هەفتەیەک بەسەر بانگەوازەکەى شێخى ئەزهەر بۆ دیالۆگى ئیسلامى - ئیسلامى لەدیدارى بەحرێن تێپەڕی، لەوێ کە دیدارەکە بۆ دیالۆگى نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا تەرخان کرابوو، د. ئەحمەد تەیب، شێخى ئەزهەر گوتارەکەى قۆستەوە بۆ ئەوەى لە ناونیشانی سەرەکیی دیدارەکە دەربچێت و بانگەواز بکات بۆ دیالۆگى ئیسلامى - ئیسلامى.
شێخى ئەزهەر لەو بانگەوازەیدا گوتى: بانگى هەموو زانایانى ئایینى ئیسلامى دەکەم لەسەرتاسەرى جیهان، بە مەزهەب و تایفە و قوتابخانە جیاوازەکانیانەوە، پەلە بکەن بۆ بەستنى دیالۆگى ئیسلامى - ئیسلامى، لەپێناو جێگیرکردنى یەکڕیزى و نزیکبوونەوە و یەکترناسین، لەوێدا هۆکارەکانى پارچە پارچەیى و فیتنە و ناکۆکى تایفى وەلاوە بنرێن.
شێخى ئەزهەر بانگەوازەکەى وردتر کردەوە و رووى لە زانایانى شیعە مەزهەب کرد و گوتی، "لەکاتێکدا ئەو بانگەوازە ئاراستەى برایانى موسڵمانى شیعە دەکەم، ئامادەیى تەواوى خۆم و گەورە زانایانى ئەزهەر و ئەنجوومەنى حەکیمەکانى موسڵمانان رادەگەیێنم، بۆ سازکردنى ئەو کۆبوونەوەیە بە دڵ و دەستى کراوە لەسەر یەک خوان."
ئەو گەورە مەرجەعەى جیهانى ئیسلامى سوننە تەنیا بەوە نەوەستا بانگەواز بکات، بەڵکو بەدیاریکراوى وەک ئامرازى سەرخستنى بانگەوازەکەش بە پێویستى زانى ئامانجى کۆبوونەوەکە بریتى بێت لە: تێپەڕاندنى لاپەڕەکانى رابردوو، بەهێزکردنى کاروبارى ئیسلامى و یەکڕیزى هەڵوێستە ئیسلامییەکان. بۆ ئەوەش پێشنیازیکرد لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار بدرێت بە: وەستاندنى گوتارى رقەبەرى نێوان هەردوولا، ئامرازەکانى ئیستیفزاز و تەکفیرکردنى یەکتر، تێپەڕاندنى ململانێى مێژوویى و سەردەم بەهەموو شێوە و لێکەوتە خراپەکانیانەوە.
هاوکات شێخى ئەزهەر لەو بانگەوازەیدا بە پێویستى زانى: گوێگرتن بۆ بانگەوازى دووبەرەکى و پارچەپارچە بوون حەرام بکرێت، ئاگادار بن لە نەکەوتنە ناو هاوبەشیى تێکدانى ئارامى نیشتمانەکان، خراپ بەکارهێنانى ئایین لە خۆشکردنى ئاگرى دووبەرەکى نەتەوەیى و مەزهەبى و دەستوەردان لە کاروبارى نێوخۆیى وڵاتان و لێدانى سەروەرییان و داگیرکردنى خاکیان.
