دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا، کە بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی دەستوورین، بەوەش کۆتایی بە پرسێکی جێی ناکۆک هێنا، کە زۆری نەمابوو دۆخی سیاسیی زیاتر ئاڵۆز بکات، بەو کارە رێگەی خۆشکرد لە پێشی رێکارە دەستوورییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دواتر راسپاردنی بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن لە رووی ژمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
هەروەها سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوێنێ، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند؛ رۆژی 7ی شوبات وادەی دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەوەش گەڕی دانوستاندنی سیاسی دەستیپێکرد بۆ بەدەستهێنانی یەکێک لەو دوو پۆستە، مەبەستم لێرە سەرۆکایەتیی کۆمارە بۆ کورد و سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ شیعە، هاوکات لەگەڵ گەیشتنی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر بۆ بەغدا لە رۆژی 26ی ئەم مانگەدا، کە سەردانێکی لەناکاودا بوو، پێشتر رانەگەیێندرا بوو. بەڵام گەڕەکە ئاستەنگی هاتە پێش، ئەگەرچی کاتیش بێت و گۆڕا بۆ هەڵوێستی دژبەرانە و جەمسەرگەریی لەنێوان بەرە رکابەرەکاندا.
سەدر ئاشکرای دەکات و چوارچێوە رەتیدەکاتەوە
سەدر لە 25ی کانوونی دووەمدا گوتارێکی لە تەلەڤزیۆن بڵاوکردەوە، تێیدا وردەکارییەکانی هەڵوێستەکانی بەرامبەر گەورەترین فراکسیۆن و پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی و چەند نهێنییەکی دۆخی سیاسی بڵاوکردەوە، ئەو گوتی "بەرگریکاران لە ئێمە کەم بوون" و ئەو لەسەر رێبازی باوکێتی کە پەنای بۆ گوتاری تەلەڤزیۆنی دەبرد بۆ بەرگریکردن لە خۆی و روونکردنەوەی دید و هەڵوێستەکانی. ئەو ناوەڕۆکی چەند دیدارێکی پێش و پاش هەڵبژاردنی پێشوەخت لەگەڵ لایەنە شیعەکانی دیکەدا ئاشکرا کرد، ئەو بەرگریکرد لە سووربوونی خۆی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و لایەنە رکابەرەکانی بانگهێشت کرد بۆ قبووڵکردنی پەرەنسیپی یارییە دیموکراسییەکە و رێساکانی و بوون بە ئۆپۆزیسیۆن.جەختیشی کرد، "ئێمە سووربووین و هەر سوورین لەسەر حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی"، لەوەدا پشت بە بەشداریی بەشێکی لایەنەکانی نێو چوارچێوە دەبەستێت نەک هەموویان، گوتیشی: "برامان عامری لە 15ی کانوونی دووەمدا بە تەنیا هات و پێکەوە دانیشتین و رێککەوتین لەبارەی ئەوەی بەشێکی چوارچێوە بەشداربێت، حاجی عامریش بەوە رازی بوو، بەبێ مالیکی، دواتر چەند رۆژێک چاوەڕوان بووین، ئینجا هەواڵی بۆ ناردم و گوتی نەخێر ئێمە پاشگەزبووینەوە لە رێککەوتنەکە".
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لای خۆیانەوە سوورن لەسەر هەڵوێستیان کە بریتییە لە رەتکردنەوەی بیرۆکەی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ بەشداریی ئەوانی دیکە، دڵنیاییشیان دا کە چوارچێوە بە هەموو لایەنەکانی بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و ئەوان نایانەوێ بەشێکیان لە پێکهێنانی حکومەتدا بەشداربێت بەبێ بەشەکەی دیکەیان، راگەیەندراوەکەشیان کە لە 25ی کانوونی دووەمدا دەرچوو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە "بەردەوامبوونی پەیڕەوی پەراوێزخستن واتا پاڵنانی ئەو لایەنانەیە کە زۆرترین دەنگی هاووڵاتیانیان لە هەڵبژاردنی ئەمدواییە بەدەستهێنا پێکەوە بەرەو ئۆپۆزیسیۆن بوون یان بایکۆتکردن بچن" چوارچێوە پێیوایە پەراوێزخستنی بەشێکی لەسەر بەرژەوەندی پێکهاتەی شیعە دەبێت و لەوبارەوە دەڵێ "ئەوە نادادوەری و ستەمە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ناسەقامگیری".
سەدر لە گوتارە تەلەڤزیۆنییەکەیدا هیوای خواست چوارچێوە و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح ئەو هەڵوێستەیان بگۆڕن. سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی سەدر هات بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت و بە تەنیا لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیاریکراوی نێو چوارچێوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەڵام ئەو رووبەڕووی بەدەنگەوە نەهاتنی چوارچێوە بووەوە، هەروەها هەوڵی رێکخستنی هەر دیدارێک لەو بارەوە شکستیهێنا، بۆیە تەنیا سەردانێکی ئایینی بۆ مەزارگەی کازمی ئەنجامدا و دواتر راستەوخۆ گەڕایەوە نەجەفی پیرۆز.
پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی کۆمار
هاوکات لەگەڵ گەیشتنی لایەنە سەرەکییەکانی شیعە بە بنبەستی روون، ناکۆکییەکان لەنێوان یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکردایەتی بافل تاڵەبانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکردایەتی مەسعود بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار زیاتر بوون، دوای شکستهێنانی هەوڵەکانی بەدیهێنانی پێکهاتن لەنێوان هەردوولا بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرێک بەرەزامەندی هەردوولایان، چونکە یەکێتی ئەو پۆستە بە شایستەی خۆی دەزانێت بەپێی نەریتی سیاسی کە لە ساڵی 2006وە باوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی گەورەترین هاوبەشە لە هەرێم و بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز، لە بەرامبەردا پارتی پێیوایە ژمارەی زۆری کورسییەکانی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سەروەریی سوننە کە لە عەزم و تەقەدووم پێکهاتووە بەردنەوەی پۆستەکەی بۆ مسۆگەر دەکات، لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی روون بۆ راستکردنەوەی پێگەی کورد لە هەردوو گۆڕەپانی عێراق و کوردستان.
روونە کە رکابەری لەسەر کورسی سەرۆکایەتیی زۆر سەخت دەبێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستنیشانکردن و ناونانی سەرۆککۆماری داهاتوو لە حەوتی شوبات، هەردوولا هێندە توانایان هەیە باوەڕیان بە سەرکەوتنی خۆیان هەبێت. بەشێک لە چاودێران وای دەبینن کە هاوپەیمانی سێقۆڵی هێز و چانسی زۆر دەبەخشێتە پارتی، بەتایبەت کە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لە مشتیاندایە، ئەگەریش بتوانن دەنگی چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکانی دیکە بۆ خۆیان رابکێشن بەتایبەت لە سەربەخۆکان ئەوا دەیبەنەوە. بەڵام بەشێکی دیکەی چاودێران پێیانوایە کەشی سیاسی لە بەغدا سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار لە بەرژەوەندی یەکێتیدایە و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بردنەوەی پۆستەکە لەلایەن یەکێتییەوە بە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی دەبینن بۆ هاوکێشەی سیاسی، بەهۆی ئەو هۆکارە لایەنەکان دەنگ بە بەربژێری یەکێتی دەدەن، واتا تەرازووەکە لەنێوان یەکێتی و پارتی هاوتا دەبێت، رکابەرییەکەی نێوان هەردوولاش بەردەوام دەبێت، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە بۆ هیچکامیان مسۆگەر نییە.
گەڕانەوەی دادگەی فیدراڵی بۆ نێو دۆخەکە
پێشبڕکێی سەرۆکایەتی کۆماریش دەکرێ دۆخی سیاسی ئاڵۆز بکات و رەنگە ببێتە هۆیەکی گەڕانەوەی دادگەی فیدراڵی سەرلەنوێ بۆ نێو دۆخەکە. چونکە مشتومڕێکی زۆر قووڵ هەیە لەنێوان شارەزایانی یاسا سەبارەت بە لێکدانەوەی ماددەی 70ی دەستوور کە تایبەتە بە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە دەڵێ: (یەکەم: ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێو بەربژێرەکان سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامەکانی. دووەم: ئەگەر هیچکام لە بەربژێرەکان دەنگی زۆرینەی پێویستی بەدەستنەهێنا، ئەوا کێبەڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرە دەکرێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، ئەو بەربژێرەشی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت لە دەنگدانی دووەمدا دەبێت بە سەرۆککۆمار).
