کێشە لە قەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان نییە، لە مەرجدارکردنی مافە دەستوورییەکەیە
لە هەموو گفتوگۆیەک لەسەر بودجەی فیدراڵی، زۆرترین سەرنج دەخرێتە سەر ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان چەند بێت و بە چ رێژەیەک لە ژمارەی دانیشتووان هەژمار بکرێت. بەڵام کێشەی سەرەکی لە ساڵانی رابردوودا تەنیا قەبارەی ئەو پشکە نەبووە، بەڵکو ئەو شێوازە بووە یاساکانی بودجە پشکی هەرێمی کوردستانیان بە کۆمەڵێک مەرج و پابەندیی دارایی و نەوتییەوە بەستووەتەوە.
دەستووری عێراق لە ماددەی 121، بڕگەی سێیەمدا، مافی هەرێمی کوردستان لە پشکێکی دادپەروەرانەی داهاتە فیدراڵییەکان دەناسێنێت، ئەو ماددەیە مافەکە بە جێبەجێکردنی هیچ مەرجێکەوە نابەستێتەوە. بەڵام لە کرداردا یاساکانی بودجە لە دەرەوەی دەقە دەستوورییەکەوە مەرجی نوێیان داناوە؛ وەکو رادەستکردنی بڕێکی دیاریکراوی نەوت، گواستنەوەی داهاتە نانەوتییەکان، پشکنینی هەژمارەکان و یەکلاکردنەوەی حیسابەکانی ساڵانی رابردوو.
ئەمە لەڕووی یاساییەوە جیاوازییەکی بنەڕەتی دروست دەکات، دەستوور مافێک دەناسێنێت، بەڵام یاسای بودجە هەمان ماف دەکات بە مافێکی مەرجدار، کاتێک جێبەجێکردنی یەکێک لەو مەرجانە ببێتە هۆی دواخستن یان وەستاندنی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، ئەوا مەرجەکە تەنیا وەکو رێوشوێنێکی کارگێڕی نامێنێت، بەڵکو دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرتەسککردنەوەی خودی مافە دەستوورییەکە.
بەڵام یاسای بودجە یاسایەکی ئاسایی و کاتییە، ئەرکی ئەو یاسایە رێکخستنی داهات و خەرجییەکانی دەوڵەتە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، نەک زیادکردنی مەرج بۆ مافێک دەستوور لە بنەڕەتدا بێ مەرج دایناوە، بۆیە گفتوگۆی راستەقینە نابێت تەنیا لەسەر زیادکردن یان کەمکردنەوەی رێژەی پشکی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر لابردنی ئەو دەقانە بێت ئەم مافە بە پابەندییەکانی دیکەوە دەبەستنەوە.
نابێت نەوت و بابەتە داراییەکان ببنە مەرجی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان
یەکێک لە گرنگترین ئەو مەرجانەی لە یاساکانی بودجەدا دووبارە کراوەتەوە، رادەستکردنی بڕێکی دیاریکراوی نەوتە، بەڵام دوای رێکخستنی بابەتی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆ، ئەو بیانووەی پێشتر بۆ دانانی ئەم مەرجە بەکاردەهات تا رادەیەکی زۆر نەماوە.
کاتێک بابەتی نەوت لە چوارچێوەی رێککەوتن و میکانیزمێکی دیاریکراودا رێکخراوە، پێویست ناکات هەمان بابەت جارێکی دیکە لە یاسای بودجەدا وەکو مەرجی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە. ئەگەر کێشەیەک لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتدا دروست بێت، دەبێت لەنێو هەمان چوارچێوەدا چارەسەر بکرێت، نەک بە وەستاندن یان دواخستنی مافێکی دەستووری.
