رەوتی سەدر بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو توانیی ویستی خۆی بەسەر رکابەرەکانیدا بسەپێنێ و ببێتە گەورەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ لە 9ی ئەم مانگەدا، کە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی لە وادەی دەستووریی دیاریکراودا کۆتایی هات، لە کاتێکدا کاریگەریی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاشەکشێی کرد، لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی پەرلەمان دۆڕا و تەنیا دەستکەوتی سوێندخواردنەکە بوو، هەرچەندە شکستیهێنا لە هەوڵی تەگەرەخستنە پێشی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە بۆ رێگرتن لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، کەچی لە ژێر گوشاری چوارچێوە جارێکی دیکە سەرنج خرایە سەر دادگەی فیدراڵی، بەڵام ئەمجارەیان بۆ رێگرتن لە تێپەڕاندنی ئەنجامەکانی یەکەم دانیشتن.
بڕیارە کارگێڕییەکە کە دادگەی فیدراڵی رۆژی 13ی کانوونی دووەم دەریکرد و تێیدا هاتووە "دەبێ کاری دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نوێنەران بەشێوەیەکی کاتی رابگیرێت تاوەکو هەردوو سکاڵاکە یەکلاییدەکرێنەوە" وەکو بەلەمێکی فریاگوزەر بوو بۆ کەشتی چوارچێوە تا ئەوکاتەی هەناسەیەک وەردەگرێت و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەستپێشخەری دەدات.
ئیدی روونە کە رێگەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو وەکو لە چەند وتارێکی پێشوو پێشبینیمان کرد ئاسان نابێت، پەیامە تووندوتیژەکان نێردران، ئەوانەش لە رێگەی زنجیرەیەک بەئامانجکردنی بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەی سەوز بە مووشەک و هاوێشتنی بۆمب و تەقەمەنی بۆ سەر نووسینگەکانی هەردوو هاوپەیمانی تەقەدووم و عەزم لە ناوچەی ئەعزەمییە.
شیعەکان لە ژێر کاریگەریی دابەشبوون دەناڵێنن
ماڵی شیعە بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی سەریانهەڵدا و نەبوونی سازان لە نێوان لایەنە رکابەرەکان لەسەر دەسەڵات دابەش بوو، لەوکاتەی رەوتی سەدر بووە خاوەن هەژموون بەسەر هەڵبژاردن، سوورە لەسەر دوورخستنەوەی چەند لایەنێکی ئەندام لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی. لە بەرامبەردا چەند فراکسیۆنێکی چوارچێوە سوورن لەسەر ئەوەی دەستبەرداری هیچ پێکهاتەیەکیان نەبن، لە بەرامبەر بەدیهێنانی ویستی رەوتی سەدر.
ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی کە رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی پێشوەخت بەدەستیهێنا ترسی لای سەرکردەکانی ماڵی سیاسیی شیعە دروست کردووە، ئەوان وای دەبینن موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رەنگە پەنا بۆ بەئامانجکردنیان ببات، هەر کاتێک توانیی جومگەکانی دەوڵەت کۆنترۆڵ بکات پەراوێزیان بخات، بەتایبەت لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان.
بەشێک لەوان پێیانوایە سەدر لە ئایندەدا کار دەکات بۆ هەڵوەشاندنیان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە، هەروەها خۆی دەکاتە سەرپەرشتیاری ئەوان، بەوەش ئەوان بەشێکی زۆری دەسەڵاتیان لەدەست دەدەن. لەپاڵ ئەوە ماڵی شیعە ئێستا دەترسێ لە زاڵبوونی کورد و سوننە لە پڕۆسەی سیاسیدا. هاوکات لەگەڵ ناکۆکییە گەورەکانی نێو ئەو ماڵی شیعە، ژمارەیەک چاودێر باوەڕیان وایە پێکهێنانی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکە لە نێوان سەدر و پارتی و سوننە، شیعە دەکاتە کەمینەیەکی کاریگەر، چونکە ژمارەی پەرلەمانتارانی کورد و سوننە (93 کورسییە) لە هاوپەیمانییەکەدا زیاترە لە ژمارەی پەرلەمانتارانی شیعە (76 کورسی)، ئەوەش گوزارشت لە مەترسییەکی گەورەتر دەکات. ئەگەر فراکسیۆنی دیکە لە کورد و سوننە لە کاتی دەرکردنی بڕیارە گرنگەکان بچنە پاڵ ئەو هاوپەیمانییە ئەو کات مەترسییەکە دەردەکەوێت، وەکو لە هەڵبژاردنی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران روویدا کە 200 دەنگی بەدەستهێنا هەرچەندە زیاتر لە نیوەی پەرلەمانتارانی شیعە لە دانیشتنەکە کشانەوە.
