رۆژی 30ی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی راگەیاند و، ئەم راگەیاندنە جگە لە پێنج کورسی هیچی دیکەی لە ئەنجامە راگەیێندراوەکانی رۆژی 12ی تشرینی یەکەم نەگۆڕی. سەرۆکی رەوتی سەدر بە تویتێکی کورت پێشوازیی لەم راگەیێندراوە نوێیە کرد و، گوتی: "سوپاس بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان"، لە کاتێکدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەنجامەکانی بە بەیاننامەیەکی رۆژنامەڤانی رەتکردەوە: "هەڵوێستی نەگۆڕی پشتبەستوومان بە بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنت دووبارە دەکەینەوە بەوەی دەستکارییەکی زۆری ئەنجامەکانی دەنگدان کراوە و ئەمە وامان لێدەکات ئەم ئەنجامانەی ئێستا رەتبکەینەوە".
سەرباری هەبوونی جیاوازییەکی زۆر لەمەڕ هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانیان، زۆرینەی هێزە سیاسییەکان دەزانن ئەم ئەنجامانە ناگۆڕدرێن و هەڵبژاردنەکان هەڵناوەشێندرێنەوە، ئەمەش دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەکاتە کارێکی حەتمی.
راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی بە خاڵی دەستپێکی جووڵەی سیاسیی چاوەڕوانکراو دەژمێردرێت و، جووڵەیەکی چڕ و کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەک لەم چەند رۆژە کەمەی داهاتوودا بەدیدەکەین، کە سەرکردە سیاسییەکان بۆ داڕشتنی بیرۆکە و زانینی هەڵوێست بە ئاراستەی هاوپەیمانی و پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن کۆدەکەنەوە.
جیاوازیی هەڵوێستەکانی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی
سەرکردەی رەوتی سەدر رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2021 کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی کرد و رایگەیاند، دەیەوێت حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت "یان ئەوەتا بەرەو بوون بە ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانی هەنگاو دەنێت"، لە هەمان کاتدا رووی دەمی لە هێزە سیاسییەکان کرد و گوتی: "ناکرێت دۆڕانی ئێوە ببێتە سەرەتای وێرانی و کۆتایی پرۆسە دیموکراسییەکە"، بانگهێشتی سەرکردەکانیشی کرد بۆئەوەی "بەخۆیاندا بچنەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانەوەی متمانەی گەل".
ئەم گوتارەی سەدر چەند هەفتەیەک پاش برەودانی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە هاوپەیمانیی فەتح و هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی پێشەنگیانن، بە دژایەتیکردنیان بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دێت. ئەم فراکسیۆنانە دەڵێن هەڵبژاردنەکان دەستکاریکراون و دەنگی دەنگدەرانیان دزراون و، لە کۆبوونەوەیەک لەمبارەیەوە ئەمەیان بە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق راگەیاند و، دواتر بە ئاشکرا جەختیان لێکردەوە بە بەیاننامەکەی شەوی رابردوو کە تێیدا رایانگەیاند بڕیاریان داوە "لەو داوایەی ئاراستەی دادگەی فیدراڵ کراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکان بەردەوام دەبن".
سەرۆکی رەوتی سەدر خۆی جووڵە سیاسییەکە بەڕێوەدەبات و بەمدواییانە رێگریی لە شاندی دانوستاندنەکانی کرد لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سیاسی و چاوکەوتن بە هیچ لایەنێکی سیاسی، بەمەش چالاکیی دەستەی سیاسی لە چەند کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی و چاوەڕوانیی گڵۆپی سەوزدا کورتکرایەوە.
