رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێ، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای هەولێردا بڕیار درا سبەی نەکرێتە پشوو و دەوام لە دامودەزگاکان ئاسایی بێت.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای هەولێر تێیدا بەشدار بوون، بڕیاردرا سبەی ناکرێتە پشوو و دەوام ئاسایی دەبێ."
ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 06:00ی ئێوارە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد و بەشداربووان بریتی بوون لە لایەنی تەندروستی، بەرگریی شارستانی، ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، رێگەوبان، شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر بوو و تێیدا باسی ئەو دۆخە کرا کە دەکرێ بەهۆی بارانبارینەوە دروستبێ.
پێش کۆبوونەوەکە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت: "دەسەڵات بە پارێزگاکان دراوە هەر رۆژێک پێویست بوو بکرێتە پشوو."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەهۆی بارستە هەوایەکی ساردەوە پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و بارانبارین لەمڕۆوە بە شێوەی پچڕپچڕ دەستپێدەکات، کاریگەریی سەرەکیی شەپۆلەکەش لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا لەسەر تەواوی پارێزگاکانی باشووری کوردستان زۆر بە چڕی دەردەکەوێ.




