سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە دیپلۆماسییەتە باڵاکەی، کۆدی سەرجەم دۆسییە داخرا و ئاڵۆزەکانی ناوچەکە و جیهان بەڕووی کوردستاندا دەکاتەوە.
بەشێکی ئەم دیپلۆماسییەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموون و مێژوو و رەوایەتی دۆزی رەوای کوردستانییان، بەشەکەی دیکەشی وابەستەیە بە کەسایەتی خودی سەرۆکی ھەرێمەوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جیاواز لە سیاسییەکانی ناوچەکە لە ھەموو دەرگایەکی دیپلۆماسییەوە ناڕوات، بەڵام کاتێک ویستی بڕوات دەرگە دروستەکە ھەڵدەبژێرێت.
وا نەبووایە چۆن ئابڵوقەی سەر ھەرێمی کوردستانی دەشکاند، لە ساڵی 2017دا، چۆن ترافیکی دیپلۆماسی دەھێنایەوە ھەولێر، ئێستاش لە حەشامەتی نائارامی و بێ متمانەیی ناوچەکەدا، سەرۆک ماکرۆن بۆ دیداری سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دێتە ھەولێر کە نەخشەکەی لەلایەن رێزدار نێچیرڤان بارزانییەوە کێشراوە.
ھەرێمی کوردستان لە ئاستی کەسایەتی نێودەوڵەتیدا رۆڵ دەگێڕێت، لە ھاوسەنگی و ئارامی ناوچەکەشدا پشکی شێری بۆ ھەرێمی کوردستان و مامەڵە سیاسییەکانی دەگەڕێتەوە، کە لێزانانە و کارزانانە مامەڵە دەکات و پرەنسیپی ھێزی مەنتیق پەیڕەو دەکات.
گرنگیی ھەرێمی کوردستان ئەگەر لە رابردوودا گرنگییەکی مرۆیی بووبێت بۆ فەرەنسا، سیاسەتی راستی ھەرێم سەلماندوویەتی کە گرنگیدانی ئێستایان بۆ لێکچوونی بیرکردنەوەی سیاسی و دنیابینی و پێگەوەژیانی گەلان دەگەڕێتەوە.
سەرەڕای ئەمەش، پێگەی ھەرێمی کوردستان لە عێراقدا ھەمیشە مایەی ئاشتی و ئارامی بووە و ھیچ کاتێک ھەرێمی کوردستان بە ئاراستەی پشێویی رۆڵی نەبینیوە لە عێراقی نوێدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەمیشە کارەکتەری ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری بووە.
پێگەی ناوچەیی ھەرێمیش، پێگەیەکی چەسپاوە و لە زۆربەی بۆنە سیاسییەکاندا رۆڵی پاراستنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی گێڕاوە و ئەو گریمانەیەشی بە کردەوە پوچەڵکردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان ببێتە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.
پێگە جیھانییەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕوا باڵایەی کە یەکانگیرە لەگەڵ پرەنسیپ و بەھا گشتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێزگرتن لە پیرۆزی مرۆڤ و مافەکانی و داکۆکیکردن لە ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانی ھەمەلایەنەی جیھانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.
ئەم دنیابینییەی ھەرێمی کوردستان بە رابەرایەتیی سەرۆک بارزانی و بە پیادەکردنی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە، بڕوایەکی پتەوی لای وڵاتان دروستکردووە کە بەڵێ ھەرێمی کوردستان لە قۆناخی نێوخۆیی دەرچووە و ئێستا لە قۆناخی مامەڵەکردنی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدایە.
ئەم پەیوەندییەش پاشخانێکی مێژوویی و سیاسی لە پشتە کە لە سەردەمی بارزانی نەمرەوە دەستپێدەکات، کاتێک نامەیەکی بۆ شارڵ دیگۆڵ نارد لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، پاشان لە ساڵی نەوەدەکان خاتوو دانیاڵ میتران سەردانی کوردستانی کردوو دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا ئەنجامدا، دواتر بڕیاری 688ـی دژە فڕین لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە لە سەردەمی فرانسوا میتران و بەسەرپەرشتی فەرەنسا دەرکرا، و بەردەوامیی دۆستایەتی لەگەڵ سارکۆزی و دواتریش سەردانی فرانسوا ھۆلاند بۆ ھەرێمی کوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا لە گەرمەی شەڕی داعشدا.
لە سەردەمی سەرۆک ماکرۆن تاوەکو ئێستا، ماکرۆن پێنج دیداری گرنگی لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا ھەبووە، کە یەکەمییان شکاندنی ئابڵوقەی سەر ھەرێمی کوردستان بوو، دواھەمینیش سەردانی ئەمڕۆی ماکرۆنە بۆ ھەولێر.
لەم پەیوەندییە سەنگین و ھێمنەدا، فەرەنسا دیدگا چەسپاوەکانی خۆی لە ھەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە، ھەرێمی کوردستانیش خۆی بە بەشێک لە سیستەمی گشتیی جیھان دەزانێت، ئەم ئاوێتەبوونەش خواستێکی جیھانی لەسەرە، ئەو جیھانەی بە دوای دیموکراسی و مافی مرۆڤەوەیە، ئێمەش لەناو ئەو جیھانەدا بە جوانی دەدرەوشێینەوە.
ئەم ریتمە لە ھاوسەنگیی سیاسیدا، ھەیبەت و شکۆ دەبەخشێتە ھەرێمی کوردستان و سەرۆکەکان بە ستایشەوە دێنە ھەرێمی کوردستان و بەتامەزرۆییەوە دیدار لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا ئەنجام دەدەن.
ئەمەیە پێی دەگوترێت دوو ئاراستە و یەک ئامانج.



.jpg&w=3840&q=75)