هەمان بنەما بۆ داهاتە نانەوتییەکان، پشکنینی هەژمارەکان، قەرزەکان و یەکلاکردنەوەی حیسابە داراییەکانیش دروستە، ئەمانە هەموویان بابەتی یاسایی و کارگێڕیی جیاوازن و دەبێت بە یاسا، رێککەوتن، دامەزراوەی چاودێری یان دادگا رێکبخرێن، کۆکردنەوەی هەموویان لە ماددەیەکی بودجەدا و گۆڕینیان بۆ مەرجی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان، نە یاساییە و نە چارەسەرێکی بەردەوام دێنێتە پێش.
جیاکردنەوەی مافە دەستوورییەکە لەو پابەندییانە بە مانای رزگارکردنی هەرێمی کوردستان لە بەرپرسیارێتی نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هەردووکیان دەبێت پابەندی دەستوور، یاساکان و رێککەوتنەکانیان بن. بەڵام ناکرێت جێبەجێکردنی پابەندییەکی دیاریکراو بکرێتە پێشمەرجی دابینکردنی مافێکی دیکە لەکاتێکدا سەرچاوەکەی دەستوورە.
کاتێک هەموو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەخرێنە ناو یاسای بودجە، بودجە لە ئامرازێکی دارایی دەگۆڕێت بۆ مەیدانی ململانێی سیاسی، ئەنجامەکەش ئەوەیە هەمان ناکۆکی هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە و مووچە و خزمەتگوزارییەکانی خەڵک دەبنە قوربانیی ئەو ململانێیە.
چی لە دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان چاوەڕێ دەکرێ؟
دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان نابێت تەنیا بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە دەقی پێشنیارکراوی حکومەتی فیدراڵ بچێتە بەغدا، پێویستە خۆی دەقێکی یاسایی روون، ورد و جێبەجێکراو لەگەڵ خۆی ببات و لە سەرەتاوە بیخاتە بەردەم لایەنەکانی دیکە.
ئەم دەقە دەبێت بە هاوکاری پسپۆڕانی دەستوور، یاسادانان و دارایی ئامادە بکرێت، تەنیا دروستبوونی لەڕووی دەستوورییەوە بەس نییە، بەڵکو پێویستە بە شێوەیەک دابڕێژرێت هەلی پەسەندکردنی لەلایەن فراکسیۆنەکانی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش هەبێت. چونکە دانوستاندنی سەرکەوتوو تەنیا بە سووربوون لەسەر گەیشتن بە ماف ناکرێت؛ بەڵکو پێویستی بە دەقێک هەیە مافەکە بپارێزێت و لە هەمان کاتدا بتوانێت پشتیوانیی سیاسیی پێویست بەدەست بهێنێت.
دەتوانرێت، بۆ نموونە، دەقێک پێشنیار بکرێت پشکی هەرێمی کوردستان لە داهاتە فیدراڵییەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووان و بەگوێرەی ماددەی 121، بڕگەی سێیەمی دەستوور دیاری بکات و بە روونی بڵێت دابینکردنی ئەو پشکە بە هیچ مەرجێکی ناو یاسای بودجەوە نابەسترێتەوە، هەروەها دەتوانرێت لە بڕگەیەکی جیاوازدا روون بکرێتەوە پابەندییە هاوبەشەکان بەپێی دەستوور، یاساکان و رێککەوتنەکان جێبەجێ دەکرێن، بەڵام نابنە هۆی راگرتنی مافە دەستوورییەکان.
دەقە پێشنیارکراوەکە دەتوانرێت لە کاتی دانوستاندنەکاندا دەستکاری بکرێت، بەڵام بنەماکەی نابێت بگۆڕدرێت. بنەماکە ئەوەیە مافی هەرێمی کوردستان لە بودجە مافێکی دەستوورییە و نابێت بە جێبەجێکردنی بابەتێکی دیکەوە ببەسترێتەوە.
شاندێک کە تەنیا دەقی لایەنی دیکە رەت بکاتەوە، هەمیشە لە دۆخی بەرگریدا دەمێنێتەوە، بەڵام شاندێک دەقی خۆی پێشکێش بکات، دەتوانێت ئاراستەی گفتوگۆکە بگۆڕێت و لە شوێنی وەڵامدانەوە، ببێتە خاوەنی دەستپێشخەریی دانوستاندنەکان.
ئامانجیش نابێت تەنیا دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ یەک ساڵ بێت. ئامانجی گرنگتر دروستکردنی پێشینەیەکی یاساییە رێگە نەدات لە بودجەکانی داهاتوودا هەمان مەرجی پێشوو بە ناو و شێوەیەکی نوێ دووبارە بکرێنەوە.
یەکڕیزیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بناغەی سەرکەوتنە
بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەم مافە تەنیا لە ئەستۆی شاندی دانوستاندنکار نییە. قۆناخی گرنگتر لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەران دەستپێدەکات، لەوێ دەقی یاساکە لە لیژنەکاندا تاوتوێ دەکرێت و پاشان دەخرێتە بەردەم دەنگدان.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەبێت پێش چوونە ناو ئەو قۆناخە، لەسەر دەق و هەڵوێستێکی هاوبەش رێکبکەون. چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە حکومەتێک، پارتێک یان فراکسیۆنێکی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو مافی دەستووریی هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە.
یەکڕیزی پێویستە لەنێو لیژنەی دارایی و لیژنەی یاساییەوە دەستپێبکات، زۆربەی دەقە گرنگەکان لەوێ دادەڕێژرێن و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان پێش ئەوەی یاساکە بگاتە گفتوگۆی گشتیی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران، لەو قۆناخەدا دەکرێن، بۆیە نوێنەرانی کوردستان نابێ تەنیا لە کۆتایی پرۆسەکەدا ناڕەزایی دەرببڕن، بەڵکو لە سەرەتای دانوستاندن و یاساداناندا بە ئامادەیی و دەقی یاسایی یەکگرتوو بەشداری بکەن.
ئەگەر هەوڵەکان بۆ لابردنی مەرجەکان سەرنەکەون و زۆرینە لەسەر هێشتنەوەیان سووربن، رێگەی دروست بایکۆتکردنی دانیشتنەکە نییە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەبێت ئامادە بن، هۆکارە دەستووری و یاساییەکانی ناڕەزایی خۆیان بخەنەڕوو و بە شێوەیەکی یەکگرتوو دەنگ لە دژی بدەن.
بایکۆت هەڵوێستێکی سیاسییە، بەڵام دەنگی دژ لە تۆمارە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەمێنێتەوە، ئەو دەنگە دەبێتە بەڵگەیەک کە نوێنەرانی کوردستان پەسەندیان نەکردووە مافێکی دەستووری لە یاسای بودجەدا بە مەرج ببەسترێتەوە.
کێشە تەنیا بودجەی ئەم ساڵ نییە، کێشە ئەوەیە ئایا مافە دەستوورییەکان هەموو ساڵێک دەخرێنە بەردەم دانوستاندن و سازش، یان دەبنە بنەمایەکی جێگیر کە حکومەت و پەرلەمان پابەند بن بەبێ مەرج جێبەجێیان بکەن.
سەرکەوتنی شاندی دانوستاندنکار و فراکسیۆنە کوردستانییەکان تەنیا بە بڕی ئەو پارەیە ناپێورێت کە لەم بودجەیەدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت، سەرکەوتنی راستەقینە ئەوەیە کە بتوانن دەقێکی یاسایی جێگیر بکەن کە لە داهاتوودا رێگە لە مەرجدارکردنی ئەم مافە بگرێت.
مافە دەستوورییەکان داوا ناکرێن، بە مەرج نابەسترێنەوە و نابنە بابەتی سازشی ساڵانە، ئەو مافانە دەبێت وەکو دەستوور دیاری کردوون رێزیان لێبگیرێت و جێبەجێ بکرێن.

.jpg&w=3840&q=75)