جەمال ئەسەدی، شارەزای یاسایی دەڵێت "پەرەنسیپی رێژەی یاسایی کە مەرجە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ماوە و دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، واتا 220 ئەندام، ئەو دەقەش لە دوو شوێنی دەستووردا دیاریکراوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و بۆ یاسای دادگەی فیدراڵی، هۆکاری سەرەکی ئەوە بریتییە لەوەی ئەو دوو بابەتە بە زۆرینەی روون و فراوان بن، هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقیش بگرێتەوە، بە تێبینی ئەوەی بەدیهاتنی رێژەی یاسایی مەرج نییە بە واتای ئەو رێژەی دانیشتنە بێت کە لە ماددەی 59ی دەستووردا هاتووە، چونکە رێژەی یاسایی دانیشتن شتێکە و رێژەی یاسایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دادگەی فیدراڵی شتێکی دیکەیە" ئەوە واتا ئامادەنەبوونی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران وا لە دەنگدان لەسەر سەرۆککۆمار دەکات پێچەوانەی دەقی دەستوور بێت، لە بەرامبەر ئەو رایە تیمێکی دیکەی شارەزایانی یاسا پێیوایە رێژەی یاسایی هەر دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەران نیو کۆی یەکە وەکو ئەوەی لە ماددەی 59ی دەستووردا هاتووە، ماددەی 70 مەرجی دانەناوە دوو لەسەر سێ لەوێ بن بۆ دەنگدان، بەڵکو کردوویەتە مەرج بۆ بردنەوە لە گەڕی یەکەمدا، بەڵام ئەگەر هیچکام لە بەربژێرەکان لە گەڕی یەکەمدا دوو لەسەر سێیان بەدەستنەهێنا، بابەتەکە لە گەڕی دووەمدا یەکلاییدەکرێتەوە، بەبێ ئەوەی پێویست بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێ بکات لە کاتی دەنگدان لە هەردوو گەڕەکەدا.
بەشێکی چاودێران پێیانوایە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران پەنا بۆ رای دووەم دەبات و هەر لەگەڵ بەدیهاتنی رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە دەست بە پرۆسەی دەنگدان دەکات لە حەوتی شوبات، ئەگەرچی دوو لەسەر سێی ئەندامانیش ئامادە نەبن، لەو دۆخەدا تانەی نوێ تۆمار دەکرێن و گومان دەخرێتەسەر پرۆسەی دەنگدانەکە، بۆیە براوەکە مافی ئەوەی نابێت ببێتە سەرۆککۆمار.
بۆیە باشترە دادگەی فیدراڵی پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە لە حەوتی شوبات بێتە سەرخەت بۆ یەکلاییکردنەوەی مشتومڕ سەبارەت بە مەرجی ئامادەبوونی یان ئامادەنەبوونی دوو لەسەر سێ پێش دەستپێکردنی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
ئاڵۆزبوونی دۆخەکە بۆ دۆخی ئەمنی خراپە
روونە لێرە کە پرۆسەی سیاسیش گەیشتە بنبەست، چونکە سەردانەکەی سەدر بۆ بەغدا و گەڕانەوەی بەبێ ئەنجامدانی هیچ کۆبوونەوە و دیدارێک لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوە بەڵگەیەکی روونە کە هەر لایەنێکی ئەو دوو لایەنە هێشتا دەستی بە بژاردەکانی خۆی گرتووە و هەر یەکەیان بەرەو تووندی دەچن لەبری نەرمی نواندن. لە کاتێکدا رووداوە ئەمنییەکان زیاد بوون، هەر لە بەئامانجکردنی میوانخانەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە مووشەکی کاتیۆشا لە 25ی کانوونی دووەم و بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، دوێنێ، تاوەکو هێرشەکانی سەر بارەگاکانی حیزبەکانی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکە، لەگەڵ زنجیرەیەک رووداوی ئەمنی کە چاودێران پێیانوایە کردەوەی جیاوازن بۆ شڵەژاندن و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و هەوڵی گوشارکردنە لەسەر چەند لایەنێکی سیاسی دیاریکراو.
ئەو کردەوانە سەرکۆنەکردن و ئاراستەکردنی تۆمەتی ناڕاستەوخۆیان لەلایەن سەرکردە سیاسییەکان زیاتر کرد، چونکە رابەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند "بەرژەوەندییەکانی گەل مەکەنە ئامانج، چونکە گەل و نیشتمان هێڵی سوورن، بەردەوامین بۆ حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە نیشتمان"، هەروەها قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق لە تویتێکدا رایگەیاند "ئەجیندا هەن کە دەیانەوێ کارتەکان تێکەڵ بکەن بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا. لایەن و کەسایەتی سیاسی هەن، لەگەڵ دەزگای راگەیاندن دەیانەوێ ئەم رووداوە بقۆستنەوە بۆ بەئامانجکردنی سیاسی، لە رێگەی تۆمەت بەخشینەوە بەشێوەیەکی روون بێ یان بە ناڕاستەوخۆ بۆ چەند لایەنێکی دیاریکراو بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک".
