جارێکی دیکە موقتەدا سەدر تەحەددای تەواوی سیستمی فەرمانڕەوایی عێراقی کرد و لاوازیی دامەزراوەكانی بەدەرخست و دینامیەتی سیاسی عێراقی بەرەو بنبەستێکی نوێ برد. بەوانەش عێراقی گواستەوە قۆناخێکی نوێ. لەو پرۆسەیەدا لایەنگرانی سەدر سیستمە دیموکراسییەكەی عێراقیان ئەتككرد و دامودەزگاکانی دەوڵەتیان ریسواکرد و سەلماندیان کە وڵاتەكە بەپێی سیستمی ئێستا قابیلی حوکمڕانیی نییە.
نزیکەی دوو دەیەیە دینامیکە سیاسی و ئەمنیە وێرانکەرەکانی ناوەوە و دەرەوە، عێراقیان خستووەتە سەر رێچكەیەكی بەرەوژێر، بەڵام ئێستا وڵاتەكە گەیشتووەتە قۆناخێكی نوێی لە هەڵخلیسكان و خاڵێکی دیکەی نەگەڕانەوە. لەبەرچاوی خەڵکی عێراق، دەستووری عێراق چیتر بایەخی مەرەکەبی خۆی نەماوە، ئەنجوومەنی نوێنەران چیتر شایەنی ناوەكەی نییە و دامەزراوەكانی جێبەجێکردن و دادوەریش لە ئامراز زیاتر نین. لێرەوە بەدوا دابەزینەکە سەربەرەو خوارەوەیە، هەتا ئەگەر سازشێکیش لە نێوان لایەنە ململانێكەرەكاندا بکرێت. بەبێ چارەسەركردنی خێرا، عێراق شکستدەهێنێت، ئەگەر ئێستا شكستی نەهێنابێت.
سەدرییەکان لە بنبەستێکدا
موقتەدا سەدر ناسراوە بەوە ئەوەی كە ئاواتی ئەوەی هەیە ببێتە پێشڕەوێكی بێ ركابەری عێراق. لە ماوەی 18 ساڵدا خەباتێكی زۆری بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەیەکی پەرلەمانی بەرچاوكرد کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەدەستی هێنا، بەڵام لەو کاتەوە زنجیرەیەک بڕیاری دەركردووە کە بە هەموو پێناسەیەك بە هەڵەی ستراتیجی لە قەڵەم دەدرێن. پلانە زێدە ناواقیعیەكانی ئەوەندە رادەبەدەرن كە لەلایەن نەیارەكانیەوە وەک هەڕەشەی ستراتیژی دەبینرێن. سەدر نیەتی خۆی ناشارێتەوە كە دەیەوێ لە رێگەی پشتیوانیی جەماوەرییەوە ببێتە خاوەنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دواتر دادوەری. بەواتایەکی دیکە، دەیەوێت بگاتە لووتكەی دەسەڵاتەكان و ببێتە (وەلی فەقیهی) عێراق و رەوتی حوکمڕانی وڵات وەرچەرخێنێ و رکابەرە مێژووییەکانی وەلا بنێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەش، سەدر هاوپەیمانێتییەکی پتەوی لەگەڵ ئەو لایەنە سوننە و کوردانە سازدا کە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەماندا زۆرینەی کورسییەکانی پێكهاتەكانیان بەدەستهێنابوو. بەڵام، سەرەڕای هەوڵەکانی، پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت گەیشتە بنبەست تا ئەو رادەیەی كە سەدر رووبەڕووی دوو بژارە بووەوە: یا سازش لەگەڵ نەیارەكانی بكات و یان بچێتە خانەی ئۆپۆزیسیۆنەوە. بێگومان دەكرێت بگوترێت لە هەردوو دۆخدا بە مانەوەی لەناو پەرلەماندا دەیتوانی چەندین ئامانج بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەویان بژارەی سێیەمی هێنایە كایەوە، ئەویش دەرچوون و رەتکردنەوەی تەواوی سیستمی حوکمڕانی.
