وەک پێشبینی دەکرا لە شەوی 29ی ئابدا لە بەغدا رووبەڕووبوونەوەی چەکداری سەریهەڵدا لە نێوان لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و چەند گرووپێکی حەشدی شەعبی کە لە دەروبەری ناوچەی سەوزن لەگەڵ فەوجی پاسەوانی کەسایەتییەکی سیاسی و فیرقەی تایبەتی ناوچەی سەوز؛ شەڕەکە نزیکەی 24 کاژێر بەردەوام بوو و تێیدا هەموو جۆرە چەکێکی سووک و مامناوەند بەکارهێندرا بە ئاڕ پی جی و هاوەنیشەوە، کە 32 کوژراو و سەدان برینداری لە هەردوولا لێکەوتەوە.
لایەنە سیاسییەکان و چاودێرەکان چەندین جار هۆشدارییان دابوو لەو پێکدادانەی کە ماوەیەکی دوورودرێژە پێشبینی دەکرا، بەڵام ململانێی حیزبەکان لەسەر دەسەڵات و سووربوونیان لەسەر هەڵوێستە تووندەکانیان دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەخت و سەرباری ئەو هۆشدارییانە، پێشبینییەکانیان هێنایە دی کە هەبوونی تووندوتیژی و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری بوو لەگەڵ هاندانی شەقام تاوەکو ئاستی هەڵقوڵان و ئەو تەقینەوەیەی کە هەڕەشەی لە قەوارەی دەوڵەتی عێراق و سیستمی سیاسی ئێستا کرد.
رەوتی سەدر لە نێوان ئاڵۆزکردن و پاشەکشێ
بردنەوەی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە مانگی تشرینی 2021 نەبووە سەرکەوتنێکی سیاسی کە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی لێبکەوێتەوە، چونکە رەوتی سەدر شکستیهێنا لە راکێشانی لایەنە شیعە بچووک و مامناوەندەکان بۆ پێکهێنانی زۆرینەیەکی شیعە. ئەو پشتی بە هاوپەیمانیی سێقۆڵی بەست کە لە هاوپەیمانیی سەروەریی و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهات، بەڵام ئەم هاوپەیمانییە بە تەنیا و بەبێ بەشداری لایەنە سیاسییەکانی دیکەی شیعە و سوننە و کورد ئیفلیج بوو لە بەردەم لێکدانەوەی دادگەی فیدراڵیی عێراق کە جەختی لەسەر بەدیهێنانی دوو لەسەر سێ کردەوە لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. ئەمە رەوتی سەدری بێهیوا کرد، چونکە نەیتوانی ئەوە بەدیبهێنێت کە دەیویست؛ هەروەها پاڵی بە رێبەری رەوتی سەدرەوە نا هەنگاوێک بنێت کە پێشتر نەنراوە و لێکدانەوە بۆ لێکەوتەکانی نەکرابوو، کە بریتی بوو لە کشاندنەوەی پەرلەمانتارانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ناچارکردنیان بۆ ئەوەی بە کۆمەڵ دەستلەکاربکێشنەوە. ئەو هەروەها داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد لە هەمان رۆژدا داواکە پەسند بکات بەبێ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بە گفتوگۆ یان دانوستاندن بدات؛ تەنانەت رەوتی سەدر هۆکارە راستەقینەکانی پشتی ئەم هەنگاوەی ئاشکرا نەکرد کە بە کوشندە ناوبرا بۆ رێڕەوی سیاسی رەوتی سەدر کە بەدرێژایی دوو دەیە بونیادی ناوە.
رەوتی سەدر هەوڵیدا ئەم هەڵە ستراتیژییە چارە بکات لە رێگەی ئاڵۆزکردن و پەنابردن بۆ لایەنگرانی بۆ ئەوەی بچنە نێو ناوچەی سەوز و لە 30 تەممووزدا دەستیان بەسەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا لە نێو ناوچەی سەوزدا گرت بەبێ هیچ بەرگرییەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ئەمەش وایکرد محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران "کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەسێرێت".
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لای خۆیەوە سیاسەتی دانبەخۆدانانی پەیڕەو کرد و هەوڵی نەدا رووبەڕووی رەوتی سەدر ببێتەوە؛ ئەو تەنیا راگەیێندراوی سەرکۆنەکردن و سەرزەنشتکردنی بڵاوکردەوە لە ژێر درووشمی بەرگری لە رەوایەتی لە چوارچێوەی وەڵامی هەنگاوەکەی سەدر.
