بەردەوام، گەنجانی ئێزدی لە هەردوو رەگەز، لە کوردستان، لە دیاسپۆرا، دوای وانەکان، تەنانەت لە کاتی چارەسەریی دەروونی دا هەمان پرسیارم لێدەکەن: ئایا ئێمە کورد و ئێزدین یان تەنیا ئێزدین؟ ئەم گەنجانە زۆرجار بە ئەسپایی، تەنانەت شەرمنانەش پرسیارەکە دەکەن، وەک ئەوەی ترسیان هەبێ کە وەڵامەکە شتێک تێکبدات. ئەم گەنجانە هەست بە گوشار دەکەن، چ لە لایەن کۆمەڵگەکانیانەوە و چ لە دەرەوەی کۆمەڵگەکانیشیان. ئەم گوشارەش هەستێکی نادڵنیایی قووڵیان بۆ دروست دەکات کە سنووریی ئەکادیمیی زاراوەکان تێدەپەڕێنێت (ئەوەی ئایا کورد و ئێزدین یان تەنیا ئێزدین). ئەم هەستە پەیوەندی بە پێوەندارێتی (ئینتیما)، سەلامەتی و ئەو پرسیارەوە هەیە کە دەکرێ دوای روودانی جینۆسایدێک، ئیدی متمانە بە کێ بکرێت؟
لە 3ی ئابی ساڵی 2014 دا ئەو گرووپەی بە "دەوڵەتی ئیسلامی" ناسراوە، هێرشی کردە سەر ناوچەی ئێزدیان لە شنگال. گرووپەکە پیاوی کوشتن، ژن و منداڵی رفاندن، هەزاران هاووڵاتی کردنە کۆیلە و کەنیزەک. لەوکاتەوە ئەم پرسیارە بووەتە یەکێک لە هەستیارترین، لە هەمان کاتدا یەکێک لە سیاسیکراوترین مشتومڕەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا: ئایا ئێزدییەکان کوردن یان گەلێکی سەربەخۆن؟ بەداخەوە، دەبێت ئەمە زۆر بە روونی بگوترێ: زۆرجار راگۆڕینەوەکە بە جۆرێک لە شەڕەنگێزی و بێباکی بەڕێوەدەچێت کە سوود بە بابەتەکە ناگەیێنێت و زیاتریش ئازاری ئەوانە دەدات کە هێرشەکە کاریگەری لەسەریان هەبووە.
بەشێک لەم برینە بەرجەستەیە و تاوەکو ئەمڕۆش بە راستی روون نەکراوەتەوە. کاتێک چەکدارە تیرۆریستەکان لە شەوی 3ی ئابی 2014 پێشڕەوییان کرد، بەشی زۆری یەکە کوردییەکانی پێشمەرگە کە بەرپرس بوون لە پاراستنی ئاسایشی شنگال کشانەوە، بەبێ ئەوەی لەکاتی گونجاودا دانیشتووانەکەی ئاگادار بکەنەوە. بۆ زۆر لە ئێزدییەکان، ئەم ساتە بووە هێمای لەدەستدانی متمانە، کە تاوەکو ئەمڕۆش کاریگەرییەکەی ماوە. ئەوەی بووەهۆی ئەم کشانەوەیە، لەلایەن شارەزایانی سەربازی، مێژوونووسان و قوربانییانەوە بە شێوەی جیاواز لێک دەدرێتەوە: کەرەستەی سەربازیی یەکە جێگیرکراوەکانی ئەوێ لەگەڵ کەرەستەی سەربازیی داعش بەراورد نەدەکرا، چونکە داعش چەکی قورسی زۆری لە سوپای عێراق دەسکەوتبوو؛ پێگەی شنگال وەک ناوچەیەکی جێناکۆک لە نێوان بەغدا و هەولێر و، رووننەبوونی زنجیرەی فەرماندەییە سەربازییەکان؛ خێرایی هێرشەکە لە چەندین ئاڕاستەی جیاوازەوە بۆ سەر هێڵەکانی بەرگری. ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆش نەکراوە، پێداچوونەوەیەکی سەربەخۆ و شەفافی ئەو شەوەیە: کێ بوو هەندێ بڕیاری دا؟ کەی و بۆچی ئەو بڕیارانە دران؟ ئەم روونکردنەوەیە گرنگە، نەوەک تەنیا پرسی کشانەوەکە، کاریگەری گەورەی لەسەر متمانەکە هەبووە. زۆر لە رزگاربووان پێیان وایە هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە پشتیان تێکرا و، هەندێک لەوان هەنگاوێک زیاتریش دەڕۆن و پێیانوایە پشت تێکردنەکەیان بەهۆی ئەوەبوو کە ئێزدین. لێکۆڵینەوەیەکی راستگۆیانە لە رووداوەکانی 2014، بە جۆرێک کە بە هاوبەشی بکرێت، دەتوانێ متمانە لە نێوان ژن و پیاوی ئێزدی لەگەڵ دراوسێیانی کورد دروست بکاتەوە، بەبێ گوێدانە پرسی ناسنامەی نەتەوەیی.