كەڵە چیایەك بۆ سەرکەوتن
سەدرییەکان ئێستا رووبەڕووی دوو "رژێم"ـی ئاڵۆز و جێگیر و هەژمووندار بوونەتەوە، کە زوو یان درەنگ شکست بە پڕۆژەكەیان دەهێنن. یەکەمیان رژێمی سیاسی و ئەمنیەتی ناوخۆییەکە عێراقی پێ بەڕێوەدەبرێت. پێكهاتەكانی ئەو رژێمەش بریتین لە دەستووری 2005 و دامەزراوەکانی دەوڵەت و هێزە سیاسییە هەمەجۆرە ناتەباکان و کۆمەڵێک ئەکتەری چەکداری دەوڵەت و نادەوڵەتی. هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت بە تەنیا گۆڕانکاری ریشەیی لەو عێراقەدا بکات و دەستوور هەڵبوەشێنێتەوە دەست بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بگرێت. ئەو رۆژانە تێپەڕیون. کاتێک دێتە سەر پێداچوونەوەی دەستوور یان دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات، هیچ متمانە و رێککەوتنێکی هاوبەش لەنێوان هیچ دوو لایەنی سیاسی عێراقدا نییە، تەنانەت لەنێو ئەندامانی یەک هاوپەیمانیشدا بەدی ناكرێ. جارێ کورد هەرگیز بە گۆڕانکاری بەپەلە و نیوەكوڵی دەستوور رازی نابێت، دەستوورێك کە خۆیان لەگەڵ شیعەکان بە ئەنجامیان گەیاند.
دووەم 'رژێم' بریتییە لە جیهانی شیعە، کە لە ئاراستەكردنی دەسەڵاتی عێراقدا خاوەن قسەیە. ئەو رژێمەش ئەکتەرە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی شیعەکانی عێراق و مەرجەعیەكانی نەجەف و قوم و دامەزراوەكانی دەوڵەتی ئێران و كۆمەڵانی شیعەی لوبنان و باقی جیهان دەگرێتەوە. ئەم 'جیهانە' بۆ ماوەی پێنج سەدە تێدەکۆشا بۆ بەدەستهێنان و چەسپاندنی دەسەڵاتی شیعە لە ئێران و عێراق، ئێستاش رێگە بە گرووپێکی داهێنەری نێو شیعە نادات کە دەستی شیعە لاواز بکەن یان دەسەڵاتیان بخەنە مەترسییەوە.
سەدرییەکان شایەتییان بۆ دراوە کە بوێرن و متمانەیان بەخۆ هەیە كە دەستپێشخەری داهێنەرانە ئەنجام بدەن، بەڵام ناسراویشن بەوەی كە سیاسەتكاری مەزاجی و پۆپۆلیستین و زێدە کاردانەوەیان لێ بەدی دەكرێت. ئەمەش رەنگدانەوەی جۆری سەركردایەتییانە كە وەك ئۆرکێسترایەکی تاكە کەسییە. بەپێی گوتەی چەندین كادری پێشكەوتووی نێو سەدرییەكان، زۆرجار بڕیارەكانی سەركردەی رەوتەكە زیانی گەورە بە خۆیان و شەرعییەتی دامودەزگە دەوڵەتییەکانی عێراق دەگەیێنێت. لە دواین هەنگاویشیاندا، ئەو دەستوورەی کە دیموکراسییانە لە ئامێزگیراوە، رەتیان کردەوە و بێڕێزییان بەرامبەر پەرلەمانێك نیشاندا كە تاکە رێگەیە بۆ شەرعییەتدان بە داواکارییەکانیان. جا بۆ پێداچونەوە بە دەستوور یان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ بێ، ئەوا پێویستیان بە کاراکردنەوەی هەمان ئەو پەرلەمانە دەبێت کە ئێستا لێی دەرچوون و رەتیان کردووەتەوە. ئەو حاڵەتەش بۆ ئەوان وەک قوتدانی مووس وایە، هەر جوڵەیەک بۆ سەرەوە یان خوارەوە بكات تووشی زیان یان شەرمەزاریان دەكات.
شکستی رکابەرەکان
سەدرییەکان هەردەم پشتئەستوور بوونە بە لاوازیی یان شکستی سەرجەم ئەو ئەکتەرە ناوەكی و دەرەكییانەی كار لە رووداوەكان دەكەن. بێسەروبەری نەیارە سەرسەختەكانی سەدرییەكان، كە بەرچاوڕوونییان سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ تەحەداکانی دوای هەڵبژاردن لێ بەدی نەكرا. بەڵێ سەرکەوتوو بوون لە رێگریكردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەلایەن سەدری و هاوپەیمانەكانیانەوە، بەڵام خۆشیان سەرکەوتوو نەبوون لە خێراکردنی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی تەوافوقی دوای ئەوەی سەدرییەکان بۆشاییان جێهێشت. چوارچێوەی هەماهەنگی شکستی هێنا لە دڵنیاكردنەوەی خودی سەدر، یان راكێشانی هاوپەیمانە سوننە و کوردەکانی سەدر.
ئێران ئارام و بێدەنگ بووە و دڵنیایە لەوەی کە لە کۆتاییدا دەتوانرێت سەدرییەکان كۆنترۆڵ بكرێن. ئێرانییەكان نایشارنەوە كە بەشێك لە سیاسەتەکانی سەدرییەکان بە هەڕەشەی ستراتیژی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەزانن و پێیان وایە هەوڵەكانی سەدرییەکان بۆ دروستكردنی حكومەتی زۆرینە دەبێتە مایەی لەتكردنی کۆمەڵگەی شیعەی عێراق، ئەوەش (بە بۆچوونی خۆیان) لە خزمەتی بەرژەوەندیی ئیسرائیل و عەرەبە کەنداوییەکان و ئەمریکادا دەبێت. بۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە ئێران باڵی هەژموونی بەسەر عێراقدا گرتووە. بە پێی لۆژیك، پێویستە ئێرانییەكان وای ببینن كە عێراقێکی سەقامگیر و سەرفراز، كە لەژێر کاریگەریی ئەواندایە، وەک مۆدێلێکی باش دەبینرێت و نیشانی دەدات کە چۆن ئێران دەتوانێت هاوكاریی هاوپەیمانەکانی بكات و خۆشگوزەرانییان زامن بكات، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئێران رۆڵی هەبووە لە لاوازکردنی دامودەزگەکانی دەوڵەتی عێراق و بگرە لە پەرتەوازە بوونی لایەنە شیعیەکان و خوردبوونەوەیان بۆ چەندین هێزی سیاسی ڕکابەری بچووکتر و چەندین هێزی چەکداری حكومی و ناحكومی. لەو نێوەشدا، ئێرانییەكان سەرکەوتوو نەبوون لە ئیدارەدانی سیاسەتی عێراق یان وەستاندنی گلۆربوونەوەی عێراق بەرەو ئەناركی (فەوزا).
خۆگونجاندنی لایەنگرەکان
سەرەڕای ئەوەی ئێستا سەدرییەکان پەرلەمانی عێراقیان سووك و ئیفلیج کردووە، كەچی زۆربەی لایەنە غەیرە شیعیەکانی عێراق، یان خودی ئەندامانی پەرلەمان، لەجیاتی ئیدانەكردن، بە پشووی درێژەوە سینگفراوانیان نیشانداوە، تەنیا داوای دیالۆگیان كردووە لە ترسی ئەوەی نەوەكا بە لایەنگیر ببینرێن. لەوەش زیاتر، سەرۆكی پەرلەمان، لە جیاتی دەربڕینی تووڕەیی، كەچی سەرجەم چالاکیەكانی دامەزراوەكەی هەڵپەسارد.
هاوكات، بە پێچەوانەی هەڵوێستیەكانیان سەبارەت بە رەفتاری هەوادارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، كە هەڵیانكوتایە سەر كۆنگرێس لە كاپیتەڵ هیل، كەچی ئەمریکا و باقی هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکان لە رەفتاری سەدرییەكان و داگیرکردنی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستیان نەرم بوو. هیچ جۆرە رەخنەیەكیان لە خۆپێشاندەران و سەركردەكانیان نەگرت بەوەی كە حەڕەمی پەرلەمانیان داگیر كردووە. ماوەیەکی زۆرە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی وڵاتانی خۆرئاوا و عەرەبە کەنداوییەکان، وەبەرهێنانیان لە بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق کردووە بۆ ئەوەی وڵاتەکە سەقامگیرتر بێ و باشتر حوکمڕانی لێ بكرێ. ئەوان لە مێژە لە دژی هەژموونی ئێرانن بەسەر عێراقەوە و دژی پاڵپشتیكردنی ئەو دراوسێیەن بۆ هێزەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی یان ئەکتەرە چەکدارە ناحكومیەكانیان. وڵاتانی خۆرئاوا و عەرەبە کەنداوییەکان سەدرییەكانیان پێ پەسندترە و بە ناڕاستەوخۆ پشتگیری پلانەکانیشیان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە، بەو هیوایەی کە لە کۆتاییدا عێراق لە بەرامبەر ئێراندا بەهێز بکەن.
چارەسەر و دەرئەنجامەکان
بێگومان، ئەم قەیرانەی ئێستا کۆتایی پێ دێت، جا بە توندوتیژی یان بێ توندوتیژی. هەڵبەتە هەوڵی رێگریكردن لە بەرپابوونی توندوتیژی لە ناو ماڵی شیعی دەدرێت، بەڵام بە هەڵگیرسانی ئاژاوە و تووندوتیژی كارێكی ئاسانە بە تایبەتی ئەگەر رێگە بە بەردەوامبوونی ناکۆکیەکان بدرێت. بەهەر چۆنێك بێت، بۆ ئەوەی چارەسەریەكان بەرەو پێش بچن دەبێ سەدرییەكان دواتر رازی ببن بۆ سازان و گەڕانەوە بۆ ناو هەمان سیستمە سیاسییە کۆن بووەكە. دەكرێت سەدرییەكان 73 کورسییەكەی خۆیان لە پەرلەمان دەست بكەوێتەوە (کە ئیرادەیەک هەبێ، رێگەیەکیش دەبێ)، یان لایەنەكان لەسەر نەخشە رێگەیەک رێکبکەون بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ یان تەنانەت پێداچوونەوەی دەستوور. بێ گومان هەموو ئەم چارەسەرانە پێویستیان بە دووبارە کاراکردنەوەی پەرلەمانە راگیراوەکەی ئێستا دەبێ.
ئێران لە کۆتاییدا رۆڵێکی سەرەکی لە ئاشتبوونەوە و قایلکردنی هەموو لایەنەکان بۆ سازان دەبینێت. ئەوان تائێستا ئارام بوونە، بەڵام کاتێک ساتەوەختەكەی دێت، ئەوان باشترین پێگەیان هەیە بۆ ئەوەی كارەكان بەرەوە پێشەوە ببەن. ئێران شیاوترین لایەنە كە رۆڵی نێوەندگیری ببینێت، ئەگەرچی خۆشی لایەنگیرە و بەشێکە لەو ململانێیە بەهۆی دژایەتیکردنی سیاسەتەكانی سەدر و پشتگیریکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی. ئێران چەندین ئامراز و توانای سیاسی و دادوەری و دارایی و ئەمنییان لە ناو عێراقدا هەیە بۆ ئەوەی سەرسەختەكانی هەر لایەنێك نەرم بكەن، ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناچاربکەن بۆ سازان، هەندێک سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی وەلا بنێن و بەڵێنی گۆڕانكاری بە سەدرییەکان بدەن.
سەدرییەکان لە قومارەكەیان دەرچەیان لێداوە، دەشزانن كە زەحمەتە سەركەوتنی تەواو بەدەست بێنن، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، تازە عێراقیان گۆڕی و دینامیكیەتەكەیان خستە قۆناخێكی دیكەوە. ئەگەرچی ئێستاش سەدرییەكان لە حاڵەتی سەركەشیدانە و دیالۆگ رەد دەكەنەوە، بەڵام ناسراویشن بەوەی كە سیاسەتمەداری پراگماتیکین و لە رابردوودا سازشیان کردووە، زۆر جار پاشگەز بوونەتەوە و لە کاتی پێویستدا رێچكەیان گۆڕیوە. ئەمەش بەو مانایە نییە کە واز لە ئاواتەکانیان دەهێنن بۆ دەستگرتن بەسەر سیستمی حوکمڕانی. بە پێچەوانەوە، هەمیشە ئامادەن قوربانیشی بۆ بدەن، بەڵام ئەمە بۆ داهاتووە نەک ئەم خولەی ئەمجارە.


.png&w=3840&q=75)
