رۆژی پێنجشەممە، 27ی نیسان پشێوی لە ناوەندی شنگال دروستبوو، دوای ئەو پشێوییە وەك ئاگر بەربووبێتە پووشەڵان، هەواڵی هێرشكردنە سەر مزگەوتی (رەحمان) و سووتاندنی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەوە، گوایە ئێزدییەكان ئەو كارەیان كردووە، لێرەوە بەپێویستی دەزانم هەڵوەستەیەكی كورت لەسەر ئەو بابەتە بكەم.
بۆچی پشێوییەكە روویدا؟
رووداوەكە بەهۆی ئەوە بووە كە بە پاڵپشتیی هێزەكانی تەناهی شنگال، چەند خێزانێک وەك سەپاندنی بەزۆر هێندراونەتەوە شنگال، لەوكاتەدا یەكێك لە رزگاربووەكانی دەستی داعش بەناوی (بەدریە) تووشی شۆك دەبێت كە یەكێك لەوانەی بەزەبری هێزەكانی تەناهی گەڕێندراوەتەوە چەكدارێكی داعش بووە بە ناوی ( حاجی ئەیاد)، بەدریە برینە ساڕێژنەبووەكەی جارێكی دیكە دەكوڵێتەوە و هەواڵی لێدەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی خەڵك و دەرئەنجام خۆپێشاندانی لێدەكەوێتەوە، دیارە كە ناڕەزاییەتییەكەی كوردانی ئێزدیی شنگال دژی بەزۆر گەڕاندنەوەی چەكدارانی داعش بووە، بەڵام شوێنی ناڕەزاییەتییەكە گەیشتووەتە بەردەم مزگەوتی رەحمان و لەوێ كۆبوونەوەتەوە و چەند مێرمنداڵێك كە ژمارەیان كەمترە لە پەنجەكانی دەست، چەند بەردێك دەگرنە مزگەوتەكە، پێویستە لەو دیمەنە ووردبینەوە.
مزگەوت و پەرستگەكان هێڵی سوورن
هەر كەس و لایەنێك و بەهەر بیانوێک، هێرش و بێڕێزی بكات بە مزگەوت یان پەرستگەی هەر ئایینێکی دیكە ئەوە كارێكی ناشەرعی، نایاسایی، نامۆ بە كولتووری كوردەواری كردووە، پێویستە ئەوە روون بێت كە مزگەوت و پەرستگەكان ماڵی خوان، ئایینەكان جەخت لەسەر رێز و پاراستنیان دەكەنەوە، منیش وەك هەر كەسێكی دیكەی موسڵمان لەو هەرێمە هەر جۆرە بێڕێزییەك بەرامبەر مزگەوت رەتدەكەمەوە و دژی دەوەستمەوە، بەڵام ئیسلام و قورئان منیان فێركردووە (ولا یجرمنكم شنآن قوم على ألا تعدلوا إعدلوا)، لەو سۆنگەیەوە كە پێویستە ئینساف و دادگەربم بەپێویستی دەزانم چەند شتێك لێرە یاداشت بكەم.
كوردانی ئێزدی وەك نموونەیەكی بەرزی پێكەوەژیان
كوردانی ئێزدی مێژوویێكی دەوڵەمەندیان هەیە لە پێكەوەژیان و لێبووردەیی، ئەوان دوای 76 فەرمانی جینۆساید هێشتا هەر لێبوردەن، حەزیان لەكاری بەیەكەوەییە، هاوكاری خەڵكی لێقەوماو دەكەن، هەڵوێستە مرۆڤینییەكانیان شایەتی ئەوەن، كێ هەیە كچ و ژنەكانی بەكۆمەڵ كڕین و فرۆشتنیان پێوەەكرابێت بەناوی ئیسلام، بەڵام بەڕوونی بڵێن ئەوە ئیسلام لێی بەرپرس نییە!