توێژینەوەکان تاوەکو رادەیەکی زۆر لە خاڵێکدا هاوڕان: ئێزدی کۆمەڵگەیەکی ئیتنۆ-ئایینین، کە تێیدا ئایین، رەچەڵەک و رێکخستنی کۆمەڵایەتی – واتە سیستمی چینایەتی، هاوژینی تەنیا لەنێو کۆمەڵگەکە و مەزارگەی لالش – بە شێوەیەکی لێکدانەبڕاو پێکەوە گرێدراون، بەڵام توێژینەوەکان لەسەر ئەو پرسیارە ناکۆکن کە ئەمڕۆ بەشێوەیەکی نەگونجاو مشتومڕی لەسەر دەکرێت. نزیکی نێوان ئێزدی و کورد لە رووی زمانی، کولتووری و مێژووییەوە ناتوانرێ نکۆڵی لێبکرێت: زۆربەی هەرە زۆری ئێزدییەکان بە کورمانجی سەروو قسە دەکەن. مێژوونووسانی کورد و عوسمانی بۆ سەتان ساڵ بەبێ دوودڵی باسی "ئێزدییە کوردەکان"یان کردووە، هەروەها توێژینەوە جێنەتیكییەکانیش پەیوەندییەکی نزیکتر لەنێوان ئێزدییەکان و کورد پیشاندەدەن، جیاواز لە ئێزدییەکان و دانیشتووانی دراوسێیان. هەندێک لەمەش دوورتر دەڕۆن و دەڵێن ئێزدی "کوردە رەسەنەکانن" ، کە کولتوور و ناسنامەی خۆیان لە پێش ئیسلامەوە پاراستووە، لە کاتێکدا کوردانی موسڵمان - بەشێکیان لە رێگەی ئیسلامبوونی ئارەزوومەندانه و بەشێکی دیکەیان بە ناچاری- بەشی زۆری کولتووری ئیسلامییان وەرگرتووە. لە هەمان کاتدا، مێژوونووسان بەڵگە دەخەنەڕوو کە لە سەتەکانی رابردوودا ئێزدییەکان لەلایەن هەندێک فەرمانڕەوای موسڵمانی کوردەوە چەوسێنراونەتەوەو، بە زۆر کراونەتە موسڵمان و کۆمەڵکوژکراون. لەو فەرمانڕەوایانەش کە دەبێت ناو بهێندرێن، میر بەدرخانی بۆتان و میر محەممەدی رواندزین، کە لەژێر دەسەڵاتیاندا ئێزدییەکان بە مەبەست کۆمەڵکوژ کران. هۆزە کوردییەکانیش لەکاتی جیاوازدا لە چەوساندنەوەی ئێزدییەکاندا بەشدار بوون. تەنانەت لە (شەرەفنامە)ی شەرەفخانی بەدلیسی دا، کە تۆمارێکی سەرەکیی میرنشینەکانی کوردە لە سەتەی شەشەم دا هۆزەکانی ئێزدی بە دەگمەن ناوهێندراون و کاتێکیش ناودەهێندرێن، زۆرجار بە دیدێکی نەرێنییە. جگە لەوەش، لە 2014دا کوردانی موسڵمانیش پەیوەندییان بە گرووپی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە کرد و لە جینۆسایدی ئێزدییاندا بەشداربوون. ئەم بەرپرسیارییە دیاریکراوانە نابنە بەرپرسیارییەکی بەکۆمەڵی و گشتیی کورد، بەڵام بەشێکن لە ئەزموونی مێژوویی ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییان و ناکرێ بە بێدەنگی بەسەریدا تێپەڕین. ناکرێ نکۆڵی لەم مێژووی چەوساندنەوەیە بکرێ و هەر ئەوەیشە وایکردووە ئەمڕۆ زۆر لە ئێزدییان، بەتایبەتی گەنجانی دوای ساڵی 2014، بەشێوەیەکی بنەڕەتی پرسیار لەبارەی ناسنامەی کوردبوونی خۆیان دەکەن.
