رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە قەزای پێنجوێن تەواو بووە و لە تەوێڵە و بیارە بەردەوامە. ئاشکراشی دەکات کە پشکی سنوورەکەیان لەو 50 ملیۆن لیترەی بەغدا دەینێرێت، نزیکەی 20 ملیۆن و 400 هەزار لیترە.
سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو روونی کردەوە کە دابەشکردنی نەوت لە سنووری قەزای پێنجوێن کۆتایی هاتووە و تەنیا هەندێک خێزان ماون، هەروەها لە بەشێکی ناحیەکانی گەرمک و ناڵپارێز پرۆسەکە تەواو بووە و ئەمڕۆ لە تەوێڵە و بیارە نەوت دابەش دەکرێت.
گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی 100 لیتر نەوت بە نرخی 33 هەزار دینار بەسەر هەر خێزانێکدا دابەش دەکرێت و گوتی: "لەو 50 ملیۆن لیتر نەوتەی بڕیارە بەغدا بینێرێت، پشکی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین نزیکەی 20 ملیۆن و 400 هەزار لیترە."
سەلام عومەر جەختی کردەوە کە لە کۆی نزیکەی 500 هەزار خێزان، ئەو بڕە نەوتەی بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە تەرخان کراوە بەشی نزیکەی 200 هەزار خێزان دەکات و راشیگەیاند: "رۆژانە نەوت دەگاتە کۆگاکان و دوای ئەنجامدانی پشکنینی کوالێتی، بەگوێرەی پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت."



