پاش کشانەوەى هێزەکانی هاوپەیمانان و دواى تەواوبوونى ئەرکى فەرمیان، لێرە و لەوێ قسەو گفتوگۆى جۆراجۆر لەسەر داهاتووى هەرێمى کوردستان کرا و خەڵکێک بە رەشبینیەوە تێیان دەڕوانى، تاوەکو پەیامى سەرۆک مەسعود بارزانى هەورى رەشی پێشبینیەکانى رەواندەوە و فەرمووى: لەکوردستاندا بەقەد پێویست پێشمەرگە و قارەمان و گیانفیداى وڵات هەن، کە بەرگرى لە خەڵک و خاکى کوردستان بکەن. ئەوەش سەرتۆپى رەوایەتی و راستییەکانە، چونکە پێش ئەوەى هاوپەیمانان بەهەموو جۆرەکانیانەوە هەبن، کوردستان هەر هەبووە و پێشمەرگە و ئیرادەى گەلى کوردستان هەبووە و دەبێت، لە راستیشدا گەلى کوردستان هەزاران ساڵە لەناو قوڵایی زنجیرە چیاکانى زاگرۆس دەژین و لێکۆلینەوە مێژووییەکان رەچەڵەکی دەگەڕێننەوە بۆ گۆتیەکان و لۆلۆبیەکان و کاشیەکان و میدیاکان، هەزاران ساڵە دەیان و سەدان وەیشوومە و هەڵمەتى لەناوبردنى کراوە، بەڵام کوردستان وەک چیایەکى مەزن و بەهێز و خۆڕاگر ماوەتەوە.
وێراى ئەوەى وەک خەڵکى کوردستان پێزانیمان بۆ کارى هاوپەیمانان هەیە لە یارمەتىدانمان بۆ دژایەتیکردنى رەوتی تیرۆر لە ناوچەکەدا، بەڵام گرنگە ئەوەش بڵێین هەرێمی کوردستان و ئیرادەى کوردستانیبوون پێش ئەوانیش هەر هەبووە و هەر دەمێنێ و بەردەوام دەبێت. ئەوان رۆیشتن، بەڵام هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەى هەر سەربەرز و سەرفراز دەمێنن و چۆن لە رابردوودا بەرگەى هەر هەڵمەتى سڕینەوە و لەناوبردنیان گرت، لە داهاتووشدا هەروا دەبن.
بابەتى دژایەتیکردنى هەرێمى کوردستان بەسیستەم و بەمەبەستى لاوازکردن و بچووککردنەوەی، دووکەس لە سێ کەس لەکوردستان ناکۆک نین لەسەرى، لەگەڵ ئەوەى بەپێى ماددەى 117/ لەدەستووری هەمیشەیى عێراق دانپێدانانی هەرێم جێگیر و چەسپاوە، بەڵام دەستبردن بۆ کیانى هەرێمى کوردستان بۆ هەموومان هێڵی سوورە، هەڵگرانى خەونى لەناوبردنى، خەونەکەیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە گۆڕەوە.
هەرێمى کوردستان کە لە 34 ساڵەى تەمەنى حوکمڕانیدا، نموونەیەکى جوانى پێکەوەژیانى هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانە، پەرەى بە فەرهەنگ و کولتوور و زمانى کوردى داوە، پانتاییەکى ئازادى و دیموکراسى فەراهەم کردووە، بەپێى ستاندەرە جیهانى و پێوەرەکانى بانکى نێودەڵەتى GDP یەکى بەرزترى لە بەشەکانى دیکەی عێراق و ئێران و سووریا بۆ هاووڵاتیانی دەستەبەر کردووە، وەک خۆرێکى گەشاوە وایە و جێگاى بەرز نرخاندنى هەموو کوردێکە لەسەرتاسەرى دونیا، شایەنى پاڵپشتى و پشگیرى و مانەوەى سەرفرازانەیە.
ماوەتەوە بڵێم کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەم پێویستیە بنەڕەتیانە گرنگن: هەروەک لە رابردوودا وابووە، سەرکردایەتى سیاسىی هەرێمى کورستان لەسەر رەوتی سیاسەت و دبلۆماسى سەردەم و هێمنانە بەردەوام بن، لەگەڵ ئەوەى هێزى پۆڵاینى پێشمەرگەى کوردستانى زامنى پاراستنن، بەڵام با ئێمەش هەرکەس لەجێگاى خۆیەوە بەهەمان ئاڕاستەى راست و دروست برۆین. بۆ نموونە: ئەوانەى لە بوارى حکومەتداین تابکرێت بەدڵسۆزانە و بە پاکى کار بکەین تاکو نموونەیەکى جوانى حوکمڕانى کوردستان پێشانی دوور و نزیک و دۆست و دوژمن بدەین، ئەوانەى لە بوارى ئۆپۆزسیۆنن با کارەکانیان لە چوارچێوەى پاراستنى بەرژەوەندىی نیشتمانى هەرێمى کوردستان بێت، هونەرمەندان هونەرەکەیان لەبەرژەوەندى هەرێمی کوردستان بێت و میدیاکاران بەهەستکردن بە بەرپرسیارێتیەوە چالاکیە میدیاییەکانیان بنوێن و سۆشیالمیدیاش پەلە نەکات لە شرۆڤەى هەواڵ و پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵاتیەکان و بە ئاراستەى دانبەخۆداگرتن و بچوککردنەوەی ئاریشەکان هەنگاوبنێن. هاووڵاتیانی خۆشەویستى هەرێمی کوردستانیش، هەریەکە لە جێگاى خۆیەوە رۆڵى ئەرێنى ببینێت و هەڵوێستى هێمنانە لەمەڕ رووداوەکان بنوێنن، تاکوو لەم قۆناغە ناسکەدا هەروەک لە رابردوودا سەرکەوتین، بەسەرکەوتوویى و سەرفرازى و سەربەرزى بمێنین.
بەهێزترین چەک بۆ پاراستنى هەرێمی کوردستان کە بەخوێنى هەزاران شەهید و خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، ئیرادەى بەرز و بەهێزى خەڵکەکەیەتى،کە پێویستە هەموومان پێوەی پابەندبین و پەیڕەوی بکەین.
د . ئاگرین عەبدوڵڵا - بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان



