تەلەڤیزیۆن، وەکو بەهێزترین ئامرازی راگەیاندن لە ئەوپەڕی هێزیدا بوو، هەر بەهێزیی تەلەڤیزیۆنیش وایکرد کە رادیۆ پاشەکشێی گەورە بکات و رۆژنامە و گۆڤاریش لە چوارچێوەی خۆیاندا قەتیس ببن.
بەڵام دوای فراوانبوونی تەکنەلۆجیای میدیایی و دیجیتاڵ میدیا بەگشتی، گورزێکی گەورە بەر تەلەڤیزیۆن کەوت، گورزێک کە بەشێکی لە هەناوی خۆیەوە دێتە دەرەوە و بەشێکی دیکەشی جیاواز و سەربەخۆن لە تەلەڤیزیۆن.
لەسەر ئاستی جیهان پسپۆڕانی بواری میدیا و تایبەت تەلەڤیزیۆن لە مشتومڕێکی بەردەوامدان لەسەر ئایندەی تەلەڤیزیۆن و ئەو دەرفەتانەی کە دەکرێت وەکو دەرفەتی مانەوە بۆ تەلەڤیزیۆن سەیربکرێت، لە بەرامبەردا لایەنگرانی تەکنەلۆجیای ژمارەیی دیجیتاڵ میدیا، دەرفەتەکانی بەردەم تەلەڤیزیۆن بە دەرفەتی کەم تەمەن تەماشا دەکەن!
لەم نێوەندەدا مۆدێلێکی دیکە پەیدا بووە، ئەوانیش کارەکتەرەکانی دروستکردنی ناوەڕۆکن، یان پەبڵیک فیگەرەکان لە هەموو بوارەکاندا، ئەم کەسایەتییانە ئینتەرنێت و دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیایان کردووە بە ئامراز بۆ خۆیان تاوەکو لە رێگەیەوە پەیامە تایبەت و گشتییەکانیان بگەیێنن بە خەڵک، بەڵام خەڵکێکی فراوان و سنوور بڕ، ئەمەش لە رێگەی تایبەتمەندییە فراوان و ئاسان و خێراکانی دیجیتاڵ و سۆشیالمیدیاوە بەدەستیان هێناوە.
ئەم نۆرمە نوێیەی میدیا، خۆیان بە ئایندەی میدیا دەزانن و هێزی خۆیان لە ژمارەی بینەر و وەرگرەکانیاندا دەبیننەوە، کە هەندێک جار کاریگەرییان لە چەند ئامرازێکی دیکەی میدیایی گەورەتر و فراوانترە، بە هەندێک تەلەڤیزیۆنیشەوە!
ئاڵنگارییەکانی بەردەم تەلەڤیزیۆن
تەلەڤیزیۆن ئاوێتە بووە لەگەڵ دیجیتاڵ و سۆشیالمیدیادا، ئەم ئاوێتەبوونە بە جۆرێکە کە سەرجەم کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان چەناڵ و پێگە و ماڵێکیان بۆ خۆیان بنیادناوە لەناو سۆشیالمیدیادا، هۆکارەکەشی فراوانتربوونی کاریگەرییەکانیانە تاوەکو زۆرترین خەڵک بە پەیامەکانیان ئاشنا ببن.
لە دوا توێژینەوەی زانستیدا کە لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆڕی جیهانی بواری میدیا ئەنجامدراوە و لە کۆنفرانسی میدیای دیجیتاڵی لە دوبەی پێشکێش کرا و پێگەی فەیسبووک و یوتیوب و ئینستاگرام و تیکتۆک وەکو نموونە وەرگیرابوون، دەرکەوتووە کە 60%ی گرتە ڤیدیۆییەکانی ناو چەناڵەکانی دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیا هەمان ئەو گرتە ڤیدیۆییانەن کە لە تەلەڤیزیۆنەکان وەردەگیرێن یان وەرگیراون و پەخشکراونەتەوە، لە بەرامبەردا 40%ی گرتەکانی دیکە لەلایەن کەس و لایەن و کۆمپانیا و دامەزراوەکانەوە دروستکراون و بڵاوکراونەتەوە.
گرفت ئەوەیە کە رێژەی تەلەڤیزیۆن لە دابەزیندایە و ئەوانی دیکە لە بەرزبوونەوەدان!
چارەسەر
ئەوەی تەلەڤیزیۆن بە بەهێزی دەهێڵێتەوە لە گۆڕەپانەکەدا بریتییە لە (ناوەڕۆک)!
لە 10 ساڵی ئایندەدا تاکە رەگەز کە تەلەڤیزیۆن بە بەهێزی و کاریگەری دەهێڵێتەوە بریتی دەبێت لە ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی کە لە تەلەڤیزیۆنەکانەوە پەخش دەکرێن، ئەم گریمانەیەش رەنگە بەرز و نزمیی تێبکەوێت، بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ناوەڕۆکی باش بینەری باش بۆ خۆی رادەکێشێت، ئەم هەلەش لەبەردەم تەلەڤیزیۆندا هەلێکی گەورەیە بۆ مانەوە، چونکە هەمیشە تەلەڤیزیۆن دامەزراوەیە و کەناڵەکانی بەدەستهێنانی زانیاری فراوانن و دەتوانێت ناوەڕۆکی باش بە باشی ئامادە بکات بەپێی ئەو زانیاری و داتایانەی بەدەستی دەهێنێت یان بەدەستی دەگات.
لە بەرامبەردا دروستکەرانی ناوەڕۆک ئێستا بەگشتی ئەو توانایەی دامەزراوەیەکی وەکو تەلەڤیزیۆنیان نییە، بۆیە کاریگەرییەکانیان ئێستا لە بوارێکدا چڕ بووەتەوە و ناپەرژێنە سەر بوارە هەمەجۆرەکان وەکو تەلەڤیزیۆن.
گرەوی مانەوەی تەلەڤیزیۆن 10 ساڵی بۆ دانراوە و رزگارکەری تەلەڤیزیۆنیش لە پەراوێزخستن تەنها ناوەڕۆکەکەیەتی کە چی پێشکێش دەکات بە خەڵک.
بواری دروستکەرانی ناوەڕۆک و دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیاش رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشان و گەورەبووندان و هەندێک کەسایەتیی ناسراو پەیدابوون کە بە ئەندازەی تەلەڤیزیۆنێک کارمەند و میدیاکاریان بەدەورەوەیە بۆئەوەی باشترین ناوەڕۆک پێشکێش بکەن و ئامادەی بکەن بۆ دیجیتاڵ میدیا و سۆشیال میدیا.
تاوەکو 10 ساڵی ئایندەش تەلەڤیزیۆنە زەبەلاحەکانی لێدەرچێت، ئەوانی دیکە توانای دارایی زۆر ناخەنە خزمەتی تەلەڤیزیۆنەوە، بەڵکو پەل دەکێشن بۆ دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیا بە هەمان ناوەڕۆک و کاریگەرییەوە، بەڵام بە تێچوویەکی کەمتر و داهاتێکی زیاتر.
کۆکبوون ئەوەیە کە تەلەڤیزیۆن 10 ساڵی لەبەردەمدا ماوە بۆ مانەوە، لەو ماوەیەدا یان زۆر خۆی قایمتر دەکات و دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیا دەخاتە خزمەتی خۆیەوە، یان چۆک دەدات و ئەویش دەبێت بە بەشێک لە فەزای دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیا و کۆتایی پێدێت.



.jpg&w=3840&q=75)