لە کاتێکدا کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشێوەیەکی دەوری بەردەوام بوون و جەختیان لە رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکرد بەبێ ئەوەی جووڵەیەکی راستەقینە و هەوڵی گۆڕینی دۆخەکە هەبن، چونکە ئەم چوارچێوەیە خاوەنی قەبارەیەکی سیاسی نییە و لەوە ناچێت نیازی هەبێت بیکەن بەهێزێکی نوێ کە هەوڵی کێشکردنی فراکسیۆنی دیکە بە لای خۆیدا بدات، یان لە سەر زەوی نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی هەبێت وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو و سەربەخۆ. ئەمەیش بەڵگەی ئەوەی ئەو فراکسیۆنانەی لەم چواچێوەیەدا کۆبوونەتەوە لە گشت هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە هەڵبژاردنەکان کۆک نین.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی و دادگەی فیدراڵی
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەفتەی رابردوو داوایان لە دامەزراوەی دادوەری کردووە فەرمانێکی وەلائی دەربکات و هەموو رێکارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆن و دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن راگرێت و راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی قەدەخە بکات تاوەکو ئەو کاتەی ئەو داوایانەی پەیوەست بە نادەستووریبوونی هەڵبژاردنەکان و رێکارەکانیان ئاراستەی دادگەی فیدراڵ کراون یەکلا دەکرێنەوە.
بەڵام راگەیاندنی دوێنێی ئەنجامی کۆتایی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە، بە واتای گوێنەدان بەو داواکارییە دێت، بۆیە دەبێت هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕێی ئەنجامی ئەو داوایانە بکەن، کە چەند لایەنێک سەبارەت نادەستووریبوونی مەرسوومە کۆمارییەکە و نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران و هەبوونی دەستکاری و تەزویر لە هەڵبژاردنەکاندا، بکەن. لێرەدا ئەوەی شایانی ئاماژەکردنە نەبوونی وادەیەکی کۆتاییە دادگەی فیدراڵ ناچار بکات پێش کۆتایهاتنی ئەم داوایانە یەکلا بکاتەوە و، رەنگە دادگە لە دەرکردنی بڕیاری خۆی لە سەر ئەم داوایانە چەند مانگێک دوا بکەوێت.
دوور لە بابەتی بردنەوە و دۆڕاندن، ئەو هێزانەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە رەنگە لە هەنگاوی دادگەکاندا هیچیان پێ نەبڕێت، لە کاتێکدا هەندێک لە چاودێران پێیانوایە ئەمە تاکتیکێکی کاتیی بێسوودە، چونکە هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکان زیانی بۆ ئەم هێزانە لەوانی دیکە زیاترە، سەرباری ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکان بەرەو نادیارمان دەبات، بەردەوامبوونی ئەم دۆخەی ئێستا بەبێ هەبوونی پەرلەمانێک تاوەکو کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ، هەروەها لەبەر نەبوونی پەرلەمان هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن یان گۆڕانکاری لە کۆمیسیۆن لەکردن نەهاتووە. جگە لەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ بە هەمان شێواز و میکانیزمی بەکارهاتوو لەم هەڵبژاردنە دەبێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد هەندێ شارەزای بواری یاسا بە بۆچوونێکی یاسایی راوێژیان داوەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەو بۆچوونە بریتییە لەوەی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکان بە واتای گەڕانەوەی ئەنجومەنی پێشووی نوێنەران بۆ سەر کار دێت، بەڵام ئەم بۆچوونە پشتیوانییەکی یاسایی و دەستووری نییە، چونکە پەرلەمانی پێشوو هەڵوەشاوەتەوە، هەرچەندە هەندێک مشتومڕی دەستووری لە سەر میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەبوو و، پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەکان گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو بووە جۆرێک لە خەیاڵ. هەروەها ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ بە هەمان سیستمی هەڵبژاردن و هەمان کۆمیسیۆن بەهیچ شێوەیەک واقعی هەڵبژاردنەکان بەرەو پێشەوە نابات و، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی دەنگدەری عێراقی جارێکی دیکە بچێتەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی دواتر لایەنە دۆڕاوەکان دووبارە لە کاتی دۆڕاندنیان لە هەڵبژاردنە نوێیەکاندا ئەنجامەکان رەتبکەنەوە. لە هەمانکاتدا، لەوە دەچێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ریسکی پشتیوانیی هەڵبژاردنێکی دووەم لە ئەستۆ نەگرێت و بە ناردنی چاودێری نێودەوڵەتی هاوشێوەی ئەم هەڵبژاردنەی کرا نەنێرێت و، رای نێودەوڵەتییش ئەوە بوو ئەم هەڵبژاردنە بێگەرد و دروست بوو و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەڕێی راگەیاندنەکەی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بە ئاشکرا هۆشداریی دایە عێراقییەکان لەوەی "هەر هەوڵێکی ناشەرعی بە مەبەستی درێژکردنەوە یان داماڵینی راستگۆیی پرۆسەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یان لەوەیش خراپتر، وەک گۆڕینی ئەنجامەکانی بە بەکارهێنانی تۆقاندن و پاڵەپەستۆکردن تەنیا ئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت و پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەڵخزان بەرەو ئەم هەڵدێرە دوور بکەونەوە.. ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان سەختیی تێدا هەبوو، بەڵام گرینگ ئەوەیە لەڕووی تەکنیکەوە بەباشی بەڕێوەچوو و کۆمیسیۆن و لایەنەکانی دیکە لەم رووەوە شایانی رێزن".