مشتومڕی گەورەترین بلۆک
لەمەوبەدوا پێکهێنانی گەورەترین بلۆکی شیعە وەکو لە خولەکانی پێشوو باو بوو ئەستەمە، ئەوەش بەهۆی چوونی پەرلەمانتارانی نوێ بەرەو چەندین فراکسیۆنی بچووک، چونکە فراکسیۆنەکانی ئیمتیداد (9 پەرلەمانتار) و ئیشراقەی کانوون (10 پەرلەمانتار) و فراکسیۆنی تەسمیم (5 پەرلەمانتار) و چەند سەربەخۆیەکی نێو فراکسیۆنی عێراقی سەربەخۆ (5 پەرلەمانتار) راگەیێندران، بەوەش گەورەترین فراکسیۆنی پێشبینیکراوی شیعە نزیکەی 29 پەرلەمانتاری لە کۆی پەرلەمانتارە شیعەکان کە ژمارەیان لەم خولەی ئێستا 179 پەرلەمانتارە لەدەستدا.
گەورەترین بلۆک لە یەکەم دانیشتن یەکلایی نەکرایەوە، چونکە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بلۆکێکی پێشكێشکرد کە لە 88 پەرلەمانتار پێکهاتبوو. لە کاتێکدا گومان لەو ژمارە دەکرێت، بۆ نموونە عادل حاشووش، وەزیری کار کە سوێندی دەستووری نەخواردووە هەژمار ناکەن. هەروەها پێنج پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عێراقی سەربەخۆ راگەیێندراوێکی واژۆکراویان بڵاوکردەوە تێیدا دەڵێن، هیچ لایەنێکمان سەرپشک نەکردووە لەبری ئێمە واژۆ بکات و ئەوان نەچوونەتە نێو هیچ هاوپەیمانییەک بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن. ئەگەر ژمارەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر (75 پەرلەمانتار) لەبەرچاو بگرین ئەوا ژمارەی پەرلەمانتارانی شیعە لە نێو فراکسیۆنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێتە 75 پەرلەمانتار.
هاوپەیمانی تەسمیم لای خۆیەوە لە یەکەم دانیشتن رایگەیاند کە "لە فراکسیۆنی (ئیسڵاح وەتەن) و فراکسیۆنی جێگرەوە (فراکسیۆنی ئینقاز وەتەن) کشاینەوە و دڵنیایی دەدەین کە واژۆمان لە هەردوو فراکسیۆنەکە کشاندووەتەوە" ئەم راگەیاندنە دوای ئەوە هات کە پارێزگاری بەسرە و بەرپرسی یەکەمی هاوپەیمانیی تەسمیم چوونی بۆ پاڵ رەوتی سەدر راگەیاند. سەرچاوەیەکی نزیک لە هاوپەیمانیی تەسمیم گوتی فراکسیۆنی ئیسڵاح وەتەن ئەو فراکسیۆنەیە کە رەوتی سەدر پێکیهێنا و ئەو پەرلەمانتارە شیعانەی تێدایە کە بوونەتە هاوپەیمانیی رەوتەکە.
فراکسیۆنی ئینقاز وەتەن هەر فراکسیۆنی نیشتمانییە کە رەوتی سەدر پێکیهێنا و حیزبەکانی دیکەی تێدایە کە بوونە هاوپەیمانیی رەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی تەقەدووم و عەزم.
