رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان لە پارێزگای سنە دەڵێ، لە 24 کاژێری رابردوودا شەش ژەهراویبوون بە کحول لە پارێزگاکە تۆمارکراون و بەوەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی ژەهراویبوون لە 22ـی تشرینی دووەمەوە گەیشتووەتە 31 کەس.
ئەمڕۆ هەینی، فەرشاد ئەرغەوانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان رایگەیاند، هەموو ئەو 31 کەسەی بەهۆی کحولەوە ژەهراوی بوون، پیاون؛ گوتیشی ئەم ئامارە پێویستیی بە سەرنجی جیدییە لەسەر لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەکارهێنانی لەرادەبەدەری کحول.
سەبارەت بە دابەشبوونی ئەو کەسانەی ژەهراویبوون، ئەرغەوانی ئاماژەی بەوە کرد، 17 کەسیان لە سنە، شەش کەسیان لە سەقز، سێ کەسیان لە سەوڵاوا، دوو کەسیان لە دێولان، دوو کەس لە بیجاڕ و ئەوی دیکەش لە کامێران بوون.
هەر ئەمڕۆ حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە 31ـی تشرینی یەکەمەوە واتە لە 28 رۆژدا لانیکەم 543 کەس لە شارە جیاجیاکان بە خواردنەوەی کحوولی ساختە ژەهراوی بوون.
بەپێی ئامارەکەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لەو ژمارەیە 23ـیان گیانیان لەدەستداوە، هەشتیان مێشکیان لەکارکەوتووە و 33ـیان لە ژێر چاودێریی چڕدان.
وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، 42 کەس لە پارێزگاکانی سنە و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو ژەهراویبوواندان کە سێیان لە شاری خۆی گیانیان لەدەستداوە.