هەر کەسێک بیەوێ لەم وتووێژە تێبگات، نابێ بابەتەکە تەنیا لە عێراق دا کورت بکاتەوە. لە تورکیا و سووریا، ئێزدییەکان لەرووی مێژووییەوە زۆرجار رێک لەبەر ئەوە چەوسێندراونەتەوە کە وەک کورد هەژمارکراون. لەوێ، ئەزموونی چەوساندنەوە تەواو گرێدراوی ناسنامەی کوردییە. زۆر لە ئێزدییەکانی ئەو ناوچانە تاوەکو ئێستاش زۆر بە سرووشتی خۆیان بە کورد و ئێزدیش دادەنێن. لە شنگال، بە پێچەوانەوە، بەتایبەت دوای 2014، دوورکەوتنەوە لە ناسنامەی کوردی لەلای ئێزدییان زۆرتر باس دەکرێت. هەر بۆیە هیچ هەڵوێستێکی یەکگرتوو و هاوڕای ئێزدی لەم بارەیەوە نییە، بەڵکو وەڵامەکە بە تەواوی گرێدراوی ئەوەیە کە چ ئەزموونێکی چەوساندنەوە شێوەی بە خێزانێک یان ناوچەیەک بەخشیوە. مەرج نییە شێوازە جیاوازەکانی باسکردنی ناسنامەی هەر کەسێک، ئەنجامی کەمیی زانیاری مێژوویی بێت، بەڵکو دەکرێ وەڵامدانەوەی گونجاوبن بۆ ئەزموونی جیاوازی پاراستن، چەوساندنەوە و ئینتمای سیاسی. دیبەیتێکی هاوشێوە لەلایەن کوردە عەلەوییەکان و زازاکییەکانیش لە تورکیا هەیە، کە لە جینۆسایدی 1937 و 1938ەوە لە دێرسم چەندین جار مشتومڕیان لەبارەی پێوەنداری (ئینتیما)ی خۆیان کردووە؛ هەندێک لەوان تاوەکو ئەمڕۆش رەتیدەکەنەوە زازا کورد بن.
لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، گێڕانەوەی سێیەم چەندین دەیەیە کاریگەری هەیە، کە بە تایبەتی لە روانگەی زانستییەوە جێگەی گومانە. ئەم دیدگەیە هەر لە سەرەتای سەتەی بیستەم دا لە ئەرمینیا گەشەی کرد کە باس لەوە دەکات، ئێزدی پێکهاتەیەکی ئیتنی تەواو جیاوازن لە کورد. ئەم دیدگەیە بە کۆمەڵێک تیۆر پشتگیری کرا کە رەگوڕیشەی ئێزدی راستەوخۆ دەگێڕنەوە بۆ هیتییەکان یان سۆمەرییەکان و زمانێکی سەربەخۆی ئێزدی بە ناوی "ئێزدیکی" دەخەنەڕوو. ئەم تیۆریانە تاوەکو رادەیەکی زۆر لەلایەن توێژینەوە نێودەوڵەتییەکانی کورد و ئێرانییەکانەوە دانیان پێدا نانرێت. دەکرێ ئەم سیاسەتە لەسەر بنچینەی ململانێی نێوان ئەرمەنی و کورد و، بەشداریی گرووپە کوردییەکان لە کۆمەڵکوژی و راگواستنی ساڵی 1915دا تێبگەین. پێشهاتەکان لە ئەرمینیا پیشانیدەدەن کە چۆن گەڕانی کەسێک یان پێکهاتەیەک بەدوای ناسنامەی خۆیدا (کە شتێکە هەموو کەس لێی تێدەگات و تەواو رەوایە)، دەکرێ لەلایەن هێزی دەرەکییەوە بە مەبەستی سیاسی بەکاربهێندرێت. ئەمڕۆ لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیی ئەرمینیادا تێگەیشتنی جیاواز بۆ خۆیان هەیە: هەندێکیان خۆیان وەک ئەندامی گەلێکی سەربەخۆ دەبینن، هەندێکی دیکە تائێستاش وەک کوردی ئێزدی؛ لەگەڵ ئەمەشدا، گۆڕانکاری ئایینی و کۆمەڵایەتی زیاتر روویانداوە، بۆ نموونە، هەندێکیان بوونەتە کریستیان.
