رۆژی دووشەممە 5ی نیسانی 2008 كە ژمارە (سفر)ی هەفتەنامەی (رووداو) بڵاوبووەوە، لەوكاتەوە دووشەممە بووە رۆژی هەبوونی هەواڵی نوێ و راپۆرتی بنكۆڵكاریی گرنگ، كە رۆژانی دووشەممەی كردبووە رۆژە پڕ لە گفتوگۆكانی نێوان خوێنەران و شەوانی تەلەڤزیۆنەكانی ئەوكات. دووشەممان هەواڵ و مژار مشەبوون بۆ تەلەڤزیۆنەكان بۆ بەدواداچوون. دووشەممە بە هەوڵی بێوچانی ژمارەیەك گەنج گەرم بوو لە باشووری كوردستاندا، كە ناوەكانیان ژمارەكانی رۆژنامەی رووداویان رەنگین و زەنگین كردووە. بەڵام لێرەدا دەبێ ناوی ئەو پیرەمێردەمان لەبیرنەكەین كە رۆژگاری سەخت سیمای پیركردبوو، بەڵام لە كاردا زۆر چالاك بوو بەهۆی دڵسۆزییەكەی بۆ (رووداو)، مێشكی گەنجینەیەك بوو بۆ زانیاری و هەموومان بۆ لێوەرگرتن پەنامان بۆ دەبرد، ئەو مامۆستا عەبدوڵڵا قڕگەیی بوو، كە كاك عەلی حەمەساڵحی ئەوكات هاوكارمان ناوی لێنابوو "مام گووگڵ".
دەرچوونی رووداو، گۆڕینی شێوازی رۆژنامەی كاخەزی و ئۆنلاینی كوردی بوو. رووداو بە بەدواداچوونی مەیدانی و بە هەبوونی سەرچاوەی ئاشكراگۆ هەواڵ و زانیاری بڵاودەكردەوە، كە ئەوكات "سەرچاوەیەك نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت" گومانی لەسەر هەموو كاری رۆژنامەڤانی دروستكردبوو. هەروەها (رووداو) شرۆڤەی رووداوە ناوخۆییەكانی كوردستانی خستە شوێنی ئەو وتارانەی سەبارەت بە سوودان و سۆمال خوێنەرانیان لەلاپەڕەی بیروڕای زۆر لە رۆژنامەكانی كوردستان تۆراندبوو. لەهەمانكاتدا كەسانی پسپۆڕی بیانی لەسەر كێشەی وڵاتان دەیاننووسی و بەپێی سەردان و ناسینیشیان بۆ كۆمەڵگەی كوردی هەندێجار لە گۆشەنیگایەكی ناكوردییەوە سەبارەت بە كێشەكانی كوردستانیان دەنووسی. لەهەمانكاتدا وتاری نووسەرانی پارچەكانی كوردستان بە هەردوو شێوەزاری كرمانجیی سەروو و خواروو بڵاودەكرانەوە، بەمەبەستی ئاشنایی و دروستكردنی یەك رۆژەڤی لەنێو كورددا. بەوشێوەیە بە دروشمی (یەك نەتەوە لەسەر كاخەز دروستدەكەین) لە رۆژی 6ی تەممووزی 2009 یەكەمین ژمارەی چاپی ئەوروپای رۆژنامەی رووداو بەهەردوو شێوەزار و تیپی ئارامی (عەرەبی) و لاتینی لە شاری كوێلن لە ئەڵمانیا دەركرا و تاوەكو كۆتایی 2013 بەردەوامبوو.
لەسەر لاپەڕەكانی (رووداو) هەڤپەیڤینی تایبەت لەگەڵ سەرۆك، بەرپرسانی گەورەی جیهان و ناوچەكە و كوردستان بڵاوکرانەوە، گواستنەوەی تێڕوانینی ئەوان لەسەر كورد و دۆزەكەی بەشێكی پڕشنگداری كاری (رووداو) بوو. ئەوەش كارێكی نەكردەنی بوو تاوەكو ئەوكات. لێكۆڵینەوە لەسەر كێشە و پرسەكانی جیهان و شرۆڤەكردنی لێكەوتەكانی لەسەر ناوچەكەمان و كوردستان بەشێكی دیكەبوو لە كاری (رووداو).