هەر لەم بارەوە حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران بە فەرمی گەورەترین فراکسیۆنی پێشکێشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی گەورەترین فراکسیۆن رانەگەیێندراوە، چاودێرەکانیش پێشبینی دەکەن رەوتی سەدر دوو فراکسیۆنی پێشکێش کردبێت کە ئیسڵاح وەتەن و ئینقاز وەتەنن.
فراکسیۆنی ئیسڵاح وەتەن لە 75 کورسیی شیعە تێناپەڕێت، ئەگەر هەمان گریمانەکانی هاوکێشەکەی سەرەوە بەکاربهێنین، (کۆی پەرلەمانتارانی شیعە 179-29 پەرلەمانتاری دەرەوەی فراکسیۆنەکە-75 پەرلەمانتاری چوارچێوە). بەڵام فراکسیۆنی ئینقاز وەتەن بریتییە لە فراکسیۆنی سەدر و ئەوانەی کە لەگەڵین (75 پەرلەمانتار) و هاوپەیمانیی تەقەدووم و ئەوانەی لەگەڵین (42 پەرلەمانتار) و هاوپەیمانی عەزم (14) و پارتی دیموکراتی کوردستان (31) بەوە ژمارەی فراکسیۆنی ئینقاز وەتەن دەبێتە نزیکەی 162 پەرلەمانتار و ئەو فراکسیۆنە بەسەر پێکهاتەکان بازدەدات و حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی پێکدەهێنێت کە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بانگەشەی بۆ دەکات.
لێرە گرنگترین پرسیار دێتەئاراوە سەبارەت بەوەی کام لایەنی شیعە دەتوانێ گەورەترین فراکسیۆن پێکبهێنێت سەرباری کەمیی ژمارەیان و مانەوەی زۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە لە دەرەوەی ئەو هاوپەیمانییە؟! لایەنی سیاسیی دەستڕۆیشتوو لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەشێکی خاوەن بڕیاری سیاسیی شیعە پێیان وایە ئەو سیناریۆیە هەڕەشە دەکات لە یەکێتیی ماڵی شیعە و ئایندەی لە ماوەی درێژخایەندا و ئەو هەنگاوە بە زێدەڕۆییەکی ترسناک و هێڵی سوور ناودەبەن کە ناکرێ پشتگوێ بخرێت. کەچی رێبەری رەوتی سەدر باوەڕی وایە رەوتەکە گەورەترین فراکسیۆنە لە نێو ئەو هاوپەیمانییە و خۆی خاوەن بڕیارە بە بەشداریی برایانی نیشتمان.
شایەنی باسە مشتومڕ لەبارەی ئەوەی کێ گەورەترین فراکسیۆن پێکدەهێنێت هێشتا کۆتایی نەهاتووە و رەنگە ببینین سەرلەنوێ و لە ماوەیەکی نزیکدا قووڵ ببێتەوە، لە کاتی دەستپێکردنەوەی کارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دوای ئەوەی دادگەی فیدراڵی ئەو سکاڵانە یەکلایی دەکاتەوە کە لە دادگەکە تۆمارکراون.
هەردوو ماڵی کورد و سوننە
وا دەبینین گەورەترین براوەی هەڵبژاردن و چارەنووسی یەکەم دانیشتن پێکهاتەی سوننەیە، چونکە سەرکردەکانی کە بریتین لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم توانییان رێککەوتنێکی روون و راشکاو بکەن بۆ چوونە نێو هاوپەیمانییەک لەگەڵ رەوتی سەدر و بەربژێرکردنی سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم وەکو تاکە بەربژێری ئەوان بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کە بە زۆرینەیەکی یەکلاکەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بردییەوە. بەوەش ماڵی سوننە پشێوی فرەبوونی بەربژێرەکان و پەرتەوازەبوونی دەنگیان لە نێو یەکەم دانیشتن بۆ دەستنیشانکردن و ناونانی سەرۆکی پەرلەمان تێپەڕاند. لەپاڵ کۆکردنەوە و یەکخستنی ریزی پێکهاتەکە کە رەنگە ببێتە فاکتەری سەرەکی لە یەکلاییکردنەوەی مشتومڕ لە نێوان فراکسیۆنە سیاسییە شیعەکان سەبارەت بە گەورەترین فراکسیۆن یان یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لە نێو ماڵی کورد، بە واتایەکی دیکە فراکسیۆنە سوننەکان دەتوانن کاریگەری بخەنەسەر بڕیار و یەکلاییکردنەوەی مشتومڕی نێو پرۆسەی سیاسی، بە پێچەوانەی ئەو دۆخەی کە لە ماوەی کەمی رابردوودا تێیدا بوون.
بەڵام ماڵی کورد لێرە دووچاری درزبوونی زیاتر هات دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانیی لەگەڵ رەوتی سەدر پێکهێنا، بەبێ هاوبەشە سەرەکییەکەی لە هەرێمی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەرچەندە شاندێکی هاوبەشیان لە بەغدا بوو بۆ دانوستاندنی سیاسی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، لەپاڵ ناکۆکیی قووڵی نێوان هەردوو حیزبەکە لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار.
لەمەوبەدوا پارتی دیموکراتی کوردستان بە سیاسەتی واقیعی مامەڵە دەکات لە روانگەی ئەوەی گەورەترین براوەیە و کورسیی پێویستیشی هەیە کە رێگەی بۆ خۆشدەکەن دەستبەرداری رێککەوتنی ستراتیژی بێت کە لە نێوان هەردوو حیزبەکەدا هەبوو، بەتایبەت لە نێوان جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان. پارتی باوەڕی وایە ئەوەی کە رێککەوتنی لەبارەوە کراوە چیدی کاریگەریی نەماوە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی دۆخی ئێستا و، پۆستی سەرۆککۆمار چیدی تەنیا بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 2011 و لە کۆنگرەی ساڵانەی خۆی بیرۆکەی زۆرینەی لە کوردستان پەیڕەو کرد بۆ سەپاندنی دۆخێکی نوێ بۆئەوەی ببێتە حیزبی خاوەنی "زۆرینەی باش"، سەرکردایەتیی حیزبەکەش باوەڕی وایە کاتی ئەوە هاتووە ئەو پرەنسیپە پەیڕەو بکرێت دوای ئەو درزانەی کە دووچاری هاوبەشەکەی بوو. هەر ئەوە پاڵی پێوە نا هۆشیار زێباری، سەرکردەی ناودار بەربژێر بکات وەکو رکابەر بۆ بەربژێرەکەی یەکێتی کە سەرۆککۆماری ئێستایە بەرهەم ساڵح، ئەوەش بەڵگەیەکی روونە کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێ بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی سیاسەتی زۆرینەی سیاسی لە بەغدا تەنانەت لە هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان.
ئاماژە هەن لەو رووەوە دەڵێن رەنگە پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری خۆی بۆ سەرۆکایەتی بکشێنێتەوە ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرهەم ساڵح، بەربژێری فەرمی خۆی بگۆڕێت و بەربژێرێکی دیکە پێشکێش بکات، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە گوتی دەستبەرداربوونی پۆستی سەرۆککۆمار یان گۆڕینی بەربژێری فەرمی بە واتای لەدەستدانی هەموو بنەماکانی سەربەخۆیی یەکێتییە لە بڕیاردان و ئەوکات ناچار دەبێت بەدەم ئەو هەنگاوە بچێت کە هیچ کات و لە ئایندەی دووردا لە بەرژەوەندیی خۆی نابێت بەتایبەت لە هەڵبژاردنی داهاتوو.