لە هەمان کاتدا ئەمڕۆ گەڕانێکی هاوشێوە بۆ دۆزینەوەی رۆژانی یەکەمی ئایینی ئێزدی لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدی دا هەیە و ئەمەش شیاوی هەڵسەنگاندنێکی راستگۆیانەیە. بەڵگەکانی سەردەمی پێش سەتەی دوازدە، کاتێک ئایینی ئێزدی لە دەوری مەزارگەی لالش و فێرکارییەکانی شێخ ئادی کوڕی موسافیر شێوەی گرت، پچڕپچرن. لەنێو ئەم بۆشاییەدا هەندێک ئاماژە بە رەگ و ریشەیەک لە پەرستشی میترا یان لە کولتوورەکانی سۆمەری و هیتی دەکەن. دەکرێ کاریگەرییە ئەگەرییەکانیش لە پێش ئیسلام، لەسەر بنەمای زانستی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بەڵام ئەو کاریگەرییانە نە بەڵگەی ئایینێکی لێکدانەبڕاو پشێکێش دەکەن و نە ئاماژە بەوەش دەکەن کە خەڵکێکی زیندووی ئەمڕۆ، لە کەسانی دیکە کۆنترن. ئایینەکان لە رێگەی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە هێندە دەگۆڕدرێن کە زۆرجار کەمێک لە شێوە رەسەنەکەیان دەمێنێتەوە. ئەمە بۆ زەردەشتییەکانی ئەمڕۆ راستە، وەک چۆن بۆ یارسانەکان راستە، کە هیچ کامیان چیدیکە هاوشێوەی شێوە کۆنەکانیان نین. هەروەها میترایزمی مێژوویی- وەک ئەوەی خەڵک حەز دەکەن پشتگوێی بخەن- ئایینێک بوو، نەک گرووپێکی ئیتنی دیاریکراو، بۆیە ناكرێ میتراییزمی مێژوویی وەک بەڵگەی تەمەنی پێکهاتەیەکی ئیتنیی گەورەتر بەکاربهێندرێت. هەربۆیە ئەم جۆرە چیرۆکە تۆمارکراوە ناتەواوانە لەبارەی بنەچەی هەر پێکهاتەیەک، ئیدی لە دەرەوە بێن وەک ئەوەی ئەرمینیا یانیش لە ناوەوە هەڵبقوڵێن، دەکرێ وەڵامدەرەوەی پێویستییەک بن بۆ بەخشینەوەی شکۆ و هەستی بەردەوامی لەلایەن تاکەکانەوە بە کۆمەڵگەی خۆیان دوای هەر جینۆسایدێک، بەڵام تائێستا لەڕووی زانستییەوە پشت بە زەوینەیەکی تۆکمە نابەستن و یارمەتیدەریش نین بۆ ئەوەی دیبەیتی راستەقینە لەبارەی پێوەنداری (ئینتیما) و پاراستن، هەنگاوی باشتر و زیاتر بەرەو پێشەوە بنێن.
ئەوەی زۆرجار لە دیبەیتی گشتیدا کەموکورتییەکەی هەستی پێدەکرێ، رەهەندە دەروونییەکەیەتی. من بۆ چەندین ساڵ لەگەڵ رزگاربووانی ئێزدی لە جینۆساید کارم کردووە، یارمەتیدەر بووم لە دروستکردنی بەرنامەی تایبەتی هەرێمی بادن-ڤوێرتەمبێرگی ئەڵمانیا بۆ ژنان و منداڵانی رزگاربووی ئێزدی، تائێستاش بەردەوامم لە کارکردن لەگەڵ قوربانیان لە کوردستان و تاراوگە. لە کارەکەمدا چاوم بە کۆمەڵێک رزگاربوو و خێزان دەکەوێ کە جینۆساید هەستی بێ متمانەییەکی قووڵ، ترس و بێدەسەڵاتی لەلا دروستکردوون. ئەم ئەزموونانە کاریگەری لەسەر نەوە نوێیەکانیش دادەنێ و شێوە دەبەخشنە ئەو پرسیارەی کە دەکرێ متمانە بە چ کۆمەڵگەیەکی سیاسیش بکەن. ئێستا زیاتر لە 200,000 ئێزدی تەنیا لە ئەڵمانیا دەژین؛ زۆر زیاتریش لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن، کە بەشێکیان تائێستاش لە کامپەکاندان. زیاتر لە 2,600 کەس تائێستاش بێسەروشوێنن. شنگال تاوەکو رادەیەکی زۆر بە وێرانی ماوەتەوە و شوێنی چەندین ململانێ، قەیرانی ئاسایش و گرژیی سیاسییە. ئەم پەرشوبڵاوبوونە زۆرەملێیە لەسەرانسەری جیهان دا لە خۆیدا جۆرێکە لە بریندارکردن: خێزانەکان لێک هەڵدەتەکێنێت، دەسەڵاتی ئایینی لاواز دەکات کە پشت بە گواستنەوەی زارەکی دەبەستێت و دەکرێت رێگەش بدات ترس، بێ متمانەیی و هەستی بێدەسەڵاتی نەوە دوای نەوە بەردەوام بێت. هەربۆیە پرسی ناسنامە بریتییە لە دەربڕینی لەدەستدانی قووڵی متمانەیش: زۆر لە قوربانیان نەوەک تەنیا پرسیاری ئەوە لە خۆیان دەکەن کە کێن، بەڵکو پرسیاری ئەوەش دەکەن کە دەکرێ سەر بە چ کۆمەڵگەیەکی سیاسی بن، بەبێ ئەوەی جارێکی دیکە پشتیان تێبکرێت.
ئەم لەدەستدانی متمانەیە بەردەوام لەلایەن لایەنە سیاسییە جیاوازەکانەوە خراپ بەکاردەهێندرێت. بەستنەوەی سیاسی و کارگێڕیی ئێزدییەکان بە کوردەوە، وادەکات داواکارییەکانیان لە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی پێگەی کەمینەیەکی سەربەخۆ ئەستەمتر بێت.
چی بەدوای ئەمەدا دێت؟ یەکەم: پەیوەندی نزیکی زمانی و مێژوویی لە نێوان ئێزدی و کۆمەڵگەی کوردی دا بە باشی چەسپاوە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە ناگەیێنێ کە دەبێت هەموو ئێزدییەک ئەمڕۆ خۆی وەک کورد ببینێت. بە هەمان شێوە، ئەو ئازارەش نکۆڵی لێنەکراوە کە ئێزدییەکان بۆ سەتان ساڵ چەشتوویانە، لەوانەش لەژێر دەسەڵاتی هەندێک فەرمانڕەوای موسڵمانی کورد و لە رێگەی کەسایەتییەکانی کوردەوە؛ ئازارێک کە برینێکی نوێ و کراوەی بەهۆی رووداوەکانی 2014ەوە هاتەسەر کە تائێستاش بە تەواوی روون نەکراونەتەوە. هەردوو راستییەکە لە هەمان کاتدا هەن و هیچ توێژینەوەیەکی رژد ناکرێ یەکێکیان لەسەر حیسابی ئەویدیکە چارەسەر بکات. دەبێ لێرەدا مافی بێسنووری تاکەکان بۆ دیاریکردنی ناسنامەی خۆیان لە مافی بەکۆمەڵی کەمینەکە و مافی پاراستن جیا بکرێتەوە. نابێت مافی ئێزدییەکان پشت بەوە ببەستێ کە هەموو کۆمەڵگەکە لەسەر یەک پێناسە بۆ بواری ئیتنی خۆیان رێکبکەون.
ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە سەرئەنجام، پرسیارە یەکلاییەکەرەوەکە پرسیارێکی زانستی نییە، بەڵکو پرسیارێکی ئەخلاقی و سیاسییە: کێ مافی هەیە بڕیار لەسەر ناسنامەی کەسێک بدات و، چۆن دەکرێ مافە بەکۆمەڵەکان لەنێو کۆمەڵگەیەکدا دابین بكرێن کە بە شێوازی جیاواز ناوی خۆی دەبات؟ هیچ کەسێک جگە لە کەسی پەیوەندیدار مافی نییە بڕیار لەسەر ناسنامەی کەسیی خۆی بدات. هیچ سیاستەمەدارێکی کورد، هیچ بەرپرسێکی عێراقی، هیچ چالاکڤانێکی ئەرمەنی و هیچ توێژەرێک مافی ئەوەی نییە بە ئێزدییەک بڵێ ئایا دەبێ خۆی وەک کورد، وەک هەردووکیان، یان تەنیا وەک ئێزدی ببینێت، یان رێگرییان لێ بکات لە هەر یەکێک لەم ئەگەرانە. هەر کەسێک حەز بکات دەکرێت خۆی وەک ژنێکی کوردی ئێزدی ببینێت، وەک ئەوەی زۆر لە تورکیا و سووریا بە سرووشتی دەیکەن. هەر کەسێکیش حەز نەكات، هەمان مافی هەیە کە خۆی وەک ئەندامێکی نەتەوەیەکی سەربەخۆی ئێزدی ببینێت. ئەم ئازادییە بۆ دیاریکردنی ناسنامەی خۆت، تێبینییەکی لاوەکی نییە، بەڵکو بنەمای تەواوی دیبەیتەکەیە. لە هەمان کاتدا، کۆمەڵگەکە، بەبێ گوێدانە جیاوازییە نێوخۆییەکانی، دەبێت مافی پاراستنی کاریگەر، بەشداری سیاسی، پاراستنی مافە ئایینی و کولتوورییەکانی هەبێت.