کاردانەوەکان لاوازن
دواى تێپەڕبوونى هەفتەیەک بەسەر بانگەوازەکەى شێخى ئەزهەر و تاوەکو ئەم ساتەى گوتارەکەم دەنووسم، هیچ ناوەندێکى گرنگى ئیسلامى و سوننە و شیعە پێشوازییان لەو بانگەوازە نەکردووە، بە گەڕانەوە بۆ پێگەکانى فەرمیى ئەلیکترۆنى ئایەتوڵڵا عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق، هەردوو دیوانى وەقفەکانى سوننە و شیعە لە عێراق، کۆڕبەندى فیقهى عێراقى کە وەک مەرجەعیەتێکى سوننەکانى عێراق تەماشا دەکرێن، لە ئێرانیش ئایەتوڵڵا عەلى خامنەیى، رێبەرى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران؛ بۆمان دەردەکەوێت هەموو ئەو ناوەند و مەرجەعە گرنگانە تائێستا هیچیان لەسەر بانگەوازەکەى شێخى ئەزهەر (بە ئەرێ و نەرێ) نەگوتووە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
کۆڕبەندى جیهانى بۆ نزیککردنەوەى مەزهەبە ئیسلامییەکان لە ئێران، تاکە دامەزراوەیە لە هەردوو وڵاتى عێراق و ئێران کە رێبەرایەتى شیعە مەزهەبەکانى جیهان دەکەن، پێشوازیى لەو بانگەوازە کردووە، د. حەمید شەهریارى، ئەمیندارى گشتیی کۆڕبەندى نزیککردنەوەى نێوان مەزهەبە ئیسلامییەکان، پاڵپشتیى خۆى بۆ دەستپێشخەرییەکەى شێخى ئەزهەر راگەیاند، لە پێگەى فەرمیى کۆڕبەندەکەیدا نامەیەکى ئاراستەى شێخى ئەزهەر کردووە، لە بەشێکى ئەو نامەیەدا نووسیویەتى: ئامادەیی ئێوە بۆ لەخۆگرتنى ئەو دیالۆگە بە زانا و حەکیمەکانتان، بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەو بانگەوازەتان جیدییە، دەتانەوێ بگاتە ئامانجەکانى بە دڵسۆزى و راستگۆیى مەبەست و نزیکبوونەوەتان لە خودا، ئێمە لە کۆڕبەندى جیهانى بۆ نزیککردنەوەى نێوان مەزهەبە ئیسلامییەکان بەردەوام پاڵپشتى خۆمان راگەیاندووە بۆ بانگەوازە شارستانییەکانتان، کە سەرمەشق بوون لەو بانگەوازە بۆ نزیککردنەوەى دڵەکان لە یەکدی و تێپەڕاندنى فاکتەرەکانى دابەشکارى نەتەوەیى و تایفەگەرى و پێشخستنى بەرژەوەندییەکانى ئومەت لەسەر بەرژەوەندییە کەسییە تەسکەکان. ئەمڕۆش رایدەگەیێنین هاوئاهەنگیتانین لەو بانگەوازە و هەموو توانامان بۆ سەرخستنى پرۆژەکەتان دەخەینە گەڕ.
بێدەنگى گەورە مەرجەع و دامەزراوەکانى عێراق و ئێران لە بەرامبەر ئەو داوایەى شێخى ئەزهەر دواى تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر بانگەوازەکەدا، ئاماژەیەکى دیکەى نەرێنییە بۆ ئەحمەد تەیب، ئەو دواى سەردانەکەى پاپاى ڤاتیکان بۆ عێراق، بڕیاربوو سەردانى ئەو وڵاتە بکات، سوننە و کوردیش ئامادەیى باشیان بۆ سەردانەکەى کردبوو، بەڵام هیچ ئاماژەیەکى دڵخۆشکەرى لە عێراق پێنەگەیشت، بەتایبەتتر لەلایەن شیعە مەزهەبەکانەوە، لەبەر ئەوەش سەردانەکەى نەکرد، ئەمەش شکستبوو بۆ ئەو دامەزراوەیەى هەمیشە دەیەوێ وەک مەرجەعى سوننەکانى جیهان رۆڵ ببینێت، ئێستاش کاتێک بانگەواز دەکات و مەرجەعە باڵاکان وەڵامى نادەنەوە، جێگاى نیگەرانى ئەو دامەزراوەیەیە، ئاماژەیەکى دیکەیە بۆ شکستى ئەزهەر، بەتایبەتتر من تێناگەم بۆچى سوننەکانى عێراقیش هیچ کاردانەوەیەکى ئەرێنییان نەبووە.
سەبارەت بە هەرێمى کوردستانیش کە زۆرینەى موسڵمانەکانى سوننە مەزهەبن، پەیوەندییەکى تووندوتۆڵیشیان لەگەڵ ئەزهەر هەیە، تائێستا هیچ یەکێک لە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى و یەکێـتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان بەهیچ شێوەیەک باسیان لەو دەستپێشخەرییەى شێخى ئەزهەر نەکردووە، لە کاتێکدا پێویستبوو نەک هەر پاڵپشتى دەرببڕن، بەڵکو دەبووایە ئامادەیى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت بۆ لەخۆگرتنى ئەو کۆبوونەوەیە نیشان بدەن، بەمەش پەیامێکی دیکەى خواستى کوردستانیان بۆ پێکەوەژیان و ئاشتى دەدایە هەردوو جیهانى سوننە و شیعە کە زۆربەى جار دەسەڵاتدارەکانیان بوونەتە سەرئێشە و هەڕەشە بۆ سەر کوردستان، هاوکات کوردستانى گەورەش لەنێوانیاندا دابەشکراوە.
