران کۆنترۆڵی بەسەر بەشێک لە رێڕەوی دەرچوونیشەوە دەبێت کە عومان ئیدارەی دەکات. بە گوتەی ئابادی لە ماوەی 30 بۆ 60 رۆژدا دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکرێت و عومانیش ئەوەی قبووڵ کردووە کە رێڕەوە کاتییەکە تەنیا بۆ کەشتیی بازرگانی بێت و لە کۆتاییشدا رێڕەوی باشووری عومان دابخرێت کە 58 ساڵە کاری پێدەکرێت.
ئەمەش رێک ئەو خاڵەیە کە تێیدا هورمز لە پرسی وزە و بازرگانی دەردەچێت و بۆ پرسێکی سەربازی و ستراتیژی دەگۆڕێت. ئەگەر ئەو قسانەی ئێران راست بن و عومانیش رازی بێت بەوەی کە پێچەوانەی ماددەی 38ی یاسای ساڵی 1982ی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دەریا، کۆتوبەند بخرێتە سەر هاتووچۆی کەشتی یان فڕۆکە لە تەنگەی هورمز و لەوەش گرنگتر رێڕەوە باشوورییەکەی خۆی لە تەنگەی هورمز دابخات کە بە تەنیشت دوورگەی موسەندام دا دەڕوات، ئەوە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە کەنداو بگۆڕێت. یاسا تەنیا دیوێکی دراوەکەیە و دیوەکەی دیکەی هاوسەنگییە سەربازییەکانی پشت ململانێی هورمزە.
تائێستا ئەمریکا و ئەورووپا بۆ گواستنەوەی کەشتیی جەنگی و هێزی سەربازی خۆیان بۆ کەنداو، رێڕەوی عومانیان بەکارهێناوە و ئەگەر ئەمەش دابخرێت پەیوەندیی نێوان بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو، هێزەکانی فەرەنسا و بەریتانیا لە ناوچەکە لەگەڵ کەنداوی عومان و دەریای عەرەب دەپچڕێت. بۆ ئەوەی کاری وەها بکەن ناچار دەبن یان رەزامەندیی ئێران وەربگرن یان لەگەڵی بیکەن بە شەڕ.
تەنگەی هورمز 167 کیۆمەترە و لە تەنگەبەرەکەیدا پانییەکەی تەنیا 39 کیلۆمەترە، بۆیە ئەگەر تاران بە رێککەوتن لەگەڵ عومان توانایەکی کرداریی بۆ چاودێریکردن، هەڕەشە یان رێگریکردن لە جووڵەی سەربازی بەناو رێڕەوێکی بەرتەسکی 11 کیلۆمەتریدا بە دەست بێنێت، ئەوسا پەڕینەوەی دەریایی ئەمریکا و هێزە ئەورووپییەکان دەکەوێتە مەترسی.
لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگی رابردوودا، هەرکاتێک باس لە کێشەی داخستن و کردنەوەی تەنگەی هورمز کرابێت، سەرەتا پرسەکانی نەوت و بازرگانیی جیهانی سەرنجیان راکێشاوە، بەڵام ئەمە بە هەمان ئەندازە پرسێکی ستراتیژی و سەربازییشە، وەک ئەوەی کە لە دوایین دانوستاندنەکانی ئێران و عوماندا لە کۆتاییەکانی ئابی ئەم ساڵدا زیاتر زەق بووەتەوە.
تەنگەی هورمز، کە ئێستا هەردوو لایەنی ئێران و ئەمریکا کێشمەکێشی لەسەر دەکەن، وەکو گرێکوێرەیەکی شەڕی 2026ی ئێران ماوەتەوە. ئەمە بۆ ئێران کارتێکی مانەوەیە، بەڵام بۆ ئەمریکاش پرسێکی گەورەی هێزدارییە: نزیکەی 136 ساڵ بەر لە ئێستا ئالفرد تایەر ماهان، ئەفسەری دەریایی و مێژوونووسی ئەمریکایی گوتبووی کلیلی سەرکەوتنی ئەمریکا لەوەدایە کە دەریا و رێڕەوە دەریاییەکان کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی دەستی بە بازاڕەکانی جیهان بگات و کۆنترۆڵیان بکات، بۆ ئەوەش پێویستە هێزی دەریایی بازرگانی، و هێزی شەڕکەری گەورەی دەریایی و بنکەی دەریایی گەورە بنیات بنێت.
پێدەچێت ترەمپیش دیدگایەکی ماهانیانەی هەبێ بۆیە سەرنجی لەسەر زۆربەی رێڕەوە ستراتیژییەکانی جیهانە. ئەمریکا لە تەنگەی مالاکا، کە زەریای هیندی و هێمن بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پەیمانی سەربازیی لەگەڵ هەر سێ وڵاتی ئیندۆنیزیا، سەنگاپوور و مالیزیا گرێداوە. هەر بە گوشاری واشنتن بوو کە پەنەما گرێبەستی کۆمپانیایەکی هۆنگکۆنگی لە بەڕێوەبردنی کەناڵی پەنەما هەڵوەشاندەوە. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا، ئۆپەراسیۆنە فراوانەکانی ئەمریکا دژی حوسییەکان لە بابەلمەندەب و کێشمەکێشەکەی لەگەڵ ئێران لەسەر هورمز تەواوکەری هەمان ستراتیژی دەریایین؛ بۆیە ئەم هەویرەی هورمز ئاوێکی زیاتری دەوێت لەوەی کە بیری لێ دەکرێتەوە.



