رووداو دیجیتاڵ
درزە ناوخۆییەکانی نێوان نوخبەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا پێیان ناوەتە قۆناخێکی هەستیار. هێشتا دیار نییە ئەمە زیاتر شەق ئەبات یان دواجار پڕدەکرێتەوە، بەڵام ئەوە دیارە کە دەتوانێت ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە داهاتووی سیاسیی هەرێمی کوردستان. پرسیار ئەوەیە کە ئایا هێزە سیاسییەکانی کورد دەتوانن ناکۆکییەکانیان لە چوارچێوەی رێسا و یاسای گەمەیەکی سیاسیدا بەڕێوە ببەن، یان جارێکی دیکە بەرەو نەزمێک دەچن کە تێیدا هەر لایەنێک سنووری دەسەڵاتی خۆی جیا بکاتەوە؟ لانیکەم لە ماوەی کورتخایەندا گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی رەسمی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جەماوەری ئەگەرێکی خوازراو نییە، بەڵام مەترسییەکی گەورەتر لەئارادایە: لاوازبوونی بەردەوامی پێگەی سیاسی و توانای خۆبەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو پەیوەندییەدا پرسێکی دیکەش دووبارە سەری هەڵداوەتەوە کە دەشێ چۆن لەو درزە ناوخۆییانە بڕوانین؟ ئایا ناکۆکی و دابەشبوون چارەنووسێکی هەمیشەیی کوردە کە بە حوکمی جوگرافیا، مێژوو، ئایدۆلۆژیا و خێڵ بۆی بەجێماوە، یان بەرهەمی هەلومەرج و گۆڕانکارییە سیاسییەکانە؟ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئەمەی وەک کێشمەکێشێکی سیاسی جەماوەری ناوبردووە و تۆم باراکیش وەک زنجیرەیەک ململانێی خانەوادەیی- خێڵەکی هەژماری کردووە. ئەدەبیاتی سیاسی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانیش زیاتر وەک ململانێی دوو رەوتی نەتەوەیی - نانەتەوەیی وێنای دەکات.
لە روانگەی سیاسییەکانەوە پێناسەکەی هەرچی بێت، دواجار ناکۆکی و دابەشبوونی ناوخۆیی دیاردەیەکی تایبەت بە کورد نییە. زۆرێک لە حیزب و هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لە عێراقی دوای ساڵی 2003دا، تووشی دابەشبوون و ململانێی ناوخۆیی بوونەتەوە. تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا، لە 75 وڵاتدا لە ماوەی نێوان ساڵانی 1989 تاوەکو 2008دا، نەک هەر دووبەرەکی، بەڵكو 359 پێکدادانی چەکداری لە نێوان گرووپە نادەوڵەتییە جیاوازەکاندا تۆمار کراوە. ئەمەش دەریدەخات کە تەبایی و ناتەبایی نەک خەسڵەتێکی نەگۆڕی گەلان، بەڵکو بەرهەمی هەلومەرج و پەیوەندییە سیاسییەکانن.
لە قەیرانی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، دوو گۆڕانکاریی گرنگ بەیەکەوە گرێدراون: یەکەمیان، گۆڕانی هاوسەنگیی جیۆپۆلەتیکییە کە رۆڵ و گرنگیی کورد لە ستراتیژیی دەوڵەتاندا دەگۆڕێت؛ دووەمیشیان، گۆڕانی نەوەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردە کە کاریگەری لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەرفەت و مەترسییەکان دادەنێت. لەم روانگەیەوە، جیاوازیی نێوان "نەوەی شاخ" و "نەوەی شار" دەتوانێت بەشێکی گرنگ لە قەیرانی ئێستا روون بکاتەوە؛ نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کە دوو نەوەی جیاوازی سەرکردایەتین، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە لە دوو بارودۆخی جیاوازی سیاسی و جیۆپۆلەتیکیدا پێگەیشتوون و هەریەکەو شێوازێکی بۆ بەدەستهێنان، پاراستن و بەکارهێنانی دەسەڵات هەیە.