پاشخانى مێژوویى
لە راستیدا ئەحمەد تەیب یەکەم کەس نییە لە مێژوودا هەوڵى نزیککردنەوەى سوننە و شیعەی دابێت، بەڵکو ئەو پرسە رەهەندى مێژوویى هەیە. جەمالەدینى ئەفغانى (1838 - 1897)، زانای ریفۆرمخوازى سوننە بە یەکێک لە سەرمەشقەکانى دیالۆگى سوننە - شیعە دادەندرێت، ئەفغانى وەک چاکسازێک لە جیهانى ئیسلامیدا دەرکەوت و بانگەشەى گەڕانەوەی دەکرد بۆ قورئان. جیاوازى و دووبەرەکى نێوان سوننە و شیعەشى بە نەخۆشییەکى کوشندەى نێو موسڵمانان هەژمار دەکرد، لەبەر ئەوەشە بانگەوازى بۆ (زانکۆى ئیسلامى) دەکرد وەک فۆڕمێکى کۆکردنەوەى موسڵمانان بە دەنگ و رەنگە جیاوازەکانیان.
ئەو بانگەشەى نزیککردنەوەى سوننە و شیعە لە یەکتر لەلایەن بەشێک لە زانایانى شیعەوە بۆ وڵاتى میسر و سەردانى سەلیم ئەلبشرى شێخى ئەزهەرى ئەو کات زیاتر چەکەرەى کرد، کاتێک ئەو زانایانە بەتایبەت عەبدولحوسێن شەرەفەدین دەستپێشخەرى دیالۆگیان بۆ ئەزهەر کرد و گەنگەشەى چەند پرسێکى پەیوەست بە جیاوازى نێوان هەردوو مەزهەبەکەیان کرد، دواتر سەردانى هەر یەک لە سەید محەممەد حوسێن ئالکاشف غیتا لەساڵى 1911، شێخ عەبدولکەریم زنجانى لە ساڵى 1936 و گفتوگۆى لەگەڵ مستەفا مەراغى، شێخى ئەزهەرى ئەوکات لەبارەى باشکردنى پەیوەندییەکانى نێوان موسڵمانان، لەگەڵ رۆڵى شێخ محەممەد جەواد موغنیە، مورتەزا عەسکەرى، محەممەد واعیز زادە، چەندین زاناى دیکەش کە رۆڵیان بینیى لە بەرەوپێشبردنى نزیککردنەوەکە.
کۆنگرەى قودس کە ساڵى 1931 زیاتر لە 150 کەسایەتى زاناى 20 وڵاتى ئیسلامیدا کۆکردەوە، بە ئامانجى نزیککردنەوەى موسڵمانان لە یەکدی، بەڵام بابەتى رووبەڕووبوونەوەى زایۆنیزم باڵى بەسەر کۆنگرەکە کێشا و سەرەنجام هەوڵى لێکنزیککردنەوەکە شکستیهێنا.
سەردان و گفتوگۆکان بۆ ئەو پرۆسەیە بەردەوامبوون و بیرۆکەکە لە گەشەکردندا بوو، ساڵى 1947 کاتێک دامەزراوە - دار-ى نزیککردنەوەى نێوان مەزهەبە ئیسلامییەکان لە قاهیرە دامەزرا، ئەو دامەزراوەیە یاسایەکى تایبەت بەخۆی دانا و گۆڤارێکیشى هەبوو بەناوى (پەیامی ئیسلام)، دەستەبژێرێکى زاناى مەزهەبە جیاوازەکانى لەخۆی کۆکردبووەوە، کاری بەکۆمەڵى بۆ نزیککردنەوەى سوننە و شیعەى لە یەکدی بردە قۆناخێکى دیکە و بە دامەزراوەیى کرد. ئەوکات مەحموود شەلتوت، کە شێخى ئەزهەر بوو، یەکێک بوو لەزانا چالاکەکانى ئەو پرۆسەیە، بڕیاریدا بەخوێندنى فیقهى شیعە لە کۆلێژەکانى شەریعەى سوننە مەزهەبەکان، هاوکات فەتواشیدا بەوەى بۆ موسڵمان رێگەپێدراو و دروستە هەر مەزهەبێکى ئیسلامى پەیڕەو بکات. ئەمەش رەنگدانەوەى ئەرێنى هەبوو لەسەر ئەو پرۆسەیە.