بیربكەوە 20 ئافرەت لە خێزانەکەت بە بەرچاوی تۆوە دەستدرێژییان كرابێتەسەر و تۆش سەنگینی خۆت لەدەست نەدەیت و بڵێیت ئەوە گرووپێكی تیرۆریست لێی بەرپرسن نەك ئیسلام؟! ئەرێ ئەوە نموونەیەكی بەرزی سەنگینی و لێبوردەیی و پێكەوەژیان نییە؟
كوردانی ئێزدی هەمیشە رێزی زۆریان بۆ ئیسلام و موسڵمانان هەبووە، ئەوان نەك هەر رێز بگرە ماڵی میری ئێزدیان زەوی و موڵكی خۆیان بەخشیوەتە موسڵمانانی شێخان بۆ ئەوەی مزگەوتی لەسەر دروستبكەن، نەك هەر ئەوە بگرە خۆشیان هاوكاریی موسڵمانانیان كردووە لە بنیاتنانی مزگەوتەكە، ئەرێ چۆن ئەوانە وەك دژی مزگەوت وێنا دەكرێن؟
ئەگەر كوردانی ئێزدی شنگال هێرشیان كردبایەتە سەر مزگەوت، ئەوا چەندە گەڕاونەتەوە شنگال و مزگەوتەكەش هەر لەوێ بووە و هیچ جۆرە شتێكی برینداركەریشیان نەگوتووە لەسەری چ جای هێرشكردنە سەر؟!
گەڕاندنەوەی چەكداری داعش بەزۆر وەك فیتی حەرامزادە
پێویستە وردبینەوە لەو شێوازی مامەڵەیەی كە حكومەتی عێراقی فیدراڵ دەمێكە دەستی داوەتێ بەرامبەر بە دۆسیەی شنگال هەزار پرسیار دێنێتە پێشەوە، بێدەنگبوون لە ئاست تاوانێكی گەورەی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی، هێنانەوەی خانەوادەی چەكدارانی داعش بۆ سنووری جوگرافیی ئێزدییەكان و حیساب نەكردن بۆ هەستی ئەو هەموو ئێزدییانەی جینۆساید كران؟ دادگایی نەكردنی تۆمەتباران و بگرە بەردانیان و بە ئازادی سووڕانەوەیان وەك ئەوەی زۆر جار لە خەڵكی شنگال بیستوومە لە كۆڕ و كۆنفراسەكان قسەی لەسەر دەکەن جێی تێڕامانە؟ نوێترینی ئەو كارە ئیستیفزازییانەی حكومەتی فیدراڵ چاوساخی و پاڵپشتی هێزە تەناهییەكانی شنگالە بۆ هێنانەوەی بەزۆری خەڵكانێك كە چەكداری داعش بوونە و دەستیان سوورە بە خوێنی خوشك و برایانی ئێزدی، ئەرێ ئەوە نانەوەی فیتنە و ئاشووب نەبێ چییە؟
با سەرنجێكی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بدەین كە دەزگایەكی میدیایی وەك ئەوەی هەنگوینی لە شانە دۆزیبێتەوە هانی موسڵمانانی پێدەدات دژی كوردانی ئێزدی، ژمارەیەكی كەمی مێرمنداڵ لەناو جۆش و خرۆش و ئاپۆڕای تووڕەییان لەو رووداوانە بەبەر چاوی هێزێكی تەناهی بەرد دەگرنە مزگەوت و ئەوانیش دەستەوەستان ماون بەدیاریانەوە، ئەرێ ئاماژەیەكی زۆر روون نییە كە دەستێكی بەهێز لەپشتی ئەو رووداوانەیە و مەبەستیەتی ئارامیی شنگال تێكبدات؟
هاوكات بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و هەڵبەستراو لەسەر رووداوەكە بەوەی مزگەوتەكە سووتێندراوە لەلایەن كوردانی ئێزدی، لەكاتێك وەك ئەوەی رووداو وێنەی مزگەوتەكەی بڵاوكردەوە كە هیچ شتێك لە حەرەمی مزگەوتەكە نەكراوە خۆی لەخۆیدا ئاماژەی روونە بۆ ئەوەی هێزگەلێكی زاڵ لە شنگال دەیەوێ رەوشەكە تێكبدات و ئەوانەش ئامانجیان لێدانە لە هەوڵەكانی سوودانی و هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی چارەسەری كێشەكان و ترسیانە لە جێبەجێكردنی رێكکەوتنی شنگال؟ یان ئامانجی دیكەی شاراوەیان هەیە؟
چۆنیەتیی سەرەدەری لەگەڵ هەواڵێكی وا لە هەرێمی كوردستان و بێدەنگیی ناوەندەكانی سوننەمەزهەب لە ناوەڕاستی عێراق خاڵێكی دیكەی سەرنجڕاكێشە، كە خۆی چەقی بابەتەكە خەڵكێكی سوننە مەزهەبە كەچی ئەوان بێدەنگن!
