رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە سوێد دەریدەخات، نیوەی ئەو کەسانەی تووشی کۆڤیدی درێژخایەن بوون، دوای زیاتر لە چوار ساڵ هێشتا بەدەست کێشەی هەناسەدانەوە دەناڵێنن.
بەپێی توێژینەوەکە کە لە نەخۆشخانەی زانکۆی کارۆلینسکا ئەنجامدراوە، لە کۆی 288 تووشبووی کۆڤیدی درێژخایەن، نیوەیان دوای چوار ساڵ هێشتا نیشانەی وەک هەناسەدانی خێرا و هەناسەتەنگییان هەیە بەتایبەت لەنێو گەنجان و خانماندا.
توێژینەوەکە دەریخستووە، ئەو کەسانەی لە سەرەتای تووشبوونیان بە کۆڤید-19 لە نەخۆشخانە نەخەوێندراون، ئەگەری تووشبوونیان بەم کێشەیەی هەناسەدان شەش هێندە زیاترە. هەروەها هەناسەتەنگیی توند لە سەرەتای نەخۆشییەکە و خەمۆکی، هۆکاری مەترسیی دیکەن.
توێژەرانی زانکۆی کارۆلینسکا ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو کەسانەی کێشەی هەناسەدانیان هەیە، زیاتر تووشی نەخۆشییەکانی دیکە بوون و کاریگەریی لەسەر توانای کارکردنیان هەبووە، بەجۆرێک 44%یان مۆڵەتی نەخۆشییان وەرگرتووە.