نەوەکانی شاخ و شار لە نێوان جیۆپۆلەتیک و ململانێی دەسەڵاتدا
لە تیۆریی نەوە سیاسییەکانی کارڵ مانهایمدا، نەوەکان تەنیا بە تەمەن و ساڵی لەدایکبوون دیاری ناکرێن، بەڵکو بەو رووداو و ئەزموونە مێژووییانەش پێناسە دەکرێن کە لە قۆناخی پێگەیشتنی سیاسییاندا تاقییان کردووەتەوە. ئەم ئەزموونانە کاریگەریی قووڵیان لەسەر تێڕوانین، بەها، ئایدۆلۆژیا و شێوازی مامەڵەکردنی سەرکردەکان لەگەڵ دەرفەت و مەترسییەکاندا هەیە.
لەم روانگەیەوە، دەکرێت بەراوردی ئەم دوو نەوەیە لەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکی بکەین:
یەکەم: نەوەی شاخ لەناو بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی و لە هەلومەرجی شەڕو ملمڵانێی دەوڵەتاندا پێگەیشت. ئەم نەوەیە هاوشانی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و رکابەری و سازان لەگەڵ دەوڵەت، ئەزموونێکی چەندین ساڵەی لە هاوپەیمانی و سازشکردن لەگەڵ رکابەرە سیاسییە ناوخۆییەکانیشدا کۆکردووەتەوە. لە بەرامبەردا، نەوەی نوێی سەرکردایەتیی کورد لە ژینگەیەکی تەواو جیاوازدا پێگەیشتووە. بەشێک لە سەرکردەکانی ئەم نەوەیە لەناو دامەزراوە حکومی و حیزبییەکاندا گەشەیان کردووە و بەشێکی دیکەشیان لەناو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکاندا ئەزموونیان کۆکردووەتەوە. ئەوان سەرەڕای ئەوەی ئاستی خوێندەوارییان بەرزترە بەڕووی دنیای دەرەوەدا کراوەترن، هەمان ئەزموونی رووبەڕووبوونەوەی نەوەی پێشوویان لە قەیرانە قووڵەکان و سازشکردن لەگەڵ رکابەرەکانیاندا نییە. جیاوازییەکی جەوهەری ئەوەیە کە نەوەی شاخ بۆ بەدەستهێنانی ماف و دەسەڵاتی سیاسی تێچوویەکی گەورەی مرۆیی و سیاسیی داوە، بەڵام نەوەی شار زیاتر میراتگری ئەو دەسکەوتانەیە. ئەمە بەو مانایە نییە کە نەوەی نوێ ماندوونەبووە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەزموونی تاڵیی لەدەستدان و تێچووی بنیاتنانی ئەو دەسکەوتانەی نەچەشتووە. ئەم جیاوازییە راستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر تێگەیشتنی ئەم نەوەیە بۆ بەهای دەسکەوتەکان، دیاریکردنی سنووری ملمڵانێکان و پێویستیی گەڕانەوە بۆ سازش. سەرچاوەی رەوایی سیاسیی سەرکردایەتیش گۆڕانی ریشەیی بەسەردا هاتووە. لە نەوەی پێشوودا، رەوایی زیاتر بە خەبات، شۆڕش و کاریزماوە بەسترابوو. بەڵام لە نەوەی نوێدا، پێگەی حیزبی، کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکان، سەرچاوە ئابوورییەکان و میراتی خێزانی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
دووەم: لە خەیاڵدانی نەوەی شاخدا، دەوڵەت لە بەغدا بوونەوەرێکی دڕ و ستەمکار بوو کە ئەنفال و قەتڵوعامی دەکرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە کاتی پێویستدا وەک ئامرازێک دەبینرا کە دەکرا لە رکابەرییە ناوخۆییەکانی هێزە کوردییەکاندا بۆ راگرتنی باڵانسی هێز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، کە دەکرێ لە گەلێک نموونەی مێژووییدا وەک 1966، 1996 و نموونەی هەنووکەیی لە 2026دا شوێنپێی دیار بێت. لە لایەکی دیکەوە، تێڕوانینی نەوەی شار بۆ دەوڵەت لە بەغدا گۆڕاوە. دەوڵەت لە بەغدا لە خەیاڵدانی نەوەی شاردا جەستەیەکی دابەشبووە؛ نەوەی نوێ دیوە دڕندە و کاولکارەکەی دەوڵەتی پێشووی نەدیوە، بەڵکو زیاتر وەک گۆڕەپانێک بۆ سەودا و راگرتنی باڵانسی سیاسی و ئابووری لێی دەڕوانێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەمان ستراتیژیی نەوەی پێشوو دووبارە دەکاتەوە کە تێیدا پشتیوانیی دەرەکی (بەغدا یان دراوسێکان) بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکانی کورد بەکار دەهات. بەڵام دەرئەنجامێکی پشتیوانیی دەرەکی ناوچەیی، دابەشبوونی زیاتری بزاڤی کوردی بوو.
سێیەم: نەوەی شاخ هەمیشە یەکگرتوو نەبووە. دوو قۆناخی شەڕی ناوخۆیی تاقی کردووەتەوە؛ یەکەمیان لە ساڵانی 1966 تا 1970 و دووەمیان لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا. لە هەردوو قۆناخەکەدا، جیاوازیی سیاسی، ئایدۆلۆژی، کەسی و دەستێوەردانی دەرەکی رۆڵیان لە قووڵبوونەوەی ملمڵانێکاندا هەبووە. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە، توانای ئەو نەوەیە بوو بۆ ئەوەی لە قۆناخە هەستیارەکاندا، لە شەڕ و لێکترازانەوە بپەڕێتەوە بۆ سازش و هاوکاری. ئەم توانایەی نەوەی شاخ بۆ سازشکردن، تەنیا بە دەرفەتە جیۆپۆلەتیکییەکان کورت ناکرێتەوە. پەیوەندیی کەسی، متمانە، ئەزموونی سیاسی و باکگراوندی ئایدۆلۆژی رۆڵی حاشاهەڵنەگریان هەبووە. بۆ نموونە، مام جەلال لە پەیوەندی خۆیدا لەگەڵ بارزانی نەمر جارێک وەکو کوڕ، جارێک وەکو مورید و جارێکیش وەک رکابەر دەرکەوتووە، بەڵام هیچ کات وەک خۆی لە دیداری تەمەندا باسی کردووە ئەو رایەڵە رۆحی و کەسییەی لەگەڵیدا نەپچڕاند. بارزانیی نەمر، سەرەڕای رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا و ئەو دەستە باڵایەی کە لەکاتەدا لەڕووی سیایسی و سەربازییەوە هەیبوو، رێگەی ئاشتەوایی لەگەڵ مام جەلال گرتەبەر؛ هەم لەبەر هۆکاری کەسی و هەم لەبەر ئەوەی کەرەستەیەک نەداتە دەست بەغدا بۆ ئەوەی دواتر لە دژی کورد بەکاری بهێنێت. لە میانەی شەڕی ناوخۆیشدا، چیرۆکی هاوشێوەی متمانە و سازان لە نێوان سەرکردەکانی کورددا زۆرن. ئەوان بە حوکمی ئەزموون فێری ئەوە ببوون کە چ کاتێک بۆ شەڕی یەکتر، چ کاتێک بۆ ملمڵانێ، و چ کاتێکیش بۆ سازان تەرخان بکەن. ئەم جۆرە پەیوەندییانە نیشانی دەدەن کە ململانێی توندیش بە واتای سڕینەوە و نەمانی متمانەی کەسی نەبووە. لە هەمان کاتدا، پارتی و یەکێتی، سەرەڕای جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکانیان، لە چوارچێوەی یەک بزووتنەوەی نەتەوەییدا کاریان دەکرد و لە ساتەوەختە هەستیارەکاندا بەرگریکردن لە دەسکەوتە نەتەوەییەکان دەبووە چەترێکی هاوبەش بۆ رێککەوتن.