جووڵەیەکی سیاسی بۆ شکاندنی بەستەڵەکەکە
لەگەڵ پێداگیری ئەو لایەنانەی دژبەری هەڵبژاردنەکانن بە رەتکردنەوەی ئەنجامەکان بەبێ ئەوەی چارەسەریان پێبێت و پێداگیری لایەنە براوەکان بە بەردەوامیدان بە پرۆسەی هەڵبژاردن بەبێ هەبوونی گفتوگۆیەکی راستەقینە لەنێوانیاندا بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکە، دیمەنی سیاسیی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت و، ئەوەی لێرەدا پێویستە کردنەوەی ئاسۆی گفتوگۆی نێوان لایەنە ناکۆکەکانە.
رەوتی جووڵە سیاسییەکە لەم رۆژانەی داهاتوودا، پاش پەسەندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکان لە لایەن دادگەی فیدراڵ لە هەفتەی داهاتوودا، هەڵدەکشێت. ئەمەیش وا لە رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات پەلە بکەن لە هەڵپەکردن بۆ کێشکردنی هێزە بچووکەکان بە بۆ لای خۆیان، لە هەمانکاتدا سەربەخۆکان بە تایبەتی ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنن هەوڵی پێکهێنانی فراکسیۆنی قەبارە ناوەند دەدەن تاوەکو ببنە هێزێکی سیاسیی حیساب بۆکراو، رەنگە هەندێک پەرلەمانتاری براوەیش چاوەڕێ بکەن تاوەکو بزانن ئاراستەی 'با' بەرەو کوێیە، پێش ئەوەی بڕیاری چوونەپاڵ ئەم یان ئەو فراکسیۆن بدەن.
گۆڕەپانی سوننەیش جووڵەیەکی هەستپێکراوی تێدایە بۆ کێشکردنی براوەکانی فراکسیۆنە بچووکەکان و سەربەخۆکان، چونکە هاوپەیمانیی تەقەدوم پێویستی بەکێشکردنی سەربەخۆی زیاترە و هاوپەیمانیی عەزمیش پێویستی بە کەسانی دژبەری هاوپەیمانیی تەقەدومە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین کورسی تاوەکو ببێتە ئەو هێزە گەورەیەی بتوانێت نوێنەرایەتیی سوننە بکات. ئەم کێبڕکێیە رەنگە ببێتە مایەی دەرکەوتنی دوو هێزی هاوتا کە نوێنەرایەتیی سوننە دەکەن و لە ئەنجامدا بە سەر دوو بەرەکەی شیعەدا دابەش ببن.
پێشبینی دەکرێت هەردوو فراکسیۆنە کوردییەکە لە سەر یەک هەڵوێست رێک بکەون و وەک فراکسیۆنێکی یەکگرتوو و بە داواکاریی دیاریکراوەوە بۆ بەغدا بچن، چونکە هەردوو فراکسیۆنەکە باش دەزانن دابەشبوونیان لە 2018دا رۆڵی گەورەی لە لاوازکردنی کورد لە بەغدا هەبوو و، ناشێت هەمان ئەو کەرتبوونە دووبارە ببێتەوە، لەبەر ئەم هۆکارە لەسەر ئەو کەسایەتییانە رێک دەکەون کە لە پۆستە سیادییەکاندا نوێنەرایەتییان دەکەن بە مەرجی دیاریکراو و یەکگرتووەوە، بۆ چوونە ناو هەر هاوپەیمانییەکی چاوەڕوانکراو.