ساڵى 1990 لەسەر بڕیارى ئایەتوڵڵا عەلى خامنەیى (کۆڕبەندى جیهانى بۆ نزیککردنەوەى مەزهەبەکان لەیەکدی) دامەزرا، ئەوانیش وەک لە پێناسی خۆیاندا یاداشتیان کردووە، کار دەکەن بۆ نزیککردنەوەى مەزهەبەکانى جیهانى ئیسلامى لە یەکدی.
ئاسۆیەکى نادیار
لە کاتێکدا ریشەى نزیککردنەوەى مەزهەبەکان بەگشتى و سوننە و شیعە لەیەکدی لە سەدەى 19 دەستیپێکردووە، لە ناوەڕاستى سەدەی 20یش قۆناخى گرنگى بڕیوە، لە سەدەى 21یش وا جارێکى دیکە لەگەڵ بانگەوازەکەى شێخى ئەزهەر دێتەوە سەر گۆڕەپانەکە و لەبەردەم ئاڵنگارى گەورەدایە:
- سیاسی: گەورەترین ئاڵنگارى بەردەم ئەو پرۆسەیە ئەگەر هەمووشى سیاسى نەبێت، سیاسەت پشکى شێرى بەرکەوتووە، ئێستا کاتەکە زۆر جیاوازە لە رووى سیاسییەوە، بەو پێیەى ئێستا شیعە حاکم و دەسەڵاتدارە لە عێراق، ئێران، سووریا، بەشێکى زۆرى یەمەن، هەژموونى بەرچاویشیان هەیە لە وڵاتانى دیکەى ئیسلامى، بەدڵنیاییەوە بانگەوازەکەى ئەزهەر ماناى وەستاندنى فراوانخوازى شیعەیە کە ئەستەمە ئەو رەوتە شیعەگەرانەى هەموو توانایان بۆ بڵاوکردنەوەى مەزهەبەکەیانە، وا بەئاسانى بە داوایەکى لەو شێوەیە قایل بن و واز لە شیعەگەرى بێنن.
هەرچى سوننەکانیشە ئەوە لاوازییان لەو وڵاتانەى ناومان هێنان، لەگەڵ دەرکەوتنى محەممەد بن سەلمان و لاوازبوونى پێگەى سەلەفییەت، لەگەڵ لاوازبوونى قاعیدە و داعش و رەوتە تووندئاژۆکانی دیکەش ئامادەیى سوننە مەزهەبەکان زیاتر دەکات بۆ ئەو پرۆسەیە.
- ئایینى: تێگەیشتنى بەشێکى دیارى زانایان بۆ ئایین و بە رەوابینینى مەزهەبەکەیان، بگرە کورتکردنەوەى رەوایەتى ئایینى تەنیا لە مەزهەبەکەى خۆیان، یەکێکى دیکەیە لەو لەمپەرانە، تێپەڕاندنیشى ئاسان نییە، لەکاتێکدا هەردوولا کەلەپوورێکى دەوڵەمەندیان لە سڕینەوەى یەکتر هەیە لەو مەیدانەدا.
- مێژوویى: ناکۆکى و ململانێى سوننە و شیعە لە دواى کۆتاییهێنان بە شۆڕشەکەى حوسێنى کوڕى عەلى لە رووداوى عاشوورا ساڵى 680ـەوە تائێستا بە هەوراز و نشێوى زۆردا تێپەڕیوە، ملیۆنان خەڵک بەدرێژایى ئەو مێژووە بوونەتە قوربانى، تێپەڕاندنى ئەو کەلەپوورە خوێناوییەش یەکێکە لەو لەمپەرانەى بەردەم پرۆسەى نزیککردنەوەى مەزهەبەکان لە یەکدی کە کارێکى ئێجگار قورسە.
لەبەربوونى بەرژەوەندى بەهێزى سیاسى و مەزهەبى و ئابوورى و پاشخانى دەوڵەمەندى ئەو ناکۆکییە لەلایەک، سارد و سڕى مەرجەعە باڵاکانى سوننە و شیعەش لەلایەکى دیکە، وا دێتە بەرچاوم پرۆسەى نزیککردنەوەى سوننە و شیعە، ئێستا لە تونێلێکى تاریکدایە و واینابینم بەو نزیکانە رۆشن ببێتەوە.



