رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقدا رایدەگەیێنێت کە بڕیارە نوێیەکانی حکومەتی فیدراڵ "پەلەپەلییەکی پێوە دیاربوو" و دەبوو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەربکرێن بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی گرژی. ئەو جەخت لەوەدەکاتەوە کە بژاردەی سەربازی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان "بە هیچ شێوەیەک بەکارناهێنرێت" و هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی سیاسی لە سەرەتای مانگی داهاتوودا چڕکراونەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوەکرد کە هەر لە دوای دەرچوونی بڕیارەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیرە کوردەکان کۆبووەتەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە "دەبێت پشت بە دەستوور ببەسترێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە."
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جگە لە هەوڵەکانی حکومەت، چەندین دەستپێشخەری لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە سوننەکانەوە لەئارادان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە. ئەو گوتی: "خۆشبەختانە ئەوەی کە لەسەری رێککەوتوون ئەوەیە کە دەستوور ناوبژیوان بێت لە کۆی پرسەکاندا."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە لێکدانەوەی نوێی دادگەی فیدراڵ کرد و رایگەیاند: "تەنانەت بڕیاری دادگەی فیدراڵ دەرفەتی ئەوەی داوە کە ئەم بڕیارانە دەبێت بە هاوئاهەنگی بن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. راستە دەڵێت دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵە، بەڵام باس لەوەدەکات دەبێت مادەی 114 لەبەرچاوبگیرێت."
هەروەها دەستپێشخەرییەکی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقیشی خستەڕوو بۆئەوەی "هەموو لایەک دابنیشن و بە گفتوگۆ ئەم بابەتانە چارەسەربکرێن."
شاخەوان عەبدوڵڵا رەخنەی لە شێوازی دەرکردنی بڕیارەکان گرت و گوتی: "ئەگەر بڕیارەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرایەن، ئەم لێکدانەوە و ئەم جۆرە گرژییە دروستنەدەبوو." ئەو پێیوایە هەر هەنگاوێک لە چوارچێوەی جوگرافیای هەرێمی کوردستاندا "دەبێت بە هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان،" بەڵام "پەلەپەلییەک" لە دەرکردنی بڕیارەکاندا بەدیکراوە.
سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی هێز، شاخەوان عەبدوڵڵا دڵنیاییدا کە گرژیی سەربازی روونادات و گوتی: "بابەتی گرژی و چەک و بابەتی سەربازی لەم دۆسیەیەدا بەکارناهێنرێت." ئەو قسەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی بە نموونە هێنایەوە کە گوتوویەتی: "من بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ چەک نابەم و بژاردەی من نییە."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "ئێمە ئەگەر لەسەر هێڵە گشتییەکان رێکبکەوین، هەموو شتێکی دیکە ئاسانە. بۆ نموونە، ئێوە باوەڕتان بە سیستمی فیدراڵ هەیە یان نا؟ ئەم پرسیارە جەوهەرییە و چارەسەری تەواوی کێشەکانە." ئەو روونیکردەوە کە ئەگەر بەغدا باوەڕی تەواوی بە فیدراڵییەت هەبێت، کێشەکانی دیکە بە ئاسانی چارەسەردەکرێن، بەڵام گوتیشی: "ئەوان تاوەکو ئێستا باسیان لەوەکردووە کە پابەندن بە سیستمی فیدراڵ، بەڵام ئەمە دەبێت رەنگدانەوەی لە بڕیارەکانیشدا هەبێت. ناکرێت بڕیارەکان مەرکەزی بن و سیستمەکە فیدراڵ بێت."
شاخەوان عەبدوڵڵا نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی کە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەو یاسایانەی پێگەی سیستمی فیدراڵ بەهێزدەکەن، وەک یاسای نەوت و گاز، ئەنجوومەنی فیدراڵ و هەموارکردنی یاسای دادگەی فیدراڵ، دەرنەچوون.
سەبارەت بە گفتوگۆکانی داهاتوو، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکرایکرد کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا (کانوونی یەکەم) کۆبوونەوەیەکی سیاسی لەنێوان لایەنەکاندا ئەنجامبدرێت. ئەو گوتی: "گفتوگۆکە سیاسییە، هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی تێیدا بەشداردەبن و بەشێکی کەمیش لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی."
ئەو جەختی لەسەر یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان کردەوە و رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە پێکەوە دەڕۆن و پێشتریش دانیشتنیان دەبێت کە لەسەر چی قسەبکەن و ئامانجیان چی بێت." شاخەوان عەبدوڵڵا روونیکردەوە کە هەموو لایەنەکان هەستیان بە مەترسییەکە کردووە و ئەم مەترسییە "بەرامبەر بە لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرامبەر بە هەرێمی کوردستانە."
شاخەوان عەبدوڵڵا یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی بە "تاکە چارەسەر" دانا بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئەم یەکگرتنە رێگردەبێت لەبەردەم ئەو تەماحە نادەستووری و نایاساییانەدا."