نابێ ئەو رووداوەش نەبەستینەوە بە رووداوەكانی هێرشی چەند رۆژەی رابردوو بۆ سەر لویس ساكۆ، پاتریاكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، هەروەها رووداوی هێرشەكەی سەر گۆڕستانێكی هەولێر و سووتاندنی قورئانی پیرۆز كە دیارە ئامانجی سەرەكیی هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەیەتی لە پێكەوەژیان.
كاردانەوەی لایەنەكان
ئەوەی روونە ئەمجۆرە رووداوانە كاردانەوەی جیایان لێدەكەوێتەوە: مەڵبەندی نەینەوای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "چەند کەسێکی تووندڕەوی پێکهاتەی ئێزدی هێرشیان کردووەتەسەر مزگەوتی رەحمان لە شنگال بە بیانووی بێ مانا، ئێمە بە تووندی ئەم تاوانە ریسوا و شەرمەزار دەکەین."
لە راگەیێندراوێكدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەبارەی ئەو رووداوەدا هاتووە، "بە تووندی سەرکۆنەی بێڕێزی و دەستدرێژیکردنە سەر مزگەوت و ھەر ناوەندێکی دیکەی ئایینی" دەکات و دەشڵێت، "پێشمان وایە ئەم کارە ناڕەوایە دوورە لە ئاداب و نەریتی خوڕەوشتی رەسەنی ئایینی و کوردەواری و ھەوڵێکی پلان داڕێژراوە بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە ناوچەکەدا، بۆیە ھەموو ئەو لایەنانەی لێناگەڕێن دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و بەرپرسی یەکەمی رووداوەکەن و کە بەردەوام رۆڵیان لە ئاژەوەگێڕیی دەڤەرەکەدا ھەیە."
یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، لەلایەن چەند کەسێکی "دانیشتووی شنگال هێرش کرایە سەر مزگەوتی (الرحمن) و کاردانەوەی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا." دەشڵێت، "مزگەوت شوێنی خواپەرستیی موسڵمانانە و هیچ کەس و دەستێک بۆی نییە لەژێر هەر پاساو و ناوێک بێت سووکایەتیی پێ بکات."
هاوكات چەند كەسایەتییەكی ئیسلامی لەناویاندا مامۆستایانی ئایینی، رێبەری رەوتێكی ئیسلامی، بانگخواز، ..هتد بە تووندی هاتنە سەر هێڵ و هێرشی زۆریان كردە سەر كوردانی ئێزدی، لەوانە: مامۆستایەكی ئایینی لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیوویەتی: "خوای گەورە حەقیقەتی دوژمنایەتیی شەیتان پەرستانی دەرخست، بزن ئەجەلی هات و بۆیە نانی شوانی خوارد".
رێبەری رەوتێكی دیاری ئیسلامی نووسیویەتی: "بێڕێزیكردنی شەیتان پەرستان بەرامبەر مزگەوت و خوا پەرستان تەنیا بچووكی و بێڕێزی و ترسنۆكیی خۆیان و مەزنێتی و گەورەیی و بەهێزبوونی زیاتر دایە و ناحەزانیشی لە لاوازبوونی زیاتر دایە".
بانگخوازێكی دیاری ئیسلامیش نووسیویەتی: "لەو رۆژەی یەزیدییەکانی شنگال ئاوارەبوون ئەگەر ئێمە فریایان نەکەوتینایە نان نەبوو بیخۆن.. تەنانەت یەزیدییەکانی شاریا پارچە نانێکیان بۆ نەهێنان، کەچی خێرخوازان لەڕێی ئێمە بۆ 10 رۆژ سێ ژەم خواردنمان بۆ حازرکردن.. کەچی بە پاڵپشتیی حەشدی شەعبی و چەکداران مزگەوت و قورئانیان سووتاند".
هەر وەك كاردانەوە بەشێكی موسڵمانان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاشتاگی (#ٲعوذ_بالله_من_الشیطان_الرجیم و #مزگەوت_هێڵی_سورە)یان راگەیاندووە.
بۆ من زۆر جێگەی سەرنجە:
لەكاتێكدا هەڵوێستەكەی وەزارەتی ئەوقاف بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخێکی هەستیار دەكات و میری ئێزدییەكانیش وەك لێڤەگەری باڵای كوردانی ئێزدی دژایەتی خۆی بۆ ئەو كارە دووپات دەكاتەوە، بۆ من جێگای سەرنجە بۆچی خەڵكانێك لە كوردستان ئەوەندە رقیان لە كوردانی ئێزدییە كە یەك هەواڵی فەیك بەسە بۆ ئەوەی ناخی رەشیان بەدەر بخەن، تاڤگەی رقیان خوڕەی بێت و تەڕ و وشك بەیەكەوە بسووتێنن؟
باشە گوناهی هەموو ئێزدییەکان چییە ئەگەر چەند مێردمنداڵێک هێرشیان كردبێتە سەر مزگەوتێك بۆ دەبێ لەسەر هەموو ئێزدی ئەژمار بكرێت؟
بۆچی ئەو هەڵوێستەی فەرمیی لێڤەگەری ئێزدی، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان نابینن، ئەو دەڵێت، کاتێک داعش هێرشی سەر شنگال، موسڵمانان دەرگەی مزگەوتەکانیان بۆ کردوونەتەوە و کەمتەرخەمییان نەکردووە. جەخت دەکاتەوە: "ئەوە لە ئەخلاقی ئێزدییەکان و میری ئێزدییدا نییە مزگەوت بسووتێنین و هێرشی بکەنەسەر. فەرماندەی فیرقەی شنگالیش جەختیکردووەتەوە کە هیچ مزگەوتێک نەسووتێندراوە."
ئایینی پیرۆزی ئیسلام كە ئایینی داگەری و ئینسافە، ئەوەی رەتكردووەتەوە كەسێك سزا بدرێت لەسەر تاوانی خەڵكی دیكە، لەوبارەوە خوای گەورە دەفەرمووێت: (ولا تزر وازرە وزر أخری)، كەواتە ئەو هێرش و رقباراندنە بەسەر كۆی گشتیی كوردانی ئێزدی بەهۆی تاوانی چەند مێرمنداڵێك پێچەوانی ئیسلام و قورئانی پیرۆزە.
بەڕاستی شەرم دامدەگرێت خەڵكانێك بەناو و نازناوی گەورەوە ئەوەندە قین لەدڵ بن و بەدوای كەمترین هەڵەدا بگەڕێن بۆ ئەوەی رقیان هەڵڕێژنە سەر كۆمیونیتییەك كە گەورەترین مەرجەعی ئایینی و سیاسی و كارگێڕییان و ناوەندەكانیان وەك بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لالش و كەسایەتییەكانیان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری ئێزدی خۆیان بێبەری كردووە لەو كارەی چەند مێرمنداڵێك و جەخت لەسەر رێزی مزگەوت بكەنەوە لەلایان؟!
باشە ئەگەر ئێوە ئەوەندە خەمخۆری ئیسلامن خۆ خوا زۆر بەڕوونی باسی پیرۆزیی ژیانی مرۆڤی كردووە، (من قتل نفسا بغير نفس أو فساد في الأرض فكأنما قتل الناس جميعا)، واتە: كەسێك بەبێ تاوان كەسێكی دیكەی كوشتبێت وەك ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتی لەناو بردبێت. یان پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی كوشتنی كەسێك لەلای خوا زۆر قورسترە لە رووخانی كەعبە، باشە قەت بیر لەوە ناكەنەوە ئەگەر بەهۆی ئەو نمایشەی ئێوە خوێنی كەسێكی ئێزدی بێ تاوان رژا چۆن وەڵامی خوا دەدەنەوە؟ ئەرێ بەڕاست ئێوە لەو كاتەی داعش بەناوی خوا و پێغەمبەر و ئیسلام ئەو هەموو كوشت و بڕەی كرد و زۆر هەوڵمدا بەبۆنەی تێپەڕینی ساڵێك بەسەر كارەساتی شنگال لە گوتاری هەینی پرۆتستۆی ئەو كارە بكەن، بۆچی زۆربەتان ئامادە نەبوون ئەوە بكەن؟!
چەند كەس لە ئێوە رێپێوانی كرد دژی بەسەبایابردنی كچ و خوشكانی ئێزدیمان؟!
هەڵبەت ئەوە كەمكردنەوە نییە لە هەڵوێستی زۆرینەی موسڵمانانی كوردستان لەو رووداوە و هاوكارییان بۆ كوردانی ئێزدی، بەڵام ئەو جۆرە كەسانە خەمی هەرە گەورەیان خۆنمایشكردنە بەوەی بەرگریی لە ئایینی خوا دەكەن و زۆر جاریش تەنیا وەك بزنسێك ئەوە بەكار دەهێنن بۆ خۆیان!