لە بواری دۆزینەوەی رێگەچارە، سێ سەرۆکایەتییەکە کاریان لەسەر دەستپێشخەرییەکی سیاسی بۆ کۆکردنەوەی نەیارەکان کرد و دەستیان بە گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری قایلکەر کردووە. بەڵام دەستپێشخەریی سەرۆکایەتییەکان بە فەرمی رانەگەیێندرا و وا مایەوە، ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە بریتی بوو لە داننان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و داهێنانی ئەنجوومەنی سیاسەتەکان یان ئەوەی پێی دەڵێن ئەنجوومەنی فیدراڵ، لەگەڵ جەختکردنەوە لە مانەوەی حەشدی شەعبی و پێکهێنانی حکومەتی سازان.
لای خۆیەوە و لە هەنگاوێکی کتوپڕدا، موقتەدا سەدر هەموو سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بانگهێشتی ئێوارەخوانێک یان نیوەڕۆخوانێک لە نەجەف لە ماڵی باوکی، سەید محەممەد سادق سەدر، ئەم بانگهێشنە وەک چڵە زەیتوونێک بوو سەدر بۆ هێزە ململانێکارەکان درێژی کرد بە مەبەستی گفتوگۆ و رێککەوتن، بەتایبەتیش کە شوێنی گردبوونەوەکە سیمبولیزمێکی زۆری تێدایە، لەوانە ئاماژەکردنە بۆ ئەوەی بڕیارەکە بڕیارێکی عێراقی دەبێت و رێککەوتنەکە لە نەجەفەوە سەرچاوە دەگرێت لە جیاتی پایتەختە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، لەوەیش گرینگتر ئەوەیە ماڵی مەرجەع سەید محەممەد سادق سەدر ماڵی هەمووانە. هێزەکانی چوارچێوەکە تائێستا و لەسەر ئاستی سەرکردەکانیان بە فەرمی بەدەم ئەو بانگهێشتەوە نەچوون، بەڵام داوای ناردنی نوێنەرانی سەدریان کردووە بۆ ئەوەی لە ناو چوارچێوەکەدا گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن بەر لەوەی بەدەنگەوەچوونیان بۆ دەستپێشخەرییەکە رابگەیێنن. سەرکردەیەکی دیار پێی باشە بەدەم داوەتەکەوە بچن و نەجەف بکەنە خاڵی دەستپێکی دۆزینەوەی چارەسەرەکان بەتایبەتیش لە کاتێکدا سەدر کە لە ماڵی بابی دەبێت نەرمیی زیاتر دەنوێنێت وەک لە جێی دیکە و، دەکرا بە بنەمای "رێز لە عارەب بگرە و عەباکەی ببە" کار بکرێت.
ئەگەر هێزە سیاسییەکان باکگهێشتنەکە بۆ نەجەف قبووڵ بکەن ئەوە دەبێتە خاڵێکی گرینگی دەستپێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی راستەقینەی دیدگەکان و کرانەوەیەکی سیاسی کە رەنگە دەستنیشانکردنی سەرۆکایەتییەکان و دابەشکردنی کابینە وەزارییەکەی لێ بکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر لە گەیشتن بە رێککەوتن سەرنەکەوت ئەوە بنبەستە سیاسییەکە بەردەوام دەبێت و رەنگە چەند مانگێک بە وتوێژ و دانوستاندنی ماراسۆنیی بێهوودە بەفیڕۆ بچن و دواتر هەمووان دووبارە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتن پاش لەدەستدانی کات و ماندووبوونی زۆرتر و پەکخستنی بەڕێوەبردنی وڵات دوای چوونە ناو ساڵی 2022 بەبێ بودجە و لەنێو شەپۆلێکی نوێی پەتای کۆرۆنا بەهۆی گۆڕاوە نوێیەکە و دابەزینی نرخی نەوت ئەمدواییە بە رێژەی زیاتر لە 20٪.
* فەرهاد عەلائەددین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق



