لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێکدانەوەی ماددەی 70ی دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005ی عێراق، دادگەی فیدراڵی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: "ئەنجوومەنی نوێنەران سەرۆککۆمارێک لە نێو بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی تێکڕای ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران؛ هەروەها رێژەی یاسایی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی تێکڕای ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدیدێت".
ئەم لێکدانەوەیە دوای مشتومڕێکی قووڵی شارەزایانی یاسا هات لە لایەک، لەگەڵ لایەن و حیزبە سیاسییەکان لە لایەکی دیکە، بەدرێژایی چەند رۆژی کەمی رابردوو؛ هەر لە گوتارێکماندا کە لە 29ی کانوونی دووەمی 2022 بڵاوکرایەوە، ئاماژەمان بۆ ئەم مشتومڕە کرد و گوتمان، پێویستە دادگەی فیدراڵی بێتە سەرخەت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو مشتومڕەی کە هەیە؛ گوتمان: "باشتر وایە دادگەی فیدراڵی پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی 7ی شوبات بێتە سەرخەت بۆ یەکلاکردنەوەی مشتومڕ لەبارەی پێویستیی ئامادەبوونی دوو لەسەر سێ یان پێویستنەبوونی پێش دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار".
لێکدانەوەی نوێی ماددەی 70 گومانەکانی نەهێشت لە چەقی پرۆژەی زۆرینەی نیشتمانییدا، کە رەوتی سەدر و هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکە (هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان) بانگەشەی بۆ دەکەن، چونکە زۆر ئەستەمە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، بێ رەزامەندی و ئامادەبوونی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت هەردوو فراکسیۆنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار
ئامادەبوونی لانیکەم 220 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا بووەتە ناچاری، سەرباری ئەوەی نزیکەی 15-20 پەرلەمانتار وەکو باو هەمیشە ئامادەنابن بە بیانووی جۆراوجۆر، لەوانە نەخۆشی و گەشتکردن و سەرقاڵبوون بە ئەرکی دیکە یان بەهۆی سوێندنەخواردن یان بەهۆی بایکۆتکردنی تەواوی خولەکەی پەرلەمان، وەک ئەوەی سەرکردەکانی حیزبەکان لێی راهاتوون.
بۆیە کۆکردنەوەی 220 پەرلەمانتار بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنە یەکلاکەرەوەکەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار زۆر زەحمەتە؛ ئەگەر لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی دانیشتنەکە نەبن.
بەپێی سەرچاوەکانی خۆی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیکەی 85-88 پەرلەمانتاری هەیە، یەکێتی نیشتمانیش 19 پەرلەمانتاری هەیە، لەگەڵ 8-10 پەرلەمانتاری بەرهەڵستکاری سوننە و ژمارەی ئامادەنەبووان کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، بەوەش کۆی گشتی دوو لەسەر سێی پەکخەر لانیکەم دەگاتە نزیکەی 127 پەرلەمانتار. واتا کۆکردنەوەی دوو لەسەر سێی پەکخەر کە پێویستە و نزیکەی 110 پەرلەمانتارە چیدیکە ئەستەم نییە.
بەهۆی هەموو ئەوانە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە بێ دەستبەرداربوونی چەند شتێک و بە نەرمی مامەڵەکردن لەگەڵ دژبەرەکان لەلایەن رەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی کە بریتین لە پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەری نزیکە لەوەی بەدیهێنانی ئەستەم بێت.
سیناریۆکانی رۆژانی داهاتوو
هەواڵی گەیشتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا هەیە بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەم لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ بۆیە لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا دووچاری چەند سیناریۆیەک دەبینەوە، لەوانە:
1- نیمچە سازان و چوون بەرەو پێکهێنانی حکومەت
ئەوەی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان لە حەنانە لە رۆژی 31 کانوونی دووەم خرایەڕوو، دوای خستنەڕووی دەستپێشخەرییەکە، ئەوەیە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بانگهێشتبکرێت بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، بە پێدانی 4-5 وەزارەت، بەو مەرجەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ئەرکی دابەشکردنی ئەو وەزارەتانە لەئەستۆبگرێت، هەروەها ئەرکی رازیکردنی هاوبەشەکانی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ قبووڵکردنی ئەو ئۆفەرە بەو بسپێردرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، دوو رۆژ لەمەوبەر شاندێکی باڵا سەردانی عامری کردووە و پێشنیازێکی نۆ خاڵی پێشکەش کردووە؛ یەکەمیان بەشداریکردنی چوارچێوەیە بە نزیکەی 50 پەرلەمانتار لە حکومەتی زۆرینە؛ پەرلەمانتارەکانی دیکەی چوارچێوەش ببنە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام عامری ئەو ئۆفەرەی رەتکردووەتەوە بێ تاوتوێکردنی خاڵەکانی دیکە.
ئەم رەتکردنەوەیە تۆپەکەی گەڕاندەوە گۆڕەپانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رازیکردنی هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان بۆ قبووڵکردنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێ چوونە نێو وردەکارییەکان، کە دەکرێ ببنە هۆی شکستهێنانی رێککەوتنەکە؛ بۆیە پێویستە هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان نەرمی زیاتر بنوێنێت سەبارەت بە ژمارەی وەزارەتەکان و بەشداریکردنی کەسایەتییەکان کە چوارچێوە بە گونجاویان دەبینێت لە حکومەتی داهاتوودا.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە سازان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار بووەتە پێویست، چونکە ئەستەمە بەردەوام بن لە دەستپێشخەرییەکە بێ ئاوڕدانەوە لە داواکارییەکانی یەکێتی.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستبەرداری یەکێتی نەبێت و پاڵپشتی داواکارییەکانی بکات بۆ ئەوەی لانیکەم چوارچێوە بەبێ هێزی لایەنەکانی دیکە نەمێنێتەوە لەنێو هاوپەیمانییەک کە بناخەکەی چوار لایەنە، هەروەها بۆ ئەوەی رێز لە یەکێتی بگرێت لە بەرامبەر پاڵپشتی بۆ چوارچێوە و ئامادەنەبوونی لە دانیشتنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان؛ جگە لەوە ئەوان لە لایەک هەمان فاکتەری هەرێمییان هەیە کە پاڵپشتە بۆ یەکڕیزیی چوارچێوە، لە لایەکی دیکەشەوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی یەکێتی بکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار هەر پشکی خۆی بێت.
2- نەبوونی سازان و چوونە نێو بۆشایی دەستووری
ئەگەر دانوستاندنەکانی نێوان چوارچێوە و هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان یان لەنێوان چوارچێوە و رەوتەکە شکستبهێنن، ئەگەری زۆرە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجامنەدرێت، ئەوەش بەهۆی بەدینەهاتنی رێژەی یاسایی، کە لە لێکدانەوەی دادگەی فیدراڵیدا بە 220 پەرلەمانتار دیاریکراوە، ئەوەش بە واتای شکستهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 7ی شوبات، واتا سەرۆککۆماری ئێستا بەپێی ماددەی 72ی دەستووری عێراق بەردەوام دەبێت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی، کە لە دەقەکەیدا هاتووە: "سەرۆککۆمار بەردەوام دەبێت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ و کۆبوونەوەکانی، بەو مەرجەی سەرۆککۆمارێکی نوێ هەڵبژێردرێت لە ماوەی سی رۆژدا لە رێکەوتی بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی"، کە بە واتای چوونە نێو بۆشایی دەستووری و پەکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنە، چونکە هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار بە واتای دەستنیشاننەکردن و راسپاردنی بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. سەیر لەوەدایە دەستوور لە بنەڕەتدا ئەو کەلێنەی چارە نەکردووە، بۆیە بۆشاییەکە بەردەوام دەبێت بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو تاوەکو لایەنە سیاسییەکان رێکدەکەون لەبارەی بەڕێوەچوونی دانشتنێک رێژەی یاسایی تێیدا بەدیبێت.
یەکێک لە لێکەوتەکانی بۆشایی دەستووری ئەوەیە کە سەرۆککۆمار و حکومەتی راگوزەر بەردەوام دەبن لە پۆستەکانیان بێ چاودێری پەرلەمان، چونکە ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە، هاوکات مەترسی دواکەوتنی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی گشتیی ساڵانەش هەیە؛ لەگەڵ سستبوونی پرۆژەی چاکسازیی چاوەڕوانکراو کە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ.
رەنگە بۆشایی دەستووری بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بێت، وەکو ئەوەی لە لوبنان روویدا، لایەنەکانە براوەکانی هەڵبژاردنیش دوو بژاردەیان لەپێش دەبێت، کە باشترینیان تاڵە، یان دەبێ دەستبەرداری شایستەی هەڵبژاردنیان بن و لەگەڵ ئەو لایەنانە رێکبکەون کە کەمتریان بردووەتەوە، رەنگە تەنانەت لەگەڵ دۆڕاوەکانیش، یاخود سەرلەنوێ پەنا ببەنەبەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەخت.
3- سەرکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە
هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان دەتوانێت هەوڵی چڕ بدات بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ فراکسیۆنە بچووکەکان و مامناوەندەکان لە رێگەی پێشکێشکردنی دڵنیایی پێویست و هەندێک دەستبەرداربوون بۆ ئەوان بۆ رازیکردنیان بە بەشداریکردن لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ ئەوەی ئەویش سەرۆکوەزیران رابسپێرێت و حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت.
بەڵام کەسانێک هەن لەو باوەڕەدان کە ئەم حکومەتە هێندە دووچاری سازش و کێشە دەبێتەوە لە ژماردن نایەت و ناتوانێت خزمەتگوزاری پێشکێش بکات و چاکسازی بکات لەسایەی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز کە لە 140-150 پەرلەمانتار پێکهاتووە، لەگەڵ ئەو ئامرازانەی کە بەردەستن بۆ ئاستەنگ خستنە پێشی و رێگرتن، لەوانە شەپۆلێک لە پۆستنووس و نووسەر و چاودێر و راگەیاندنکار کە چاودێری هەموو جووڵەیەک و هەموو بڕیارێک دەکەن و دەیخەنە ژێر وردبینەوە بۆ پشکنین و وردبوونەوە و ناوزڕاندن.
ئەم سیناریۆیە نزیکترە لە تیۆرێک تاوەکو دۆخی راستەقینە، ئەگەریش رووبدات ئەو حکومەتەی کە لێی دەبێتەوە ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، بەتایبەتی ئەگەر ناکۆکییەکی بنەڕەتی لەنێوان پێکهاتەکانی هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان سەرهەڵبدات و بە ئەگەری زۆرەوە هەمووان پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبەن.
4- دووەم هەڵبژاردنی پێشوەخت
بەردەوامبوونی بنبەستی سیاسی نێوان لایەنە ناکۆکەکان و پەکخستنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لەگەڵ نەبوونی توانای پێکهێنانی حکومەت بۆ ماوەی رەنگە 5-6 مانگ هەمووان دووچاری بژاردەی گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی دووەم هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات، ئەوەش پێویستی بە رێککەوتنە لەبارەی بەردەوامبوونی حکومەتی ئێستا لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی یان پێکهێنانەوەی حکومەتێکی سازان و کاتی کە ئەرکی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ دەبێت لەگەڵ ئەگەری هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی ئێستای یاساکە و سیستمی هەڵبژاردن، بە گۆڕینی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە.
ئاسان نییە لایەنە سیاسییە براوەکان بەتایبەتی پێکهاتەکانی هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتیمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت رازی بن، تەنیا لە دۆخی بە دڵنیایی داڕووخانی هەموو شتێک نەبێت.
