جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەم بۆچوونە؛ "سازکردنی دەوڵەتی کوردستان لەم رۆژگارە و لەم دۆخە ئاڵۆزەدا نەکردەیە یان یەکجار سەختە" و لە نێوان ئەم رستەیەدا؛ "دەوڵەتی کوردیمان ناوێت، یان پێویست نییە یاخود ئەمە ویستێکی ناسیۆنالیستانەیە.
ناو بە ناو مرۆڤی کورد گوێی لەم شتانە دەبێت، ئیتر چ سیاسەتوان بێت یان چاودێر و شرۆڤەکاران. لەم رۆژانەی رابردوودا سیاسەتوانێکی باکووری کوردستان گوتی: "هەموو هێزی دونیایشمان هەبێت دەوڵەتی کوردی دروست ناکەین".
لە دڵی هەموو کوردێکدا خەونێکی پڕ لە ئازار هەیە، خەونی دروستبوون و سازکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بەر لە خۆمان دەوروبەرەکەمان ئەم خەونە زۆر باش دەناسن و زۆریش روون شرۆڤەیان کردووە و دەیکەن. مرۆڤی کورد ئەگەر پارێزراوبا، نەک هەر لە ئاستی تەناهیدا، بەڵکو ئەگەر زمانەکەی، شکۆی و کوردبوونی بەردەوام رووبەڕوو نەبان لەگەڵ پەلاماردان و هەوڵی لەنێوبردن، ئەو هەموو رەنج و قوربانییەی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەدەدا.
من لە شاری چەمچەماڵ و لە هەشتاکاندا کە مێردمنداڵێک بووم، لە دووکانی بەرگدرووی کاکم [خالید رەحیم] گوێم لە چەکداری دەوڵەت بووە، گوتویەتی:"رۆژێک هەر دێت کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی". کاتێک ئەو چەکدارەی دەوڵەت ماڵئاوایی کرد و رۆیشت، پرسیارم لە کاکم کرد؛ ئەرێ ئەمە جاش نییە؟ کاکم پێکەنی و گوتی؛ راستە، لە پرسیارەکەت تێدەگەم، بەڵام ئیتر ئەمە خەونی هەموو کوردێکە بە جاش و بە باشەوە.
"خەونی هەموو کوردێک بە جاش و بە باشەوە"، وەڵامێکی یەکجار کاریگەرە. ژمارەی ئەندام و هەوادارانی هیچ پارت و بزاڤێکی کورد و کوردستانی ناگاتە، ژمارەی کورد و کوردستانیان، هیچ سەرکردە و هیچ پارتێک ناتوانێت ببێتە جێگرەوە بۆ دەنگی حەفتا – هەشتا ملیۆن مرۆڤ. بەڕێزت بۆچوونت وایە و باوەڕدەکەیت ئێستا کورد ناتوانێ دەوڵەتی خۆی هەبێت، باشە و لاریمان نییە، تەنانەت هێزیشت هەبێت دەوڵەتی کوردیت ناوێت، ئەمەیش هەر باشە و بۆچوون و بڕیاری خۆتە، بەڵام قوربانیدەرانیش دەپرسن؛ ئەی چما بە بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانەوە ئێمەتان سەرقاڵ کرد و ئەو بەڵێنەتان وایکرد ئەوەی بۆمان کرا درێخی لە کردنی نەکەین؟ وەڵامی ئێوە بۆ قوربانیدەران چییە؟ بە تایبەتی ئەو ژن و پیاوانەی هەرەتی لاوێتی خۆیان پێشکەش کرد تاوەکو چیاکانی کوردستان بە سەربەرزی بمێننەوە.
کەسانێک هەن هیچ مرۆڤێک نابێ گلەییان لێبکات. کەسانێک ئەفسانەیان کردە راستی، کەچی لێدوانی سیاسەتوانێک خەونی ئەوان و خەونی دەیان ملیۆن مرۆڤ فڕێدەداتە خەرەندی هیچەوە.