رکابەری هەردوو حیزبەکە و پێکنەهاتنیان لەبارەی هەڵبژاردنی یەک بەربژێر و چوونیان بە پەرتەوازەیی بۆ بەغدا دەبێتە هۆی لاوازیی پێکهاتەی کورد و زۆر زیان بە بەرژەوەندیی هەرێم دەگەیێنێت، ئاشکرایە کە کورد قورسایی سیاسیی خۆیان لەدەستدا لە دوای پەرتەوازەبوونیان لە ساڵی 2014وە، هەروەها هەردوو حکومەت لە ساڵانی 2014 و 2018 بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی کورد لە نێو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران پێکهێندران، ئەوان زۆر لە پۆستە گرنگەکانیان لە حکومەتی فیدراڵی لەدەستدا وەکو پۆستی پارێزگاری کەرکووک و سوپاسالار و جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و فەرماندەی هێزی ئاسمانی و سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ژمارەیەکی زۆر لە پۆستی بریکارەکانی وەزارەتەکان و باڵیۆزەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و هی دیکە، لەپاڵ ئەوە توانای کورد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان لە بەغدا پاشەکشەی کرد لە کاتێکدا پێشتر رۆڵێکی بەهێز و کاریگەریان هەبوو و فاکتەری سەقامگیری بوون، لە سایەی نزیکبوونەوەیان لە حیزبە دەستڕۆیشتووەکانی نێو پێکهاتەی شیعە.
هەنگاوەکانی داهاتوو
دوای ئەوەی دادگەی فیدراڵی بڕیاری کارگێڕیی خۆی دەرکرد کە وادە دەستوورییەکانی بەشێوەیەکی کاتی وەستان، تاوەکو سکاڵا تۆمارکراوەکانی پێشی یەکلاییدەکاتەوە سەبارەت بەوەی ئایا تا چەند رێکارەکانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستوورین، زۆربەی شارەزایانی یاسا باوەڕیان وایە دادگە ئەو سکاڵایانە رەتدەکاتەوە، بەڵام کەسانێک هەن پێیان وایە رەنگە دادگە بڕیاری پێچەوانە بدات ئەوەش بە واتای گەڕانەوەیە بۆ خاڵی یەکەم و دەستپێکردنەوەی یەکەم دانیشتن و دانیشتنی مەحموود مەشهەدانی لەسەر کورسیی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران وەکو سەرۆکی تەمەن و دووبارە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، ئەوەش زیاتر لە جاران دۆخی سیاسی ئاڵۆز دەکات.
بڕیارە کارگێڕییەکە رێگەی کردەوە لە پێشی حیزبەکان و لایەنە سیاسییەکان و کاتی زیاتری پێبەخشین بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ کە رەنگە بگەنە چارەیەک بە دڵی لایەنە ناکۆکەکان بێت، بەڵام درزی نێوان ئەو حیزبانە هێشتا گەورەیە و هیچ ئاماژەیەک دیار نین بۆ رێککەوتن.
ئەگەر دادگەی فیدراڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بە دەستووری ناوببات، ئەوکات ژماردنی پێچەوانە دەستپێدەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و رکابەری لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر دەبێت، هەروەها ئەو مشتومڕەی کە لە نێو پێکهاتەی سوننە و شیعە هەیە سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی بەربژێرێک زیاتر دەبێت.
پێشبینی دەکرێت سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو لەگەڵ هەڵبژاردنی کەسایەتی دەستنیشانکراو رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەوەش بە واتایە کە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەتەواوەتی تەنیا پرسی کورد نییە، بەڵکو لایەنەکانی دیکەش دەستوەردان دەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ.
لەوکاتەدا دۆخی سیاسی بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە، تاوەکو گەورەترین فراکسیۆن یەکلاییدەکرێتەوە لە رێگەی دادگەی فیدراڵی یان لە رێگەی سازان لە نێو ماڵی شیعەدا یاخود لە رێگەی دیدی نیشتمانییەوە هەموو ئەو دۆخانەش لایەنی ئەرێنی و نەرێنییان هەیە، چونکە راستەوخۆ کاریگەری دەخەنەسەر پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو. بۆیە رەنگە یەکلاییکردنەوەی گەورەترین فراکسیۆنی شیعە زۆر بخایێنێت بەبێ لەبیرکردنی سوپرایزە پێشبینی نەکراوەکان کە رەنگە لە هەر ساتێک بتەقنەوە.
وەرگێڕان: ئاسۆ فیشەگی