5- داڕووخان و ئەگەری پشێوی
مەحاڵبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنەکانی دەسەڵات رەنگە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاڵۆز بکات، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، چونکە چیدیکە هاووڵاتی ناتوانێت چاوەڕێی لایەنە سیاسییەکان بکات تاوەکو لە ململانێیان لەسەر سوود و دەستکەوتەکان دەبنەوە، لەوکاتەی کەسانێک بەردەوامن لە بەتاڵانبردنی سامانەکان، لە کاتێکدا چەندین چین و توێژی فراوان لەوپەڕی خەم و هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاسایشدا دەژین.
هەموو ئەوانە ئاماژە بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنی جەماوەری دەکەن، بەڵام رەنگە ئەمجارەیان بگاتە پێکدادانێکی راستەقینە لەنێوان شەقام و چینی سیاسیی دەسەڵاتدار، دوای ئەوەی شەقام بژاردە ئاشتیخوازەکانی تاقیکردنەوە بۆ داواکردنی سادەترین مافەکانی لەسەر دەوڵەت، ئەوەش دەکرێت ببێتە هۆی رووخانی تەواوی پرۆسەی سیاسی، بەتایبەتی ئەگەر ئاژاوە زاڵ بوو و شارەکان یەک لە دوای یەک بڕووخێن. هۆکاری پێشبینیکردنی سیناریۆیەکی وەها ئەوەیە کە هێشتا چینی سیاسی سوورە لەسەر ئەوەی هەست بەو نەهامەتییانە نەکات کە چینی هەژار و سوپاکانی بێکاران کە بۆ کار دەگەڕێن بەدەستیانەوە دەناڵێنن و تەنانەت هەوڵی چارەسەرکردنیان نادات، لەپاڵ بەردەوامبوونی خراپبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و ماندووبوونی ژێرخانی ئابووری و داڕمانی کەرتە گرنگەکان لەوانە پێشەسازی و تەندروستی و خوێندن.
رەنگە پەرچەکردارەکانی شەقامی راپەڕیو ببنە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ رێگرتن لە داڕمانە پێشبینیکراوەکە، ئەوەش لە ساڵی 2019 روویدا کاتێک حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشایەوە و پەنا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بردرا، هەرچەندە لێرە جیاوازییەک هەیە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دوو ساڵ دواناکەوێت، وەکو ئەوەی لەمدواییە روویدا.
چارەسەر
پێویستە لایەنە سیاسییەکان هەست بە مەترسی قۆناخەکە بکەن و لەوە تێبگەن کە دۆخەکە لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت و چی دیکە کاتی زۆر نەماوە، هەروەها لێکدانەوەی ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵیش وایکرد پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ سازان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت هەردوو فراکسیۆنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان جۆرێک لە ئەستەم بێت. بۆیە واباشترە بۆ هەمووان نیمچە سازانێک هەبێت، چونکە فراکسیۆن هەن دەیانەوێ ببنە ئۆپۆزیسیۆن و فراکسیۆنی گەورەش دەیانەوێت بەشداربن.
بەشداریی لایەنە سیاسییە گەورەکان دەکرێ رووبدات بە واژۆکردنی رێککەوتنێکی پێنج قۆڵی (رەوتی سەدر، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاوپەیمانی سەروەریی (عەزم و تەقەدووم) و (پارتی و یەکێتی) بە یەک کارنامەی روون بۆ ئەوەی پێکەوە بەرپرسیارێتی هەڵبژاردن لەئەستۆبگرن لەبەردەم دەنگدەری عێراقی بۆ ئەوەی هەمووان بەرپرسیار بن لە شکستهێنان یان سەرکەوتن لە ئایندەدا.
رەنگە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکە دەرفەتێکی گونجاو بێت بۆ رێگرتن لە بەردەوامبوونی بنبەستی سیاسی، چونکە بەبێ چارەکردنی ئەو بنبەستە دووچاری بۆشایی دەستووری دەبین کە رەنگە دووچاری دۆخێکی نەخوازراومان بکات، ئەوکات براوە دەبێتە دۆڕاو و دۆڕاو زیاتر دەدۆڕێنێ.