ئەوكاتەی ناوی (رووداو)مان هەڵبژارد، ئەو ناوە وەك ئاراستە و ناو لەنێو میدیای نەتەوەكانی دەوروبەری ئێمەدا پەیدا نەببوو، ئێمە ویستمان لەوناوەوە دەستپێبكەین بۆ گواستنەوەی رووداوەكان وەك خۆی. ئەو ئاراستەیە سەركەوت و گۆڕانێكی ریشەیی لە میدیای كوردستاندا دروستكرد، ئێستا میدیای كوردی بە بەراورد لەگەڵ دەوروبەری لە دۆخێكی باشتردایە.
لەكاتی دەرچوونی یەكەم ژمارەی (رووداو)ەوە تائێستا، زەوق و سەلیقەی خوێنەرەكانیشی گۆڕاوە. ئێمە ئاگاداری ئەو گۆڕانەین و دەبینین كە ئەوان حەزی دەمودەستی بڵاوكردنەوەی بێ چاوەڕێكردن بۆ دەرچوونی بڵاوکراوەیەکی هەفتانەیان هەیە. ئەمەش لە تەلەڤزیۆن و دیجیتاڵمیدیا و رادیۆی رووداو دەستدەكەوێت. بۆیە فرۆشی رۆژنامەی چاپكراو دابەزیوە و لە بنەڕەتیشدا لە باشووری كوردستان سیستمێكی خراپی بڵاوكردنەوە و گەیاندنی رۆژنامە هەیە، بۆیە سەرەڕای ئەوەی كە ئێمە هەموو ئەوانەی شەونخونیمان لەگەڵ رۆژنامەی (رووداو)دا كردووە، بەهۆی یادگاریی زۆرمان لەگەڵ ئەو رۆژنامەیەدا، لەبەردەم دووڕیانێكدا بووین: یەكەمیان ئەوەبوو كە نەماندەویست ئۆباڵی داخستنی بكەوێتە سەرشانمان، دووەمیش لە رووداو ئەوە كولتوورە كە نابێ خەرجی و كات بۆ بەرهەمێك تەرخان بكەین لە سەركەوتنی دڵنیا نەبین. زۆر لەسەر ئەمە گفتوگۆمان كردووە و ئەنجامەكەی ئەوەبوو كە بەڕێوەبەرانی ئێستای رۆژنامەی (رووداو) گەیشتنە ئەو بڕیارەی كۆتایی بە دەركردنی بێنن. بۆیە لێرەدا پێویستە بە سەرنووسەر و جێگری سەرنووسەری (رووداو) بڵێم ئێوە بەشێكن لە دامەزرێنەرانی رووداو و هاوبەشی چیرۆكی سەركەوتنی رووداون. هەروەها بە یەك بە یەكی ئەو هاوكارانەش دەڵێم كە ئێستا و رۆژانێك لەو رۆژنامەیەدا كاریان كردووە: ئێوە هاوبەشمان بوون لە كارێكی گەورەدا.
(رووداو) ئەمڕۆ براندێكی گەورەی و ناسراوی میدیاییە لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچەكە و جیهان، ئەو گەورەییە لەسەر لاپەڕەكانی ئەو رۆژنامەیەوە دەستیپێكرد. سوپاس بۆ پشتیوانی ئەوانەی لەسەرەتاوە بەخوێندنەوەی ئەو رۆژنامەیە و، ئێستاش بە خوێندنەوە و تەماشاكردن و گوێگرتن لە رووداو لەگەڵمانن. لەگەڵ ئێوە بەردەوامین و باشتر دەبین.