قسەی ئەو سیاسەتوانە سەبارەت بە دەوڵەتی کوردستان شتێکی نەوەتەکان لە شاری بەرلین بیرهێنامەوە. پارتی سۆسیالیستی کوردستان – باکوور، رێکخراوێکیان هەبوو بە ناوی کۆمکار، ئەو رێکخراوە ساڵانێکی زۆر لە ئەڵمانیا زۆر چالاک بوو. کۆمکار لە بەرلین کۆنفرانسێکیان ئامادەکردبوو لەبارەی مێژووی کوردستان، ئایین و دۆخی سیاسی لە کوردستان. دەمەونیوەڕۆی کۆنفرانسەکە کۆمەڵێک لاوی خوێنگەرمی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، هێرش دەکەنە سەر کۆنفرانسەکە. لاوەکان پەلاماری هەر کەسێک دەدەن کە بەردەستیان دەکەوێت. یەکێک لەو کەسانەی لەوێ دەبێت مامۆستا جەمال نەبەز بوو. یەکێک لەو لاوانە، کە بێگومان خۆی بێ تاوانە و سیاسەتبازێک پڕیکردووە لە وزەی پەلاماردان، هێرش بۆ مامۆستا نەبەز دەبات و پەلاماری دەدات. مامۆستا جەمال لێیدەپرسێی: کاکە بۆچ وا دەکەیت؟ چ بووە؟ چ قەوماوە؟
لاوەکە وەها وەڵام دەداتەوە: تۆ و کەسانی وەکو تۆ ئاستەنگن کە کورد دەوڵەتی سەربەخۆ قورمیش بکات. مامۆستا نەبەز کە زمانی تورکی بە باشی دەزانی و، خۆی بۆی گێڕامەوە، "گێڕانەوە بە دەم خەندەیەکی شیرینەوە"، بە لاوە تووڕە و پەلاماردەرەکەی گووتوە: کاکە گیان، مەڵێ "قورمیش"، چونکە قورمیش وشەیەکی کوردی نییە، بڵێ؛ کورد دەوڵەتی خۆی ئاڤا بکات، دەوڵەتی خۆی ساز بکات، دەوڵەتی خۆی چێ بکات، دەوڵەتی خۆی هەبێت.
مامۆستا نەبەز گوتی: لاوەکە شۆک بوو، کەمێک وەستا و تەماشایەکی کردم و پاشان رۆیشت.
جەمال نەبەز و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ سازکردنی دەوڵەتی کوردی! دوو تەوەری یەکجار دژ بە یەکتر.
گەلۆ ئێستا دەبێ ئەو لاوەی نەوەتەکان لە کوێ بێت؟ بیرکردنەوەی سیاسی ئەو چۆن بێت و چەند گۆڕابێت؟ ئایا ئێستا ئەو لاوە سەبارەت بە هەبوون و نەبوونی دەوڵەتی کوردی دەبێت چ بێژێت، بە تایبەتی کاتێک گوێی لە قسەی ئەو سیاسەتکارانە
دەبێت کە دەوڵەتی کوردستانیان ناوێت؟
قسەکردن لە چارەنووسی کورد؛ واتە قسەکردن سەبارەت بە دانپێدانان، دادپەروەری و پاراستنی شکۆی مرۆڤ، ئەمە نەک بۆ کورد بەڵکو هەموو مرۆڤێکی سەر ئەم هەسارەیە دەگرێتەوە کە ئاشنای ئەم چارەنووسە تاڵە بێت. ئەمە چارەنووسێک نییە پیاوێکی سیاسی رێ بە خۆی بدات قسە لەسەر بڕیارە گرنگەکانی بکات. دۆخی هیچ سیاسییەک، کێ دەبێت با ببێت، ناتوانێ مافی دادپەروەریی و ناسنامە بکاتە قوربانی خۆی و ویستی خۆی.
هەموو کێشە و چارەنووسێک لەم جۆرەی کوردی تێدایە، بەر لەوەی کێشەی کورد خۆی بێت، کێشەی مرۆڤە هۆشیار و بەویژدانەکانە.
تۆ ئازادیت دەوڵەتت بۆ کورد نەوێت، بەڵام دەبێ رێگەچارەیەکت هەبێت بۆ پاراستنی مرۆڤی کورد، بۆ پەلامارنەدانی خۆی و زمان و کولتوورەکەی.
پرسیاری سەرەکیش ئەمە نییە؛ تۆ دەوڵەتت دەوێت یان نا؟ پرسیارەکە بە دیوی بەرانبەرەکەتدا ئەمەیانە؛ تۆ دەتوانی هەبیت یان نا؟ دەهێڵن بژیت و بمێنیتەوە بە ناسنامەی کوردستانیی خۆتەوە یان نا؟

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
