رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە هەرێمی کوردستان دەریدەخات، ئەو گەنجانەی شێوازێکی ژیانی ناتەندروستیان هەیە، زیاتر تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبن.
توێژینەوەیەکە لە زانکۆی سلێمانی لەسەر 513 گەنج لە پارێزگەکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە 44.1%ـی گەنجان ئاستێکی نزمی چالاکیی جەستەییان هەیە و 33.1%ـیان بە شێوەیەکی لاواز رووبەڕووی سترێس دەبنەوە. هەروەها، نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لەنێو گەنجاندا باون، بەجۆرێک 19.9%ـیان نیشانەی توندی خەمۆکییان هەیە و 12.1%ـیشیان نیشانەی توندی دڵەڕاوکێیان هەیە.
توێژەرانی زانکۆی سلێمانی ئاماژە بەوەدەکەن کە کچان زیاتر لە کوڕان تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەبن، هەرچەندە جیاوازییەکی بەرچاو لە شێوازی ژیانیاندا نەبووە. هەروەها، دەرکەوتووە ئەو گەنجانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 24 ساڵدایە، زیاتر تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبن بە بەراورد بەوانەی تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 34 ساڵدایە.
یەکێکی دیکە لە دەرەنجامە سەرنجڕاکێشەکانی توێژینەوەکە ئەوەیە، ئەو گەنجانەی رۆژانە 5 کاژێر یان زیاتر شاشەکانی وەک مۆبایل و کۆمپیوتەر بەکاردەهێنن، شێوازی ژیانیان ناتەندروستترە و زیاتر تووشی نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبن.
بۆ ئەوەی دەرووندروست بیت ئەم کارانە بکە:
- چالاکیی جەستەیی زیاد بکە
- رووبەڕووی سترێس و گوشاری دەروونی ببەوە
- کەمتر شاشەکان بەکاربهێنە
- پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بکە
- سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە



