لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، زولفەقار عەلی بۆتۆ سەرۆکوەزیرانی پاکستان، سیاسەتێکی ئیسلامییانەی لە ناوچەکەدا پەیڕەو دەکرد و هەوڵی نزیککردنەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئیسلامی دەدا. دواتریش نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، داوای دامەزراندنی "ناتۆیەکی ئیسلامی" دەکرد. دەیان ساڵ دوای ئەو هەوڵانە، پەیمانی مەککە لە نێوان پاکستان، سعودیە و تورکیا واژۆ کرا؛ بەڵام هێشتا زۆر دوورە لەوەی وەک بلۆکێکی یەکدەست یان ناتۆیەکی ئیسلامی تەماشا بکرێت.
لە روانگەیەکی جیۆئیکۆنۆمییەوە، رووداوەکانی زیاتر لە یەک دەیەی رابردوو، بەتایبەتی شەڕەکانی نێوان ساڵانی 2023-2026، رکابەریی لەسەر کۆریدۆرەکانی گواستنەوەی کاڵا و وزە و دۆزینەوەی رێگە جێگرەوەکان چڕتر کردووەتەوە. هاوشانی ئەوەش، گۆڕانێکی گرنگ لە هاوپەیمانییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا روو دەدات و پەیمانی مەککە وەک بەشێک لەو گۆڕانە دەردەکەوێت.
پاڵنەرەکانی پەیمانی مەککە
ساڵی 1961، جۆن کەنەدی، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە بەردەم پەرلەمانی کەنەدا گوتبووی: "جوگرافیا ئێمەی کردە دراوسێ، مێژوو کردینی بە دۆست، ئابووری وای کرد ببینە هاوبەش و پێویستیش ئێمەی کردە هاوپەیمان." جوگرافیا سعودیە، پاکستان و تورکیای نەکردووەتە دراوسێ، بەڵام مێژوو، بەرژەوەندیی ئابووری و پێداویستیی ئەمنی بە یەکیان دەبەستێتەوە.
ناکرێت پەیمانی مەککە تەنیا وەک وەڵامێک بۆ شەڕی 2026ی ئێران بخوێندرێتەوە. هەرچەندە ئەو شەڕە، وەک سەرۆککۆماری تورکیاش ئاماژەی پێ کردووە، کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر پێکهێنانی پەیمانەکە هەبوو، گفتوگۆکان لەبارەی دامەزراندنی پەیمانەکەوە پێش شەڕەکە دەستیان پێ کردبوو. کەواتە، شەڕی 2026 ئەم پرۆسەیەی خێراتر و پەلەتر کردووە، نەک ئەوەی لە بنەڕەتەوە دروستی کردبێت.
بە شێوەیەکی گشتی، جیهان لە قۆناخێکی پێداچوونەوە بە هاوپەیمانییە سیاسی و سەربازییەکاندا تێدەپەڕێت. مشتومڕە ناوخۆییەکانی ناتۆ، گۆڕانەکانی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، نزیکبوونەوەی چین، رووسیا، کۆریای باکوور و ئێران، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ تووندوتۆڵکردنی پێگەی خۆی لە ئیندۆپاسفیک و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ترانس ئەتڵەنتیکییەکانی، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە هاوپەیمانییە جیهانییەکان لە خاڵێکی وەرچەرخاندان.
تورکیا، سعودیە و پاکستانیش تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان هەیە. هەر سێکیان پەیوەندیی گرنگیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، بەڵام هاوکات پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانی دیکەش پەرە پێداوەو بەدوای پاراستن یان فراوانکردنی ئۆتۆنۆمیی ستراتیژیی خۆیانەوەن. سعودیە لە میانەی شەڕی ئۆکراینا داواکاریی ئەمریکای بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت رەت کردەوە. تورکیا، سەرەڕای ئەندامبوونی لە ناتۆ، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی S-400ی رووسی کڕی. پاکستانیش هاوشانی پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، هاوبەشیی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ چین پەرە پێداوە.
شەڕەکانی ئۆکراینا، غەززە، حزبوڵڵا، حوسییەکان و ئێران، نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەکەیان لەبارەی ئاراستەی سەرنج و پابەندییەکانی واشنتن و سنووری تواناکانی وەک هاوبەشێکی ئەمنی و سەربازی زیاتر کرد. ئەم شۆکانە لاوازییەکانی چەتری ئەمنیی پێشوو و لاوازیی رێڕەوەکانی وزە و بازرگانییان دەرخست؛ ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ ئەوەی هەندێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکا بەدوای میکانیزمی هەرێمیی زیاترەوە بن.
بەپێی داتایەک لە کاتی شەڕی ئەمساڵدا، لە کۆی زیاتر لە 7,504 هێرشی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی، زیاتر لە 1,234 هێرش ئاراستەی سعودیە کراوە. هەڵبەت گرفتی گەورە بۆ سعودیە تەنیا هێرشە راستەوخۆکان نەبوون؛ داخستنی گەرووی هورمز و هەوڵەکانی حوسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی دیکە بۆ پەکخستنی هەناردەی نەوتی سعودیە لە رێگەی بەندەری یەنبوعەوە کێشەی گەورەتربوو.
تورکیاش لە عێراق، هەرێمی کوردستان و خاکی خۆیدا چەند جارێک هێرشی کرایە سەر، بەڵام مەترسیی شەڕەکە بۆ ئەنکەرە تەنیا ئەمنی نەبوو. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووریی ناوخۆی تورکیا و رێژەی هەڵئاوسان دانا. هاوکات گرنگیی تورکیاشی وەک کۆریدۆرێکی وشکانیی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی وزە زیاتر بوو.
قەبارەی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ سعودیە سەرووی هەشت ملیار دۆلارە. بۆیە تێکچوونی ئاسایشی سعودیە تەنیا گرفتێکی سیاسی و ئەمنی بۆ ئەنقەرە دروست ناکات، بەڵکو زیان بە بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکانیشی دەگەیەنێت.
پاکستان لە پێش پەیمانی مەککەشەوە پەیوەندیی بەرگریی مێژوویی لەگەڵ سعودیە هەبوو. ریاز لە 2024دا بڕیاریدا سەرمایەگوزارییەکی سەرووی پێنج ملیار دۆلاری لە پاکستان بکات. زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو هاووڵاتیی پاکستانی لە سعودیە دەژین و کار دەکەن. کاتێک ئەم پەیوەندییە مێژوویی، سەربازی، ئابووری و مرۆییانە لەگەڵ نیگەرانییە ئەمنییەکان لەلای یەک دابنرێن، ئەوسا پاڵنەرەکانی پەیمانی مەککە روونتر دەردەکەون.
پەیمانی مەککە و ئەمریکا
یەکێک لە لێکدانەوە باوەکان ئەوەیە کە پەیمانی مەککە نیشانەی کشانەوەی ئەمریکا و کەمکردنەوەی پابەندییە بەرگرییەکانی واشنتۆنە لە کەنداو. لە دوای شەڕی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە، زیاتر لە مەترسیی پشتبەستنی تەواوەتی بە پاراستنی ئەمریکی تێگەیشتن. ئەم لێکدانەوەیە تاڕادەیەک پاساوی خۆی هەیە، بەڵام دەکرێت زیادەڕۆیی تێدا کرابێت. پەیمانی مەککە پێویستیی سعودیە بە ئەمریکا لەناو نابات. ریاز بەردەوامە لە کڕینی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکی و راکێشانی وەبەرهێنانی ستراتیژیی ئەمریکا، لەوانەش پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی.
هەر لە سەردەمی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، واشنتۆن پاڵپشتیی لە دروستکردنی "هاوپەیمانیی ستراتیژیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" لە نێوان وڵاتانی کەنداو، میسر و ئوردن دەکرد. ئەوەی سعودیە ئێستا کردوویەتی جیاوازە؛ چونکە لەجیاتی میسر و ئوردن، تورکیا و پاکستان لە ناوەندی پەیمانەکەدان، بەڵام بنەمای هەردوو پرۆژەکە بریتییە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی زیاتر لەلایەن هاوپەیمانە هەرێمییەکانەوە.
پەیمانی مەککەش لە چەند بوارێکدا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن یەکدەگرێتەوە: پاراستنی رێڕەوەکانی وزە، بەردەوامیی بازرگانی لە هورمز و بابولمەندەب، بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی و سنووردارکردنی هەڕەشەی حوسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق.
فراوانبوونی رۆڵی هەرێمیی تورکیاش لە هەندێک بواردا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا یەکدەگرێتەوە، بەتایبەتی لە بەهێزکردنی باڵی باشووری ناتۆدا. ئەنکەرە و واشنتن لە هەموو پرسەکاندا هاوڕا نین، بەڵام لە چەند دۆسیەیەکی سەرەکیی عێراق و سووریادا، لانیکەم بۆ ئێستا، هاوتەریبتر لە جاران دەجوڵێنەوە. واشنتن هەروەها پەیوەندییەکی بەهێزیشی لەگەڵ سعودیە و پاکستان هەیە.