مانگرتنی رەوتی سەدر لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا بۆ زیاتر لە سێ هەفتە بەردەوام بوو بەبێ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکان، دواتر پەنای بۆ مانگرتن لە بەردەم ئەنجوومەنی دادوەری برد لە 23ی ئابی 2022، بەڵام ئەو هەنگاوە زۆر سەرکۆنە کرا لە لایەن لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. هەروەها، هۆشداری درایە رەوتەکە لە لێکەوتەکانی بەردەوامبوونی ئەو هەنگاوە. دادگەش لای خۆیەوە هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو بەوەی فەرمانی بە هەموو دادگەکان کرد کاریان بوەستێنن و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی رەوتی سەدر دەرکرد، ئەمەش رەوتەکەی ناچار کرد ئێوارەی هەمان رۆژ لایەنگرانی لە بەردەم ئەنجوومەنی دادوەریی بکشێنێتەوە بەبێ ئەوەی ئامانجە خوازراوەکانی بەدیبهێنێت.
سەرەڕای گرژیی بەردەوام، رەوتی سەدر هیچ بەدەنگەوەهاتنێکی بۆ داوا سەرەکییەکەی بەدینەکرد، کە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت؛ بۆیە سەدر پەنای بۆ جۆرێکی دیکەی ئاڵۆزکردن برد کە بریتیبوو لە زیادکردنی مەرجێکی دیکە کە بەشدارینەکردنی هەموو سیاسەتوان و سەرکردە حیزبییەکانی ئێستایە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا؛ ئەو هەروەها بە ناڕاستەوخۆ لە تویتێکی وەزیرەکەیدا لە 27ی ئاب هەڕەشەی کرد و گوتی: "ئیدی پێویست ناکات من لە ئاییندەدا بە تویت و هەر شتێکی دیکە بێمە سەر هێڵ"؛ ئاماژەشی کرد کە ئەو گۆڕەپانی سیاسی جێدەهێڵێت و لەو شتانە تێناگلێت کە لە ئاییندەدا روودەدەن.
سەدر لە 29ی ئاب هەڕەشەکەی جێبەجێ کرد، کاتێک لە تویتێکدا بایکۆتی یەکجارەکی و دەستنەوەردانی لە کاروباری سیاسییدا راگەیاند، بەڵام لایەنگرانی ئەمەیان بە ئاماژە چاوەڕوانکراوەکە لێکدایەوە بۆ پەلکێشی بۆ سەر دەزگاکانی دیکەی نێو نەوچەی سەوز؛ بۆیە کۆشکی حکومەت گەمارۆدرا و هەڵیانکوتایە سەری و مانیان تێیدا گرت بەبێ هیچ بەرگرییەکی هێزە ئەمنییەکان، دواتر وێنە و ڤیدیۆکانی هەڵکوتانەکەیان لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و ئەوان لە بەردەم و لە نێو کۆشکی حکومەتدا درووشمی "گەل دەیەوێ دەسەڵات بڕووخێنێت"یان دەوتەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سستبوونی جووڵە
کاتێک پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران کشانەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی خێرا جووڵایەوە بۆ پڕکردنەوەی جێگەی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان بە پەرلەمانتاری نوێی سەر بە هێزەکانی خۆی بۆ مسۆگەرکردنی بەدەستهێنانی کورسییە بەتاڵەکان بۆ ئەوەی گەورەترین فراکسیۆن پێکبهێنێت؛ ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا لە 23ی حوزەیران دەنگی لەسەر گۆڕینی پەرلەمانتارەکان دا. ئیدی جووڵەی چوارچێوە سست بوو؛ هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێویدا سەبارەت بە دەستنیشانکردن و بەربژێرکردنی کەسایەتییەکی سیاسی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. ئەوکات رکابەرییەکە لە نێوان سەرکردە سیاسییەکانی سەبارەت بە پۆستەکە چڕبووەوە، ئەمەش پرۆسەی دەستنیشانکردنەکەی بۆ یەک مانگی تەواو دواخست؛ ئەو ماوە بەس بوو بۆ رەوتی سەدر بۆ ئەوەی خۆی رێکبخاتەوە و پلان بۆ رۆژانی داهاتوو دابڕێژێت، دوای شکستەکەی بە هۆی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە لەناکاوەکە.
