رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە زانکۆی سیدنی لە ئوستراڵیا کە لە بڵاوکراوەی پزیشکیی بەریتانی (The BMJ) بڵاوکراوەتەوە، بەکارهێنانی دەرمانی تێکچوونی کەمیی سەرنجی فرە جووڵە (ADHD) لەکاتی دووگیانیدا، پەیوەندیی بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە تێکچوونەکانی گەشەی دەماری، وەک ئۆتیزم و کەمئەندامیی ژیری، لە منداڵاندا نییە.
توێژەران، تۆماری تەندروستیی زیاتر لە 3.6 ملیۆن منداڵیان لە دانیمارک، نەرویج و سوێد لەنێوان ساڵانی 2000 بۆ 2021 شیکردووەتەوە، کە دایکی نزیکەی 7,600 منداڵیان (0.2%) لەکاتی دووگیانیدا دەرمانی ADHDـیان بەکارهێنابوو و مێثیلفێنیدەیت (Methylphenidate) باوترین دەرمان بووە (69%). دوای لەبەرچاوگرتنی فاکتەرەکانی وەک تەمەنی دایک و جگەرەکێشان، هیچ مەترسییەکی زیادبوو بۆ گەشەی دەماری، رەفتاری، سۆزداری یان ژیریی منداڵەکان بەدینەکرا.
نووسەرانی توێژینەوەکە، ئەنجامەکانیان رایانگەیاند، ئەم داتایانە یارمەتیی پزیشک و دایکان دەدات بڕیاری گونجاو بدەن.
هەروەها جەختیان کردەوە کە نیگەرانییەکانی گەشەی دەماری هۆکار نین بۆ راگرتنی دەرمانی ADHD لەکاتی دووگیانیدا، چونکە راگرتنیان دەشێت زیانی بۆ دەروونیی دایک هەبێت.