لە بەرامبەردا، متمانەی کەسی لە نێوان نەوەی نوێدا لاوازە؛ ئەوان هێشتا لە رووی ئەزموونەوە رانەهاتوون بەوەی چ کاتێک بۆ سازان گونجاوە و چ کاتێکیش ترازان دەبێتە هێڵی سوور. لەبری گفتوگۆی راستەوخۆ، زۆرجار ملمڵانێکانیان لە رێگەی گوتاری میدیایی و لێدوانی هەستبزوێنەوە بەڕێوە دەبەن. لەم سۆنگەیەوە، پۆپۆلیزم بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی شێوازی سیاسەتکردنی نەوەی نوێ. ئەم شێوازەش هەندیکجار پاشەکشەکردن بۆ سەرکردەکان زۆر قورستر دەکات.
چوارەم: لە ساڵانی حەفتاکاندا، بەرژەوەندیی دەوڵەتە ناوچەییەکان لە لاوازکردنی حکومەتی عێراق، هاوشانی توانای سیاسی و خەباتی بزووتنەوەی کوردی، دەرفەتی رێککەوتنی 11ی ئاداری 1970ی رەخساند، بەڵام سازانی ناوخۆیی لایەنە رکابەرەکانی کورد لە دوای رێککەوتنە بەرهەمێکی نەوی شاخ بوو. دوای جەنگی کەنداوی 1991، بەرژەوەندیی ئەمریکا لە لاوازکردنی رژێمی سەدام حوسێن، لە پاڵ نیگەرانییەکانی رۆژئاوا لە کۆچی بەکۆمەڵی کورد بۆ تورکیا، زەمینەی پاراستنی ناوچە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانی رەخساند، کە بۆ ئێرانیش گونجاو بوو. بەڵام سازانی لایەنە کوردییەکان بۆ هەلىژاردن و پێکەوەنانی حکومەت و پەرلەمانیش بەبێ ئامادەیی نەوەی شاخ نەدەکرا. رێککەوتنی واشنتنی 1998 نموونەیەکی دیکەی ئەم کارلێکەی نێوان جیۆپۆلەتیک و سەرکردایەتیی کوردە. لەو قۆناخەدا، ئەمریکا بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی لە یەکخستنەوەی پارتی و یەکێتیدا هەبوو، بەڵام رێککەوتنەکە بەبێ ئامادەیی، دانوستاندن و سازشی شەخسیی نەوەی شاخ بەدەست نەدەهات. هەمان ئەم هاوکارییە، دواتر لە قۆناخی رووخانی رژێمی سەدام و داڕشتنی دەستووری عێراقی 2005دا، بووە بنەمایەکی بەهێز بۆ جێگیرکردنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
هەڵبەت نەوەی شار لە ژینگەیەکی جیۆپۆلەتیکیی تەواو جیاوازدا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. ئەو دەرفەتە زێڕینەی لە نەوەدەکان و سەرەتای دوو هەزارەکاندا بۆ بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان هەبوو، چیترنەماوە. لە سێ دەیەی رابردوودا، وێنای کورد لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا سێ قۆناخی جیاوازی بڕیوە: لە نەوەدەکاندا وەک قوربانییەکی ستەملێکراو؛ دوای ساڵی 2014 وەک پاڵەوان و هاوپەیمانی شەڕی دژی تیرۆر؛ ئێستاش، لە سێبەری ناکۆکییە ناوخۆییەکاندا، وێنای هەرێمێکی پەرتەوازەی هەیە کە توانای پاراستنی یەکگرتووییەکەی کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە. لەو نێوانەدا ستراتیژیی ئەمریکاش گۆڕاوە. واشنتن بە ئامانجی رێگریکردن لە هەژموونی ئێران و دروستکردنی سەقامگیرییەکی ناوچەیی بە کردەوە لە پشتبەستن بە هێزە کوردییەکانەوە، ئاراستەی بەرەو هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی عێراق، تورکیا، سووریا گۆڕیوە. بەراوردکردنی هەڵوێستی مادلین ئۆلبرایت لە ساڵی 1998 کە دەیگوت یەکڕیزیی کورد ئیشی ئەمریکا لە عێراق ئاسان دەکات، لەگەڵ لێدوانەکانی ئەمدواییەی تۆم باراک کە ململانێی نێوخۆیی کورد زیاتر وەک پرسێکی ناوخۆیی عێراق دەبینێت کە ئەمریکا دەستوەردانی تێدا ناکات، ئاراستەی گۆڕانەکە زیاتر دەردەخات. بۆ وڵاتانی دراوسێش هاوکێشەکە گۆڕاوە. بۆ ئێران، سەقامگیریی سنوورەکان و بێچەککردنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی کارێکی لەپێشینەیە، بۆیە یەکدەستبوونی بڕیاری ئەمنی لە سلێمانی رەنگە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا یەکبگرێتەوە. بۆ تورکیاش، کە خەریکی فراوانکردنی هەژموونی ئابووری و سەربازیی خۆیەتی لە عێراق (هاوکات لەگەڵ ئەگەری چەکدانانی پەکەکە)، هەر پارچەبوونێک لە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی هاوکێشەکان. بەغداش ئێستا، لە رێگەی دادگای فیدراڵی، بودجە، مووچە و کۆنترۆڵی نەوتەوە، ئامرازی زۆر بەهێزتری لەبەردەستدایە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی لە هەرێمی کوردستان لەبەردەستدیە؛ نەبوونی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کوردیش ئەم پرۆسەیە خێراتر دەکات. گرفتی ستراتیژی لێرەدایە کە نەوەی نوێ هێشتا هەوڵ دەدات بە هەمان ئامرازی نەوەکانی پێشوو، پشتیوانیی دەوڵەتانی دەرەکی بۆ یەکلاییکردنەوەی ملمڵانێ ناوخۆییەکان بەکاربهێنێت، لە کاتیكدا کە بەرژەوەندیی دەوڵەتان گۆڕاوە و ئەم ستراتیژییە تەنیا دەبێتە هۆی بچووکبوونەوە و لاوازبوونی زیاتری قەوارەی هەرێمی کوردستان.
پێنجەم: جوگرافیا هەمیشە کارەکتەرێکی بێدەنگ بەڵام یەکلاکەرەوەی مێژووی بزووتنەوەی کوردی بووە. چیاکان هەم پەناگەی شۆڕش و مانەوە بوون، هەم بەربەستێکی سروشتی بوون بۆ یەکگرتوویی جوگرافی و رێکخراوەیی هێزە کوردییەکان. شێوازی شەڕکردنی کورد بە تەواوی کاریگەریی چیاکانی پێوە دیار بووە؛ شەڕێکی بەرگریانە، پچڕپچڕ و سنووردار، کە هەمیشە بەدەست کێشەی لۆجستیک و فەرماندەییەکی یەکگرتووەوە ناڵاندوویەتی. ئەو گوتە باوەی کە دەڵێت "جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی دیکەمان نییە"، تەنیا دەربڕینێکی شاعیرانە نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی مێژووییەکی درێژی پشتبەردانی کوردە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە، کە وایکردووە تەنیا چیا وەک قەڵایەکی سروشتیی تەماشا بکات.
بەڵام ئێستا، لە بەرامبەر چیادا، جوگرافیای شار بە جۆرێکی دیکە بووەتە چەقی ململانێی نوخبەی سیاسیی کورد. هەر کاتێک ملمڵانێی لایەنەکان دەگاتە بنبەست، یەکسەر باسی جیاکردنەوە و پرسی زەقکردنەوەی سنووری ناوخۆیی دێتە گۆڕێ. جیاوازتر لە چیا کە هۆکاری مانەوە و بەرگری بوو، شار لای بەشێک لە نوخبەی نوێی کوردی زیاتر بووەتە جوگرافیایەک بۆ ململانێی ناوخۆیی دەسەڵات. لە راستیدا گرفتە بنەڕەتییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لەوەی کە دەرەنجامی جیاکاریی جوگرافی بێت، بەهۆی ململانێیەکی سیاسییە کە بەرگی جوگرافیای بە بەردا کراوە. چونکە پاساوەکانی دابەشکردن وەک کێشەی مووچە، خزمەتگوزاری، بێکاری و نادادپەروەری، تەنیا تایبەت نین بە ناوچەیەک، بەڵکو قەیرانی سەرتاسەریی هەموو هەرێمی کوردستانن. نەوەی شاخ جوگرافیای وەک پەناگە بەکاردەهێنا و لە کاتی پێویستدا دەیتوانی سنوورەکان تێپەڕێنێت و رێککەوتن بکات، بەڵام نەوەی شار کە زیاتر لەناو بیرۆکراسی و رکابەریی حیزبیدا گەورە بووە، سنوورە جوگرافییەکان وەک قەڵخانێک بۆ سایسەتەکانی هێز بەکاردەهێنێت.
کۆتایی
لە رووی سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەوە، گەڕانەوە بۆ دووئیدارەیی رەسمی، لە قۆناخی ئێستا، بژاردەیەکی خوازراوی ئەکتەرە کاریگەرەکانی دەرەوە نییە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو دەوڵەتانە خوازیاری هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتوون. مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە رووی فەرمی و دەستوورییەوە وەک یەک قەوارە بمێنێتەوە، بەڵام لە واقیعدا بەهۆی لێکترازانی ناوخۆییەوە رۆژ بە رۆژ دەسەڵات، سەروەری و پێگەی بڕیاردانی خۆی لەدەست بدات و لەژێر گوشاری بەغدا بتوێتەوە.
قەیرانی ئێستای هەرێمی کوردستانیش تەنیا ناکۆکییەکی کاتیی نێوان پارتی و یەکێتی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی مێژووییشە بۆ نەوەی نوێی سەرکردایەتیی کورد. نەوەی شاخ، سەرەڕای هەموو هەڵە و شەڕەکانی، توانی دەرفەتە جیۆپۆلەتیکییەکان بقۆزێتەوە و بیانکاتە دەسکەوتی سیاسیی دانپێدانراو، توانی رێککەوتنی ستراتیژی و سازشی کاتی بکات، بەڵام نەیتوانی ئەو رێککەوتنانە بگۆڕێت بۆ دامەزراوەی نیشتمانیی بەهێز و سەربەخۆ. بەتایبەتی لە بواری ئەمنی، سەربازی و ئابووریدا، بۆیە دابەشبوونی سەرچاوەکان و هێزی چەکدار وەک خۆی مایەوە. ئەم مۆدێلە لە بەڕێوەبردن تا ئەو کاتە کاریگەر بوو کە سەرکردە مێژووییەکان بە پەیوەندییە کەسییەکانی خۆیان، کێشەکانیان کۆنترۆڵ دەکرد.لەگەڵ هاتنەپێشەوەی نەوەی نوێدا، ئەم رێککەوتنانە داڕمان. قەیرانی گۆڕانی نەوەکان لێرەدایە: ئەو سازشەی کە پێشتر بەهۆی متمانەی دوو سەرکردەوە دەکرا، ئێستا لە غیابی ئەو متمانەیە و لاوازیی دامەزراوەکاندا، گەیشتووەتە بنبەست. نەوەی نوێ ئەزموونی سازشی نەوەی کۆنی نییە، هێشتاش دیار نییە کە ئایا توانای بنیاتنانی دامەزراوەیەکی هەیە کە بتوانێت ملمڵانێکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و یاسایی یەکلایی بکاتەوە یان نا. ئەمەش لە ژینگەیەکی سەختی جیۆپۆلەتیکی کە تێیدا پشتیوانیی نێودەوڵەتی کەمبووەتەوە و گوشارە ئابوورییەکان زیاتر بوون، چارەنووسی هەرێمی کوردستان یەکلا دەکاتەوە.