بۆیە پەیمانەکە دەتوانێت بەشێک بێت لە دابەشکردنی باری ئەمنی بۆ ئەمریکا: هاوپەیمانەکان توانایەکی هەرێمیی زیاتر دروست دەکەن، لە کاتێکدا پشت بە تەکنەلۆژیا، زانیاری، لۆجستیک و چەتری ستراتیژیی ئەمریکا دەبەستن. بۆیە باشترە پەیمانەکە وەک هەرێمیکردنی بەشێک لە ئەرکە ئەمنییەکان سەیر بکرێت، نەک بەڵگەی کۆتاییهاتنی رۆڵی ئەمریکا.
هاوسەنگکردنی ئێران و سنووردارکردنی ئیسرائیل؟
ئێران بۆ سعودیە هەڕەشەیەکی سەربازیی راستەوخۆترە. مووشەک و درۆن، حوسییەکان، گرووپە چەکدارەکانی عێراق، گەرووی هورمز و هەڕەشە لەسەر ژێرخانی وزە، هەموویان دەچنە ناو حیساباتی ئەمنیی ریازەوە. ئێران بە ئاسانی دەست لە تۆڕی ڕەگداکوتاوی "میحوەری موقاوەمە" و گرووپە هاوپەیمانەکانی هەڵناگرێت؛ چونکە ئەم تۆڕە بەشێکی سەرەکیی ستراتیژیی رێگری و بەرگریی تارانە.
بەرپرسانی تورکیا و پاکستان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پەیمانی مەککە بەرگرییە و دژی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو نییە، بەڵام تەنانەت ئەگەر پەیمانەکە بە فەرمی دژی ئێرانیش نەبێت، لەگەڵ ئەو ستراتیژەدا تەبا نییە کە تاران بۆ گواستنەوەی شەڕ بۆ خاک و ژێرخانی وڵاتانی ناوچەکە، داخستنی هورمز یان رێڕەوەکانی دیکە و بەکارهێنانی گرووپە هاوپەیمانەکانی پەیڕەوی دەکات.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل بۆ ئەندامانی پەیمانەکە جۆرێکی دیکەی نیگەرانی دروست دەکات. لێرەدا مەبەست زیاتر هاوسەنگکردنی دەستڕۆیشتوویی سیاسی و ستراتیژیی ئیسرائیلە. پەیمانی مەککە دەتوانێت دەستی سعودیە لە دانوستاندنەکانی سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەهێزتر بکات. بەشداریی ریاز لە پەیمانی ئیبراهیمدا، ئەگەر روو بدات، لەژێر گوشاری هەمان ناچارییە ئەمنییەکانی پێشوودا نابێت. بەم پێیە، پەیمانی مەککە لە بەرامبەر ئێراندا زیاتر کاریگەریی رێگریی سەربازی هەیە، لە کاتێکدا لە بەرامبەر ئیسرائیلدا دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ هاوسەنگکردنی سیاسی و ستراتیژی.
پەیمانەکە سەردەکەوێت؟
یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی پەیمانی مەککە ئەوەیە، کە بە پێچەوانەی پەیمانە مێژووییەکانی وەک سەعدئاباد، یان پەیمانی بەغدا، بەڕوونی دیاری نەکراوە بەرامبەر کام هەڕەشە دروست کراوە. بەرپرسانی تورکیا و پاکستان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پەیمانەکە بەرگرییە و دژی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو نییە. دەرگای پەیمانەکەش بۆ بەشداریی وڵاتانی دیکە کراوەیە.
هەبوونی ماددەیەکی هاوشێوەی ماددەی 5ی ناتۆش واتای ئەوە نییە، کە هەر هێرشێک خۆکارانە هەموو ئەندامان بخاتە ناو شەڕەوە، یارمەتی دەتوانێت شێوەی هاوبەشکردنی زانیاری، بەرگریی ئاسمانی، پشتیوانیی لۆجستیکی، دابینکردنی چەک، گوشاری سیاسی یان تەنیا لە دۆخێکی تایبەتدا، دەستێوەردانی سەربازی وەربگرێت.
سعودیە ویستی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی حوسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق نیشان داوە، بەڵام هێشتا روون نییە، کە ئایا هاوپەیمانەکانی ئامادەن ئەم وەڵامدانەوەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ تاران فراوان بکەن. بۆیە هێرشەکانی حوسییەکان و ئەگەری پەرەسەندنی جووڵەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، دەبنە یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینەی پابەندییەکانی پەیمانەکە.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە تورکیا نزیکەی 560 کیلۆمەتر و پاکستانیش سەرووی 900 کیلۆمەتر سنووری وشکانییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، لە ئەگەری شەڕێکی گریمانەیی راستەوخۆدا- کە دوورە- ئەم جوگرافیایە دەتوانێت گرفت بۆ تاران دروست بکات، بەڵام گرنگیی دەستبەجێی ئەم سنوورانە زیاتر ئابوورییە؛ چونکە لە دۆخی ئێستای گوشار و گەمارۆی دەریاییدا، رێگە وشکانییەکان بۆ بازرگانی و پەیوەندیی دەرەکیی ئێران بایەخی زیاتریان پەیدا کردووە.
ئەم پەیوەندییە سنووری و بازرگانییانە دەتوانن بەپێی ئاستی هاوکاریی ئەنکەرە و ئیسلامئاباد لەگەڵ تاران، ببنە ئامرازێکی گوشاری ئابووری.
بەیەکەوەبەستنی پاکستان بە کەنداو و لەوێشەوە بە تورکیا، سێکوچکەیەکی نوێی ئەمنی و جیۆپۆلیتیکی پێک دەهێنێت. لە هەندێک لێکدانەوەشدا، فراوانبوونی پەیمانەکە رەنگە وەک سەرهەڵدانی "کەوانەیەکی سوننی" لە پاکستانەوە بۆ تورکیا تەماشا بکرێت، بەڵام جیاوازیی ئاراستە و بەرژەوەندیی ئەندامەکان رێگە نادات لانیکەم جارێ ئەم جوگرافیایە وەک بلۆکێکی مەزهەبیی یەکگرتوو پێناسە بکرێت.
ناوچەکە بە شێوەیەکی تەواو بەسەر بلۆکە داخراوەکاندا دابەش نەبووە. بەڵکو سێ هێڵی سەرەکی دەردەکەون: پەیمانی ئیبراهیم، میحوەری موقاوەمە و سێکوچکەی ئەنقەرە–ریاز–ئیسلامئاباد. سنوور و ئەندامێتیی ئەم رێڕەوانە هێشتا شل، تێکەڵ و گۆڕاون؛ لە ناوەڕاستی هەمووشیاندا، ئەندازیارییە ئەمنی و جیۆئابوورییەکەی ئەمریکا کاریگەریی خۆی پاراستووە.
کۆتایی
پەیمانەکە ئامادەکارییەکی دامەزراوەییە بۆ ئەگەری دەرکەوتنەوەی شەڕ و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا. ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرزەخێکی "نە شەڕ و نە ئاشتی" دایە: ئەکتەرە هەرێمییەکانی وەک سعودیە، پاکستان و تورکیا خۆیان بۆ ئەگەری شەڕێکی دیکە ئامادە دەکەن، لە کاتێکدا نایانەوێت شەڕ دەرکەوێتەوە.
پەیمانەکە ئێستا نە ناتۆیەکی ئیسلامییە، نە جێگرەوەی چەتری ئەمنیی ئەمریکایە و نە هاوپەیمانییەکی تەواو دژی ئێران و ئیسرائیلە، بەڵکو میکانیزمێکی نوێی دابەشکردنی باری ئەمنی و دروستکردنی رێگریی هەرێمییە؛ میکانیزمێک کە ئامانجی سەرەکیی پاراستنی سعودیە و رێڕەوەکانی وزە و بازرگانییە، لەگەڵ سنووردارکردنی توانای ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان بۆ گواستنەوەی شەڕ بۆ خاک و ژێرخانی ئەندامەکانی.
پەیمانی مەککە بەشێکە لە پێکهاتنەوەی هاوپەیمانییەکانی ناوچە لە دوای زنجیرەیەک شۆکی سەربازی، سیاسی و ئابووری. ئەم پێکهاتنەوەیە هێشتا تەواو نەبووە و سنوور و ئاراستەکانی روون نین.
پەیمانەکە ئاشتی دروست ناکات و شەڕیش بە حەتمی تەماشا ناکات؛ بەڵکو تێچووی هێرش بەرز دەکات و توانای ئەندامەکانی بۆ رێگریکردن، بەڕێوەبردن یان رووبەڕووبوونەوە لە شەڕێکی داهاتوو زیاد دەکات. ئەمە واتای راستەقینەی بەرزەخی شەڕ و ناشەڕە: دۆخێک کە تێیدا لایەنەکان قسە لەسەر ئاشتی دەکەن، لە کاتێکدا بۆ ئەگەری شەڕێکی دیکە خۆیان ئامادە دەکەن.


.jpeg&w=3840&q=75)
