رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق چەکی رووپۆشکراو بە زێڕ دەدەنە پارێزگاری پێشووی بابل و بەرپرسێکی حەشدی شەعبی لەو پارێزگایەدا، بەهۆی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە دۆسیەی جورف سەخر.
ئەبوو تاڵیب سەعیدی، کە سەرکردەیەکی کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە، چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف دەداتە هەریەک لە عەلی حەمدانی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست لە دەستەی حەشدی شەعبیدا و عەلی تورکی، پارێزگاری پێشووی بابل.
لەکاتی پێدانی چەکەکەدا بە بەرپرسەکەی حەشدی شەعبی، ئەبوو تاڵیب سەعیدی گوتی: "کاتێک بیرمان لەوەکردەوە کە دیارییەک بدەین بە بەڕێز عەلی حەمدانی، خوا بیپارێزێت، ئەوە بە مێشکماندا هات کە بەنرخترینی بدەینێ لەوەی کە هەمانە، کە ئەویش چەکە."
عەلی تورکی، پارێزگاری پێشووی بابل، کە سەر بە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەقە، لە 12ـی تشرینی دووەمدا دەستی لەکارکێشایەوە، لەدوای ئەوەی رایگەیاند کە بەقاچاخبردنی نەوت لە ناحیەی جورف سەخردا نییە.
لەو کاتەدا کە چەکە رووپۆشکراوەکە دەداتە عەلی تورکی، ئەبوو تاڵیب سەعیدی گوتی: "ئەو رێگەیەی کە هەردووکمان تێیدا باشین، رێگەی چەکە؛ ئێمە ئەم چەکە پیرۆزە نادەین بە کەسانی دیکە، دەیدەین بە کەسانی موجاهیدی وەک عەلی تورکی."
20ـی تشرینی دووەم، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەدوای 12 ساڵ چوونە نێو ناحیەی جورف سەخر، کە ماوەی 12 ساڵ بوو لەژێر دەسەڵاتی کەتیبەکانی حیزبوڵڵادا بوو.