چوارچێوە دواتر توانی بە کۆی دەنگ رێکبکەوێت لەسەر یەک بەربژێر کە محەممەد شیاع سوودانی بوو بۆ ئەو پۆستە؛ ئەم دەستنیشانکردنە سووربوونی چوارچێوەی سەلماند لەسەر بەردەوامبوون لە پێکهێنانی حکومەت و ئەوەش سەدری تووڕە کرد؛ بۆیە دەستی بە ئامادەکاری کرد بۆ مانگرتن لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا بۆ رێگرتن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دواتر راسپاردنی سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت.
بۆچوونی جیاجیا لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هەبوون سەبارەت بە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ رێبەری رەوتی سەدر و هەنگاوە ئاڵۆزگەرەکانی؛ کەسانێک پێیان وابوو کە ئاڵۆزکردن بە ئاڵۆزکردن وەڵامبدرێتەوە، خۆپێشاندانیش بە خۆپێشاندان و مانگرتنیش بە مانگرتن؛ بۆیە لە 13ی ئابدا لە بەردەم دەرگەی ناوچەی سەوز لە نزیکی پردی هەڵواسراو خۆپێشاندان کرا؛ بۆچوونێکی دیکەش لەگەڵ ئەوەدا بوو نەرمی بنوێندرێت و بانگەواز بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەدر بکرێت؛ ئەمەش هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح پاڵپشتی بوو. چوارچێوە تەنیا لە رێگەی راگەیێندراوەکانەوە وەڵامی دایەوە و لەڕووی سیاسییەوە نەجووڵایەوە. هەروەها چوارچێوە بە جیددی هەوڵی راکێشانی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی نەدا، بەتایبەت سەربەخۆکان و کورد و سوننە.
کەچی دواتر چوارچێوە هەڵوێستی تووند کرد لەڕێگەی بڕیارە یەکلاکەرەوەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەوتی سەدر، دوای مانگرتن لە بەردەم ئەنجوومەنی دادوەری. چوارچێوە بە یەکگرتوو دەرکەوت بەو هەڵوێستەی کە لەڕێگەی ئەو راگەیێندراوانەی سەرکۆنەکردن کە لەو بارەوە رایگەیاندن؛ ئەو داوای پشتیوانیکردنی ئەنجوومەنی دادوەریی کرد و ئاماژەشی کرد کە ئەو بەرەو پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندیکردن بە لایەنە سیاسییەکان دەچێت؛ بۆیە گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد و سوننە چڕکردەوە و شاند و نێردراوەکانی ناردە لای سەرکردە و رێبەرانی ئەو لایەنانە بۆ تاوتوێکردنی رێگەکانی هاوئاهەنگی و رایگەیاند کە ئامادەیە داواکارییەکانیان بەدیبهێنێت.
دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان براکاندا
هەر کە لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە نێو کۆشکی حکومەت لە 29ی ئاب، هێزە چەکدارەکانی لایەنگری چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەوتنە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە و هێزە دەستەبژێرەکانی حەشد کە لە نێو ناوچەکەن پێگەکانی خۆیان بەهێز کرد و دابەشبوون بەسەر پێگە بەهێزەکانی خۆیان بۆ بەرگریکردن، لە کاتێکدا فیرقەی تایبەتی پاراستنی ناوچەی سەوز چوو بەرەو کۆشکی حکومەت بۆ هەوڵی چۆڵپێکردنی کۆشکەکە لە خۆپێشاندەران، کەچی هێزە فەرمییەکانی دیکە ونبوون، جگە لە کارمەندانی پاراستنی دەرگا سەرەکییەکان نەبێت کە خۆیان لەپشت دیوارە کۆنکرێتییەکان و کۆنکرێتە رێگرەکان حەشاردا بۆ پاراستنی خۆیان لە گوللـەی وێڵ.
دەنگی گوللـە لە نێو ناوچەی سەوز دەستیپێکرد و سەدان خۆپێشاندەر بە گوللـە برینداربوون، بەتایبەت ئەوانەی کە لە دەوروبەری ئەنجوومەنی نوێنەران بوون و چوون بەرەو کۆشکی حکومەت. لەوکاتەی چەند گرووپێکی سەرایای سەلام و لایەنگرانی چوون بەرەو ناوچەی سەوز، گرووپی دیکە ئێوارە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی پایتەختەوە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستیان بە بەئامانجکردنی ناوچەی سەوز بە هاوەن کرد، بە گوتەی چەند سەرچاوەیەکی سەربازی.
