لە هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی لووتكەی دەسەڵات، موقتەدا سەدر شەڕێکی دیکەی دۆڕاند. ئەمجارەیان لە خولەكانی پێشوو بە زەرەرمەندتر و تاڵتر لێی دەرچوو. بەڵام هێشتا زووە و با تواناكانیشی بەكەم نەزاندرێ، چونكە جارێ جەنگەكەی نەدۆڕاندووە.
لە 29ی ئابی 2022، موقتەدا "وازهێنانی" خۆی لە سیاسەت راگەیاند، بەڵام بەبێ ئەوەی داوا لە لایەنگیرانی بکات واز لە داگیرکاریی ئەنجوومەنی نوێنەران بهێنن. بە پێچەوانەوە، لێدوانەکەی سەدر وەک ئاماژەیەک بۆ پەرەسەندنی زیاتر وەرگیرا کە دوای ئەوە و دەستبەجێ لە ناوچەی سەوزی بەغدا هێرش برایە سەر کۆشکەکانی حکومەت. تەنانەت خۆپیشاندەران هەوڵیاندا لە پردی هەڵواسراودا (جسر المعلق) بپەڕنەوە بۆ ناو جادریە، کە مۆڵگەی نەیارەکانیانە. ئەمانە وەک هەوڵێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەغدا و تەواوی دەسەڵات لێکدرانەوە. دیارە سەدرییەکان پێشبینیان لە سەرهەڵدانی تووندوتیژیی كردبوو، بەو پێیەی كە چەند گرووپێكی باڵی سەربازیی بزووتنەوەكەیان، سەرایا سەلام گەیشتنە نێو خۆپیشاندەران. بەڵام ئەو هێزە بچووكەی سەرایا کە بە باشی ئامادە نەکرابوون، لە ئاستی (فەسائیل)ە پڕچەك و چەسپاوەكەی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی نەبوون. سەدرییەکان لە مەڕ بێبەزەیی و گوڕی نەیارەکانیان سەریان سوڕما، ئەوەبوو رێژەیەكی زیاتریان لە قوربانیان بەرکەوت كە زۆربەیان لە ریزی خۆپیشاندەرانی بێچەکدا بوون.
هاوکات موقتەدا کەوتە ژێر فشارێکی زۆرەوە، چ راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ، لەلایەن ئەکتەرە شیعەکانەوە لەنێو ناوەندەکانی دەسەڵاتی شیعی لە نەجەف، قوم، تاران و ئەولاتریش. لە ئەنجامدا، سەدر لە بارێكی دەروونیی خراپدا بڕیاری كشانەوەی هێزەكان و خۆپیشاندەرانی لە سەرجەم ناوچەی سەوز راگەیاند. رەخنەشی لە بزووتنەوەكەی گرت و دیسانەوە جەختی لە وازهێنانی خۆی لە سیاسەت کردەوە. ئەوەش پەیامێكی چەند بارەیە کە خووی پێوە گرتووە و هیچ لایەنێك قسەکانی سەبارەت بە کشانەوە بە جیدی وەرناگرێت. بە پێچەوانەوە، خەڵك نیگەرانن لەوەی ئەگەری زیاتر ئەوەیە كە سەدر بە تۆڵەکردنەوە بگەڕێتەوە مەیدانی شەڕ.
وەستانی ئێستا
لە وتارێکی ئەم دواییەدا جەختمان لەوە کردەوە کە سەدر ئاڵۆزیی سیستەمی سیاسیی عێراق و هەژموونی 'جیهانی شیعە'ی لەسەر سیاسەتی عێراق بە کەم سەیر کردووە کە دواجار ئەوانە دەبنە رێگر لەوەی بە ئامانجە کۆتاییەكەی بگات، كە بریتییە لە زاڵبوون بەسەر دەسەڵات لە عێراقدا. هەروەها توانای خۆی، وەک ئۆرکێسترایەکی یەک کەسی و، توانای لایەنگیرانی بۆ ملكەچكردنی نەیارەكانی، بە زۆر زانی. بۆیەش لە هەڵبژاردنی رێچكەكانیدا سەركەوتوو نەبوو و بەڵكو هەڵەش بوو.
