زیاتر لە یەک مانگ بەسەر کشانەوەی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە پەرلەمان و پڕکردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی بە ژمارەیەک پەرلەمانتاری نوێ، کە زۆربەیان سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگین، تێپەڕی. چوارچێوە بەو پێیەی ئێستا گەورەترین فراکسیۆنە، لە دەستنیشانکردنی بەربژێری خۆی شکستی خواردووە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بەردەوامبوونی چەقبەستووییە سیاسییەکە.
سەرەتا چوارچێوە پشووی یاسادانان و دواتریش پشووی جەژنی قوربانی کردە بیانووی دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی بەربژێری سەرۆکوەزیران، بەڵام ئاشکرا بووە هۆکارە بنەڕەتییەکە گەرمبوونی کێبڕکێی نێوان سەرکردە سەرەکییەکانیەتی لەسەر پۆستەکە و، کێبڕکێیەکە بە پلە یەک لە نێوان هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا واتە نووری مالیکی و هاوپەیمانیی فەتح واتە هادی عامری و هاوپەیمانیی نەسر واتە حەیدەر عەبادییە، حەزی هەر یەکێک لەمانە لە وەرگرتنی پۆستەکە لە ژێر ناوی شایستەی هەڵبژاردندا لە کاتێکدا دێت کە ئەدای لاوازیان لە هەڵبژاردنەکاندا، بەهۆی کشانەوەی رەوتی سەدر بۆ سەرکەوتنێکی گەورە وەرگەڕا.
کێبڕکێی سەرکردەکان و هێڵی دووەم
هادی عامری لە بەیاننامەیەکدا، رۆژی 11ـی تەممووز رایگەیاند: "من بەربژێر نیم بۆ ئەم پۆستە [پۆستی سەرۆکوەزیران] و بەربژێرکردنم لە لایەن ئەو برایانەوە کە ئەمە بە راست دەزانن، رەتدەکەمەوە"، بەڵام هەندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراوی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێن، عامری لە کۆبوونەوەی رۆژی 15ـی تەممووزی چوارچێوەدا لەو بڕیارەی پاشگەزبووەتەوە و بە سەرکردەکانی چوارچێوەی راگەیاند کە پاڵەپەستۆی زۆری نێو هاوپەیمانیی فەتح داوای پۆستەکە دەکەن بەو پێیەی شایستەیەکی هەڵبژاردنە هەر وەک چۆن بەرپرسیاریێتییەکی نیشتمانیشە.
بەڵام سەرۆکی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بۆ حەزی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە کردووە و رەتیکردووەتەوە ویستی چوونی نەبێت بۆ کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، وەک ئەوەی عامری لە 11ـی تەممووزدا کردی، بە کەسانی نزیکی خۆیشی راگەیاندووە کە ئەو هێشتا خۆبەربژێرکردنی رانەگەیاندووە، بۆیە پێویست ناکات بەیاننامە لەم بارەیەوە دەربکەن، بەڵکو هەر کەسێک داوای لێ بکات خۆی بەربژێر بکات، ئەم بە دەم خواستەکەیەوە دەچێت.
گەرمبوونی کێبڕکێی نێوان عامری و مالیکی، دەتوانێت پرۆسەی دەستنیشانکردنەکە پەک بخات، چونکە ئەمان نوێنەرایەتیی دیارترین دوو جەمسەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەن و هەر یەکێکیان خاوەنی نزیکەی سێیەکی کورسییەکانی چوارچێوەکەن، بۆیە سەختە بەربژێرەکانی دیکە بتوانن کێبڕکێیان لەگەڵدا بکەن.
ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە زۆرینەی سیاسەتڤانان خوازیاری کەسایەتییەکن لە هێڵی دووەم بێت، لە جیاتی سەرکردە نەریتییەکان کە لە رابردووی نزیکدا بەرپرسیارێتیی حوکمڕانێتییان هەبووە. پەیامەکەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدریش کە رۆژی هەینی لە کاتی نوێژی یەکگرتوویی لە شاری سەدر لە بەغدا لە لایەن نوێنەرەکەیەوە خوێندرایەوە، هەمان داواکاریی هەبوو و گوتی: "هەموومان گوێمان لە گوتەی (ئەزموونکراو ئەزموون ناکرێتەوە) بووە و خۆمان (سەرتاپا بە یەکەوە)مان بۆی زیاد کرد، بۆیە ئەزموونکراو نەگەڕێننەوە، چونکە لە ملهوڕییەکانی بەردەوام دەبێت، ئێمە نامانەوێت کارەساتە کۆنەکان دووبارە ببنەوە و، نیشتمان دەفرۆشرێتەوە و سپایکەر و سەقڵاوییە دووبارە دەبنەوە".
پاش ئەوەی محەممەد حەلبوسیی، سەرۆکی پەرلەمان کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانانی لە تویتێکی رۆژی 15ـی تەممووزدا راگەیاند و، گوتی: "داوا لە برایان و خوشکانی سەرکردەی هێزە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکەم شان بدەنە بەر بەرپرسیاریێتییەکان و گوتووێژەکان یەکلابکەنەوە بۆ رۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار"، رەوتی کۆبوونەوەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر بوون و وایکرد ئێوارەی هەمان رۆژ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەیەک بکات و بەیاننامەیەک دەربکات و بڵێت: "بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دەستنیشانکردنی سەرۆکی وەزیران، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەردەوامیی خۆی لە دانیشتنێکی کراوە و بەردەوام پەسندکرد و بە کردەنی دەستیپێکرد و، هێزە سیاسییەکانی نێو چوارچێوە هەستیان بە پاڵەپەستۆی ناوخۆیی و دەرەکی بەرەو یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسێیە کردووە".
میکانیزمی دەستنیشانکردن و یەکلاکردنەوەی گفتوگۆ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەرباری کۆبوونەوە ماراتۆنییەکانی، ئەو میکانیزمەی رانەگەیاندووە کە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێی بەربژێرکردنی سەرۆکوەزیران دەیگرێتە بەر. پێکهێنانی لیژنەیەکی پێنج قۆڵی لە سەرکردەکانی چواچێوە تاوتوێ کراوە، ئەرکەکەی لێکۆڵینەوە و گفتۆکردنە لەسەر دەستنیشانکردنە چاوەڕوانکراوەکە و ناونانی بەربژێرەکە لەو ناوانەی پێشنیاز کراون، بەڵام هێشتا ئەو لیژنەیە چاوەڕوانی پەسندکردنە و دەستی بە کارەکەی نەکردووە. هەندێک لە چاودێرانیش گومانیان لە توانای ئەو لیژنەیە لە یەکلاکردنەوەی دۆسێیەکە هەیە، ئەویش بەهۆی هەبوونی یەکتربڕی لە بەرژەوەندی و بۆچوونی ئەندامانی هەمان ئەو لیژنەیە، بە تایبەتیش کە هەندێکیان چاویان لە بەدەستهێنانی پۆستەکەیە لەسەر حیسابی ئەوانی دیکە.
بۆیە بژاردەی گەڕانەوە بۆ دەستەی گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەمێنێت، بە واتەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هەموو پەرلەمانتارانی ئەندام لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، تێیدا دەنگ بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرەکە دەدرێت و، ئەمە هەمان ئەو بژاردەیەیە کە بۆ یەکلاکردنەوەی کێبڕکێی نێوان ئیبراهیم جەعفەری و عادل عەبدولمەهدی لە 2006دا پیادە کرا، بەڵام رەنگە ئەم بژاررەیە تای تەرازووەکە بە لای دوو فراکسیۆنە گەورەکەی نێو چوارچێوەکەدا بشکێنێتەوە، دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی فەتح، بەمەیش دووبارە کێبڕکێی نێوان سەرکردایەتیی هەردوو فراکسیۆن گەرم دەبێت، لەگەڵ زیاتربوونی دەستوەردانی دەرەکی لە کاتی دەنگدانەکەدا، چونکە پەرلەمانتارەکانی چوارچێوە دەکەونە ژێر پاڵەپەستۆ و هەوڵی کارتێکردنیان، چ بە قسەی خۆش بێت یان بە چاوسوورکردنەوە.
هەندێک چاودێر پێیانوایە ئەو هەلەی سەرکردەی رەوتی سەدر لەسەر سینییەکی زێڕ پێشکێشی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد، خەریکە لەبەر زیادبوونی کێشەی کەسیی نێوان سەرکردەکانی چوارچێوە، لە دەست دەچێت و، شکستی ئەوان لە یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسێیە رەنگە ببێتە هۆکاری پاشاگەردانیی سیاسی و قووڵکردنەوەی بنبەستەکە نەک چارەسەرکردن، یان خاوکردنەوەی تووندییەکەی. لەم رووەیشەوە، عیززەت شابەندەری سیاسەتڤانی عێراقی دەڵێت: "ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە تاقیکردنەوەکە بە سەرکەوتوویی دەرنەچێت، چی دیکە لایەنەکانی راست نابنەوە"، زۆر لە چاودێرانی شیعەیش هەمان ئەم ترسەی ئەویان هەیە، تەنانەت هەندێکیان پێیانوایە ئەمە دوایین هەل بێت بۆ جێگیری و سەقامگیری و بەردەوامیی حوکمڕانیی شیعە و، داهاتوو نادیار دەبێت و خراپتر لە چاوەڕوانییەکانی لەگەڵدا دێت.
دوای ئەوەی هیچ بیانوویەکیان بۆ دواخستن و دواکەوتنی بە دەستەوە نەما، تەنیا یەک هەل لە بەردەم چوارچێوە و سەرکردایەتییەکانی هەیە بۆ بەپەلە یەکلاکردنەوەی دۆسێی بەربژێرەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی داهاتوو. شکستخواردن لەم جارەدا تەنیا بە کێشمەکێش و ململانێ لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی لەسەر حسابی بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات لێک دەدرێتەوە. دەبێت ئەو کەسە کێ بێت کە توانای لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریێتیی ئەم شکستە و رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی هەبێت؟ ئەمەیان چەند رۆژی داهاتوو ئاشکرای دەکەن.. دەی با چاوەڕی بکەین و بیبینین.