پێشبینی دەکرێت دۆخی ئەمنی لە چەند رۆژی داهاتوودا خراپ بێت بەهۆی شکستهێنانی هێزە ئەمنییەکان لە چاودێریکردنی جووڵەی گرووپە چەکدارەکان کە لە پشتی ئەو کردەوانەن بۆ ئەوەی رێگربن لەو کردەوانە، چونکە ئەو کردەوانە بەبێ هیچ رێگرییەک ئەنجامدەدرێن.
لەلایەکی دیکەوە درزبوونی نێوان هەردوو حیزبە کوردییە سەرەکییەکە دەبینین، سەبارەت بە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و رۆژ دوای رۆژ ناکۆکییەکە قووڵتر دەبێت بەهۆی هەوڵی هەریەکەیان بۆ راکێشانی لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا بۆ لای خۆیان، بۆیە رەنگە ئەو درزبوونە بگاتە قۆناخی ئێشک شکاندن لەنێوان هەردوولادا، چونکە هەر لایەنێکی ئەو دوو لایەنە ئامادە نییە بدۆڕێت، ئاشکراش نییە لایەنی دۆڕاو چۆن هەڵسوکەوت دەکات و هەڵوێستی چۆن دەبێت چ لە بەغدا بێت یان لە هەرێمی کوردستان، تەنانەت مەترسی زۆر هەیە کەلێنی نێوان هەردوو حیزبەکە بگاتە ئاستی بایکۆتکردن و دابەشکردنی هەرێم بۆ دوو ئیدارە.
تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەئارادا نییە سەبارەت بە ئەگەری چارەکردنی پرسە سیاسییەکان لەنێو کورد لە لایەک و لەنێوان چوارچێوە و رەوتەکە لە لایەکی دیکەوە، هیچ لایەنێکی بێلایەنیش نییە هەوڵی هێورکردنەوە و پێکهاتن بدات لەنێوان ناکۆکەکان بۆ مسۆگەرکردنی روونەدانی بەریەککەوتن لەنێوان ئەو لایەنانەی کە لە ململانێدان و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو دۆخە سیاسییە گرژە.
بێگومان چەند رۆژی کەمی داهاتوو سەختر دەبن لەوانەی کە تێپەڕین، چونکە لایەنە سیاسییەکان کە لە ململانێدان سوورن لەسەر هەڵوێستی تووندیان، هەروەها لەگەڵ دەستنیشانکردنی کەسایەتی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و شێوازی پێکهێنانەکە و لایەنە بەشدارەکان لەو حکومەتە، ئاستی ناکۆکی نێوان شیعەکان زیاتر دەبێت، ئەوکات نزیکدەبینەوە لە ئەگەری بەریەککەوتنی سیاسی کە رەنگە تەشەنە بکات و ببێتە هۆی بەریەککەوتنی جەماوەریان، کە بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی بەکارهێنانی چەک لەنێوانیان، چونکە هەر لایەنێک و بڕی پێویستی چەک و تەقەمەنی هەیە، تەنانەت بەشێک لە چەکدارەکانیان دەستیان لەسەر چەکەکانیانە.
بەرژەوەندی باڵای وڵات وا پێویست دەکات هەمووان پەنا بۆ هێوڕکردنەوە و ژیری و ئارامگرتن ببەن، هەروەها رێگەی گفتوگۆکردن و لێکتێگەیشتن هەڵبژێرن لەبری هەوڵی شکاندنی ویستەکان، دەبێ هەمووان باش درک بەوە بکەن کە گۆڕینی دۆخی سازانی سیاسی لە شەو و رۆژێکدا، یان بازدان بەسەر نەریتی سیاسی کە لەوەتەی دروستبوونی ئەو دەسەڵاتە باوە بەبێ سازان ئەستەمە ئەگەر مەحاڵ نەبێت، ئەو کاولکارییەشی کە دەکرێ لەنێو ماڵی شیعە رووبدات یان لەنێو ماڵی کورد یان لە هەردوو ماڵەکەدا هەموو عێراق دەگرێتەوە.