لە بەرامبەردا، نەیارانی سەدر، بە تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی، توانای سەدریان بۆ بەكارهێنانی ئامرازەكانی لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت بە کەم زانیوە. بەڵێ توانیویانە هاوپەیمانیەكەی نێو خۆیان بە تۆكمەیی رابگرن و سەدرییەکان لە پەرلەمان و دەرەوەیدا بگەیێننە چەقبەست، بەڵام ئەڵتەرناتیڤێكی گونجاویشیان پێشکەش نەکردووە. بەڵكو دوای ئەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان کشانەوە، ئەوان كەوتنە ئاهەنگگێڕانی پێشوەختە و کاتەکانیان بەفیڕۆدا و نەیانتوانی حكومەتی نوێ بە خێرایی پێك بهێنن. نەیانتوانی بە زوویی کورد و سوننە بەلای خۆیا رابكێشن یان هاوسۆزییەکی زیاتر لەنێو شیعەکاندا بەدەست بهێنن. ئێستا، دوای ئەوەی سەدرییەکان ناوچەی سەوزیان چۆڵ کردووە، پێدەچێت جارێکی دیکە چوارچێوەی هەماهەنگی زێدە متمانەیان بەخۆیان پەیدا كردبێتەوە. تەنانەت رەتیانکردووەتەوە دان دابنێن بە دەستپێشخەرییەکەی سەدر بۆ کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی، و بگرە دەستیان کردووە بە ورووژاندنی سەدرییەكان بە شێوازی جیاواز، هەروەك ئەوەی كە داوای دانیشتنی پەرلەمانیان كردووە بۆ بەردەوامبوون لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەپێی کارنامەی خۆیان.
لەم نێوەندەدا، دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لە باشترین حاڵەتدا تەنیا رۆڵی چاودێرێكی ناکارامەیان بینی، یان لە خراپترین حاڵەتدا بە هاندانی پەرەسەندنی تووندوتیژیەكان تاوانبارکراون. ههروهها لایەنە غهیره شیعهكانی عێراق و كۆمهڵگهی نێودهوڵهتیش بوونهته چاودێرانی نیگهران و بێزار، بەجۆرێك كە دەستەوەستان بوون لەوەی چۆن بهشێوهیهكی بنیاتنهرانه مامەڵە لەگەڵ لایەنە ململانێكەرەكان بكەن. بێگومان گلەییان لێناكرێ چونكە ساتێ كە سەرکردە شیعەکان لە سەرکردایەتیکردنی پێكهاتەكەیان شکست دەهێنن، رۆڵی لایەنە ناوەكی و دەرەكییەكانی دیكە (جگە لە ئێران) هەمیشە سنووردار دەبێ.
داهاتوو
داهاتووی نزیك تاریک دەردەکەوێت، چونکە سەرسەختی رکابەرەکان دەتوانێت عێراق بەرەو شکستێکی درێژخایەن ببات. شیعەکان دەتوانن بەرگەی تووندوتیژییەکی سنووردار بگرن كە لەو ماوەیەدا گەیشتنە ئەو سنوورە، ئەگەر لەوە تێپەڕی عێراق رووبەرەو ناوەوە دەتەقێتەوە. بەڵام دەكرێ رێگە لەو رێچكەیە بگیردرێت.
لە ماوەی دەستبەجێدا، پەنجەرەیەکی تەسکی دەرفەت لە ئارادایە بۆ ئەوەی ئەکتەرەکان پلانێک بۆ چارەسەرێکی بەردەوام بخەنەڕوو. ئێستا تا زیارەتی چلە (ئەربەعین، لە 16ی ئەیلوول)، سەركردە جەنگخوازەکان ناچارن پشوو بدەن و لەخۆ بفكرن. لەم نێوەندەدا گرژییەکان هەر دەمێننەوە و ئەگەری ئەوە هەیە تووندوتیژی لێرە و لەوێ رووبدات، خۆ دوور نییە جارێکی دیکە شەڕێکی سەرتاسەری لێبکەوێتەوە یان نەكەوێتەوە. بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەبێ چارەسەر بمێنێتەوە، ئەوا پێشبینیكردن لە رووداوەكانی داهاتوودا ئاسان نابێ. بە ئاڵوگۆڕكردنی لێدوانی نادیپلۆماسی و ناتۆرە و پەیامی رەق، رەنگە هەمان ئەکتەرەکان دوای چلە دەست پێ بکەنەوە و عێراق بەرەو كۆتاییەكەی ببەن.
درەنگ یان زوو سەدرییەکان درک بەوە دەکەن کە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی تەواوی سیستەمی حوكمڕانی بژاردەیەکی واقیعی نییە و گرتنەبەری رێگەی دەرەوەی دەستوور بۆ زاڵبوون بەسەر عێراقدا ئەنجامی نابێت. تاکە رێگەی گەڕانەوەیان بۆ شەرعیەت ئەوەیە کە رێگە بە پەرلەمان بدەن کۆببێتەوە، یاسا بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ دابنێت و دەنگ بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە بدات. بە پێچەوانەشەوە، دەبێ چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوە قبووڵ بکەن کە ناتوانن ئۆپۆزیسیۆن پشتگوێ بخەن، چ جای سڕینەوەیان. لێرەوە سازانی دوولایەنە پێویستە.
هەرچی لایەنە غەیرە شیعە عێراقیەكان و لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكانن، پێویستە فشار بخەنە سەر هەردوو دیوە رکابەرەکە بۆ ئەوەی لەسەر زەمینەیەکی ناوەڕاست ڕێکبکەون. باشترە کورد و سوننە پەلە لە رێكەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی نەكەن، بەتایبەتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە لەسەر حیسابی سەدرییەکان بێت. بەڵکو پێویستە بەشداریکردنیان بە مەرجی بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و عێراقێکی سەقامگیر بێ. پێویستە ئەمریکا و ئەوروپییەکان و یونامی بەردەوام بن لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە شێوەیەکی بنیاتنەر و دیبەیتەكان لەسەر سەقامگیری و شەرعیەت و کارایی دەوڵەت چڕ بکەنەوە.
پێویستە ئێران درک بەوە بکات کە رووداوەکانی ئەم دواییانە هەستی دژە ئێرانی لەنێو شیعەکاندا زیاد کردووە و رەنگە لە کۆتاییدا زێدە تووندوتیژی لە ئێران دوورتریان بخاتەوە. دەبێ ئێران رۆڵی بنیاتنەر لە رازیکردنی هەموو لایەنەکان بۆ سازشکردن بگێڕێت. هەرچەندە ئێران بە پشتیوانیکردن لە چوارچێوەی هەماهەنگی بووەتە بەشێک (لایەنگیر) لە ململانێکان، بەڵام لەتوانایاندایە كە چوارچێوەی هەماهەنگی ناچار بكەن بۆ سازشکردن. دیارە ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی دابەشبوونە بەسەر گرووپی تووندڕەو و میانڕەودا. نهێنی نییە کە لە ناوەوە بێ سەرکردایەتیەكی یەكگرتوون و دیارە لەلایەن ئێرانەوە بە باشتری رێنمایی دەکرێن. لە کاتێکدا ئەوانە و ئێران هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت سەدر لە هەوڵەكانی بووەستێنرێت، بەڵام نەیانتوانی لەسەر باشترین رێگەچارە رێکبکەون. کاتی ئەوە هاتووە چاو بتروکێنن و بەرەو ناوەڕاست بڕۆن.


.png&w=3840&q=75)
