هەفتەیەک بۆ کۆنفرانسێکی تۆڕی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەوروپی - ئینێکس سەردانی سۆفیای پایتەختی بوولگاریامان کرد، پێش ئەوەی بچینە بوولگاریا، پێموابوو یەکێکە لە وڵاتە دواکەوتووەکانی ئەوروپا و زۆر دڵخۆش نەبووم. چونکە ئەوەندەی لەسەر وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بیستبووم، ئەو وڵاتانە نموونەی هەرە خراپی حوکمڕانی ئەوروپایە و لە پرسی دیموکراسی و مافی مرۆڤیش لە دواوەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپای رۆژئاوان، بەڵام لە راستیدا وێنە گەورەکە شتێکی جیاوازبوو، ئەوەی من بینیم و تێبینیم کرد، لەو ماوە کورتەی سەردانی هەردوو شاری سۆفیا و پلۆڤدیڤمان کرد، بوولگاریا ئەو دۆزەخەی ئەوروپا نەبوو، کە باس دەکرا، بەڵکو لە زۆر رووەوە نموونەیەکی سەرکەتووبوو. ئەو هەموو سەرکەوتن و چیرۆکە سەرنجڕاکێشەی بوولگاریا بەپێی قسەی ئاتاناس پێكانۆڤ، جێگری سەرۆكوەزیرانی بوولگاریا لە ماوەی ١٥ ساڵ دا بەدیهاتوون، ئەوان لەو ماوەیەدا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لەڕووی کولتوورەوە تێکەڵ بوونە و سوودیان لە ئەزموونی سەرکەوتنی ئەوان وەرگرتووە.
هەرچەندە بوولگاریا ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆیە، بەڵام ئەندامی شنگن نییە، بەوهۆیەشەوە نەیتوانیوە بچێتە نێو یۆرۆزۆن، بەڵام پارەی لیڤی بوولگاری پارەیەکی بەهێزە، بەهێزی پارەکەیان وایکردووە، هەرچەندە داهاتی تاکەکەس کەمە، بەڵام بەراورد بە وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا نرخی گواستنەوەو کاڵاش کەمترە، ئێستا ئەوان دەیانەوێت ببنە ئەندامی شنگن و پارەکەیان ببێتە یۆرۆ، ئەگەر ئەوە رووبدات ئەو وڵاتە قۆناخێکی دیکەش دەچێتە پێش و بەتەواوی دەبووژێتەوە.
چۆن بوولگاریا بووەتە چیرۆکێکی سەرکەوتووی ئەوروپای رۆژهەڵات؟ بێگومان ئەوە بە هاوکاری کۆمیسیۆنی ئەوروپا دروستبووە، چونکە ئەوان هەموو رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا جێبەجێ دەکەن بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی شنگن و بچنە نێو یۆرۆزۆنەوە، وەک ئاتاناس پێکانۆڤ لە کۆنفرانسی تۆڕی هەواڵی ئینێکس دا باسی کرد، چوونە نێو یۆرۆزۆن، بوولگاریا دەباتە قۆناخێکی دیکەو لە قازانجی خۆیان و وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش دەبێت. حکومەتی بوولگاریا نیگەرانە کە تائێستا نەیتوانیووە بچێتە نێو یۆرۆزۆنەوە. جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە پێیوابوو، یەکێتی ئەوروپا نابەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ کردوون، بۆیەش کە دەچنە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا بە چاوێکی کەمتر سەیریان دەکەن.
لەگەڵ ئەوەش دا یەکێتی ئەوروپا لەڕووی داراییەوە زۆر هاوکاری بوولگاریا بووە، بەتایبەت لەکاتی قەیرانەکاندا، کە درێژترین قەیرانی ئابوورییان ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بووە. لە ماوەی سێ ساڵی رابردووش دا بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی جیهانی گرتووەتەوە یەکێتی ئەوروپا زۆر هاوکاری بوولگاریای کردووە، ئەوەش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی مانەوەی ئەو وڵاتە بە بەهێزییەوە.
لە قەیرانی کۆرۆنادا بوولگاریا بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کەمترین زیانی بەرکەوتووە، لە رێگەی نێتوۆرکێکەوە کە حکومەت سەرپەرشتی دەکرد، بەرەنگاری کۆڕۆنا بوونەوەو نە حکومەت و نە ئۆپۆزیسیۆنیش رێگەیان نەدا کەرتی وەبەرهێنان بوەستێت.
ئێستا حکومەتی بوولگاریا دەیەوێت هەموو شتێک بکاتە دیجیتاڵ، لەوەشدا سەرکەوتووبووە، هەروەها کار لەسەر بەرەوپێشبردن و چاکسازی لە دادگەکان دەکات، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە رۆتین لە دادگەکان و کێشە یاساییەکان نەهێڵن، کە پێشتر گلەیی زۆریان لەسەر ئەوە لێدەکرا، کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ ئەو هەنگاوانە هاوکاری و رێنمایی دەداتە حکومەتی بوولگاریا.
یەکێک لە چیرۆکەکانی سەرکەوتنی بوولگاریا رێکخستنی کەرتی گواستنەوەی گشتییە، هەبوونی سیستمێکی باشی گواستنەوەی گشتی وایکردووە، هاتووچۆکردن لەنێوخۆی شارەکان و دەرەوەی شارەکان و بۆ وڵاتانی دیکەش ئاسان بێت، هەروەها خزمەتێکی باشی کەرتی گەشتیاری ئەو وڵاتەش بکات، ساڵانە سەتان هەزار گەشتیار لە وڵاتانی دیکەوە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، چونکە بایەخێکی زۆریان بە کەرتی گەشتیاری داوەو هەموو شتێکیان بۆ گەشتیاران فەراهەم کردووە، بۆیەش سێ ساڵ شاری پلۆڤدیڤی بوولگاریا بووەتە پایتەختی گەشتیاری ئەوروپا و دوایین جاریش ساڵی ٢٠٢٢ بووە. ئەوەی بۆ گەشتیارێک لەو وڵاتە سەرنجڕاکێش بێت، هەبوونی شوێنی کولتووری و مێژوویی و مامەڵەی جوانی خەڵکی ئەو وڵاتەیە لەگەڵ گەشتیاران، کە هەست ناکەیت خەڵکی بوولگاریا نیت.
بوولگاریا پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کەمترین کاریگەری لەسەر هەبووە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن ئەوان زوو درکیان بە هەڕەشەکانی رووسیا کردووەو پشتیان بە گازی رووسیا نەبەستووە، بۆیەش هیچ قەیرانێکی سووتەمەنی لە بوولگاریا نییە، ئەوەش وایکردووە ئابوورییەکەیان زیانی بەرنەکەوێت و کەمترین کاریگەری ئەو قەیرانەیان لەسەربێت، جیا لەوەش پیشەسازی نێوخۆیی بوولگاریا پێشکەوتووەو لە زۆربەی بوارەکان دا پشت بەخۆیان دەبەستن.
ئەوەی لەهەمووشی سەرنجڕاکێشتر بەرەوپێشچوونە لە ئازادی راگەیاندن و کردنەوەی فەزایەکی فراوانە بۆ میدیا، بۆیەش یەکێک لە باشترین کەناڵە میدیاییەکانی ئەو وڵاتە کەناڵی بی تیڤییە، کە کەناڵێکی سەربەخۆیەو لەسەر کەرتی تایبەتە، بی تیڤی کەناڵی دڵخوازی زۆربەی بوولگارییەکانەو کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە هەیە.