ئەوەی ئێستا پێویستە، ئایدۆلۆژیای کەمتر و بەرپرسیارێتی زیاترە. سەرەتا، دەبێت شەوی 3ی ئابی 2014 بە شێوەیەکی سەربەخۆ و روون لێکۆڵینەوەی لێبكرێت. ئەمەش ئاشکراکردنی زنجیرەی فەرمانە سەربازییەکان و پەیکەری دەسەڵاتی ئەوکاتە، بە بەشداری رزگاربووان و کەسوکاریان ، ناوهێنانی بەرپرسیارێتی سیاسی و سەربازی دەگرێتەوە. لەوەش زیاتر، شنگال و شیخان پێویستیان بە پاراستنێکە کە لەژێر یاسای دەستووری و کارگێڕیدا دڵنیایی پێدرابێت، کە ئاسایشی تەواو، ئاوەدانکردنەوە، گەڕانەوە و پاراستنی موڵک و ماڵ، گەڕانەوەی ئاوارەکان، پاراستنی شوێنە ئایینییەکان و بەشداریی یەکسانی ئێزدییان لە پەیکەری کارگێڕی و ئاسایشدا گەرەنتی بکات. دەبێ بەغدا دڵنیایی بدات لەوەی کە مافەکانی کەمینەی ئێزدی و مافەکانی پاراستنیان پشت بە گرێدراوییان بە گرووپێکی ئیتنی دیکە نابەستێت. هەولێریش، لە بەرامبەردا، دەبێ پشتگیری لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بۆ رووداوەکانی 2014 بکات و دان بەو بەرپرسیارێتییە دابنێت لە هەر شوێنێک کە دامەزراوەکانی کوردستان تێیدا شکستیان هێنابێ.
ئەوانەش کە لە دەرەوەن، چ لە یەریڤان، ئەنقەرە، یان هەر شوێنێکی دیکە ، تیۆری بەناو زانستی دەهێننە ناو کۆمەڵگەی ئێزدییەوە تاوەکو بۆ مەبەستی جیۆپۆلیتیکی خۆیان بەکاریانبهێنن، دەبێت بزانن کە بەم کارەیان یارمەتیدەر نین، بەڵکو تەنیا برینە کراوەکە قووڵتر دەکەنەوە.
تاوەکو ئەوکاتەی ئەمە روونەدات، ژمارەیەکی زیاتر لە ژن و پیاوی ئێزدی ئەوە دەکەن کە من دەمێکە دەییبینم: ئەوان کوردستان جێدەهێڵن، بە دەگمەن دەگەڕێنەوە و لە تاراوگەدا ناسنامەیەکی نوێی تێکەڵ گەشە پێدەدەن کە لە پۆلێنە نەریتییەکانی دایک و باوک و باپیرانیان دا نییە. جینۆسایدی 2014 کاریگەری لەوە زیاتر بوو کە تەنیا ژیانی مرۆڤ و گوندەکان وێران بکات. جینۆسایدەکە بڕوابوونی بە ئینتمایەک شکاند کە بۆ سەتان ساڵ بەردەوام بوو؛ بڕوایەک کە ئەگەر تەنانەت بگەڕێندرێتەوە، تەنیا لە رێگەی دانپێدانانی راستگۆیانە بە ئازارەکان، ئیرادەی راستەقینەی سیاسی و رێزی بێمەرج بۆ مافی هەموو کەسێک لە دیاریکردنی ناسنامەی خۆیدا دەگەڕێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)