ئەوەی جێی سەرنجە لەم پێکدادانەدا ئەوەیە کە زۆربەی وێنە و دیمەنەکان کە بڵاوکرانەوە لایەنگرانی رەوتی سەدریان پیشاندەدا، کەچی هێزەکانی گرووپە چەکدارەکان کە رووبەڕوویان دەبوونەوە دیمەنی هاوشێوەیان بڵاونەدەکردەوە، بە شێوەیەکی رێکخراو و بە ئۆپەراسیۆنی تووندوتۆڵیش رووبەڕوویان دەبوونەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئاستبەرزی ئەزموون لە فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن و سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکان.
لە لایەکی دیکەوە هێزە چەکدارەکانی لایەنگری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستیان بەسەر جادرییە و ناوچەی سەوز لە دیوی پردی هەڵواسراو و کۆشکی حکومەتدا گرت، لە کاتێکدا خۆپێشاندەران و گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانی رەوتی سەدر دەستیان بەسەر ناوچەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و دەرگای وەزارەتی ناوخۆ و پردی کۆمارییدا گرتبوو، لەپاڵ بە تەواوەتی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی رەسافە؛ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکانیشدا هەڵیانکوتایە سەر چەند بارەگایەکی حیزبەکانی چوارچێوە، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند کە "هێزە فەرمییەکان و حکومەت وەکو تەماشاکەر دەرکەوتن وەکو بڵێی هیچ دەسەڵاتێکیان نییە، کارمەندانی ئەوان پەنایان بردەبەر بارەگاکانی خۆیان بەبێ هیچ تێوەگلانێک بۆ وەستاندنی رووبەڕووبوونەوەکان و هەوڵی سەپاندنی یاسا و پاراستنی هاووڵاتیان، تەنیا ئەوە نەبێت کە فیرقەی تایبەت کردی بۆ پاککردنەوەی کۆشکی حکومەت و نەهێشتنی ئەو گەمارۆیەی کە حەشد خستییە سەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کە کۆمەڵەیەک لە چەکدارانی لایەنگری رەوتی سەدر تێیاندا بوون".
شەوی رووخانی دەوڵەت
بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کە لە شەوی دەستپێکردنی پێکدادانە چەکدارییەکاندا دەوڵەت بە تەواوی رووخا؛ ئەو شەوەی کە ناوی شەوە خوێناوییەکەی لێنرا لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە، کە دەزگا حکومییەکان و ئەمنییەکان و دادوەرییەکان و یاسادانەکان بوونە دیلی دەستی هێز و تاکە چەکدارەکان. هەروەها بڕی چەکی نێو گۆڕەپانی شەڕەکە لە رووی ژمارە و جۆرەوە زۆر زیاتر بوو لە چەکی چەند یەکەیەکی هێزە فەرمییەکانی لە وەزارەتی بەرگری، بۆ نموونە.
راگەیەندراوەکانی حیزبەکان و سەرۆکایەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵاوبوونەوە و نیگەرانی خۆیان پێشاندا سەبارەت بە دۆخەکە و داوایان کرد تووندوتیژییەکان بوەستێندرێن و بگەڕێنەوە بۆ گفوگۆ، لە کاتێکدا سەریان سووڕمابوو بە هۆی خراپی رووداوەکانی ئەو شەوە خوێناوییە، ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ رووخانی دەوڵەت بە هۆی رووخانی بەغدا بە دەستی چەکدارانی هەموو لایەنەکانی ململانێکە بەبێ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان و سوپا بجووڵێن.
نەبوونی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و فەرماندەکانیان لە گۆڕەپانەکە، کە نەیانتوانی قەوارەی دەوڵەت و بارەگاکانی حکومەت و خەڵکی سڤیل بپارێزن و ئاسایش و سەقامگیری بسەپێنن، ئاماژە بۆ دۆخێکی مەترسیدار دەکات و لەرزۆکی دەزگا یاساییەکان و دەستوورییەکانیش دەردەخات؛ لە هەمان کاتدا، ئەو هێزانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا نین توانای خۆیان سەلماند سەبارەت بە هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیری بە رادەیەک زیاتر بوو لە پێشبینییەکان لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی هاوشێوەدا لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دژی داعش، چونکە ئەو هێزانە و هێزە چەکدارە فەرمییەکان و نافەرمییەکان هەموویان لە شەڕی دژی تیرۆر بەشداربوون و بەم هێز و دڕەندەیی و چڕییە لە نێو شارەکاندا نەبوون.
بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کە کۆنترۆڵکردنەوەی دۆخەکە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەندە بە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەڵام لاوازیی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و نەبوونی فەرماندەییەکی یەکگرتوو ئەگەری کۆکردنەوەی چەک کەمدەکەنەوە، تەنانەت ئەو چەکە وا دەرکەوت کە بەهێزترین و گەورەترینە لە گۆڕەپانەکەدا بەرامبەر دەوڵەتێک کە بە تەواوەتی بە ئیفلیجی دەرکەوت لە بەرامبەریدا، باشە چۆن ئەگەر هەوڵبدات بە هەر ناونیشانێک بێت ئەو چەکە کۆبکاتەوە؟!
هۆکاری بنبەستی سیاسی ململانێ بوو لەسەر دەسەڵات لە نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکان و ئامادەنەبوونی هیچ کامیان بۆ نەرمینواندن و دەستبەرداربوونی تەماح و دەستکەوتەکان، بەڵام ئەو حیزبانە بیریان چوو کە هەموویان کەوتنە دەرەوەی بازنەی بڕیاردان و چەکی کۆنترۆڵنەکراو و گرووپە چەکدارەکان دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، ئەمەش پاڵنەر دەبێت بۆ ئەوەی ئەو هێزانەی کە چەکیان نییە پەنا بۆ دروستکردنی گرووپی چەکدار ببەن بۆ پاراستنی خۆیان، هاوشێوەی ئەوەی کە تەنانەت مەزارگە پیرۆزەکان کردیان بۆ دابینکردنی پاراستن بۆ مەزارگەکانیان و سەردانیکەرانیان.
رووداوەکانی ئەم دواییە سەلماندیان کە رۆڵی سەرکردە سیاسییەکان بە سەرۆکایەتییەکان و رێبەرەکانیشەوە بووەتە شتێکی لاوەکی و هیچ کاریگەرییەکی نییە بە هۆی زاڵبوونی چەک لە شەقام، بەتایبەت لەگەڵ سەرهەڵدانی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان ئەو لایەنانەی کە لە ململانێدان هاوشێوەی ئەوەی کە لە 29ی ئاب روویدا. لە کاتێکدا، فەرماندە سەربازییەکان لە دۆخەکەدا دەرکەوتن و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیان دا لەبری سەرۆکایەتییەکان و سەرکردە سیاسییەکان کە شکستیان هێنا لە دابینکردنی پێداویستییەکانی پرۆسەی سیاسی و گەیشتن بە رێککەوتنێک رێز لە ویستی هەمووان بگرێت و حکومەتێک.
پێکبهێنێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و داخوازییەکانی هاووڵاتی عێراقی بەدیبهێنێت و وڵات لە دێوەزمەی شەڕی ناوخۆ رزگار بکات. هەروەها، دەست بکات بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و چالاککردنی وەبەرهێنان و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجانی بێکار، بەبێ کەمتەرخەمیش جووڵەی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازی بەرەو پێشوە ببات.
بەدڵنیاییەوە هێشتا کات ماوە بۆ راگرتنی خوێنڕشتن و دانیشتن لەسەر مێزێکی گفتوگۆ جێگەی هەمووانی لەسەر ببێتەوە بەبێ دوورخستنەوەی هیچ کەسێک، بۆ رێگەخۆشکردن بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە سەختە و ئاڵۆزییەکانی و دواتر رێگەخۆشکردن بۆ قۆناخێک بازبدات بەسەر دەیەی رابردوو و شکستەکانی، بەڵام ئەوە بەدڵنیاییەوە بەدینایەت مەگەر لە رێگەی نەرمینواندنی دوولایەنە نەبێت لەگەڵ ئامادەبوون بۆ قبووڵکردنی لایەنی بەرانبەر بۆ مسۆگەرکردنی گەیشتن بە چارەی گونجاو و هاوبەش کە هەموو لایەنەکان رازی دەکات، ئەگەرنا بەدڵنیاییەوە شەپۆلی شەقام دێت و هەموو ئەوەی کە هەیە و ناکۆکن لەسەری رەتدەکاتەوە و هەمووان دووردەخاتە و هەڕەشە لە تێکڕای قەوارەی دەوڵەت دەکات. دووریش نییە چەکی کۆنترۆڵنەکراو و تەنانەت کۆنترۆڵکراو لە سیاسەتوانەکان هەڵگەڕێنەوە و بەتەواوەتی لە دۆخەکە دووریان بخەنەوە، ئەوکاتیش کەس ناتوانی پێشبینی بکات کە دۆخی وڵات چۆن دەبێت.
فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراقی



