بەشی زۆری را و بۆچوونەکان لەگەڵ ئەوەدان، کە بڕیارەکەی دابەزاندنی بەهای دینار و بەرزکردنەوەی نرخی فەرمیی دۆلار دۆخی ئێستای ئابووریی عێراق ئاڵۆز دەکات و تێکڕاکانی هەڵاوسان دەگەیێنێتە ئاستێکی بەرزتر، بێجگە لەوەی راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی بازرگانان و سەرمایەداراندایە، کە بەشی زۆریان یان بەرپرسەکانن، یاخود کەسانی نزیک لە ئەوانن، بە پێچەوانەوە بە تەواوەتی بە زیانی مووچەخۆران و خەڵکی کەمدەرامەت تەواو دەبێت.
بە گوێرەی لێکدانەوەکان، پێدەچێت چەندین هۆکار لە پەنای ئەم بڕیارەوە بووبن، لەوانە: گوشارخستنە سەر بازاڕی رەش و زیادبوونی خواستی وەرزیی لە سەر دراوی بیانی، بەڵگەش بۆ دروستیی ئەم بۆچوونە دۆخی ئەم دوو مانگەی رابردوو بووە، کە خواست لە سەر دۆلار بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبوو. هۆکارێکی دیکەش مەترسییە جیۆسیاسییەکان و سزاکان بووە، بەو پێیەی بەشی زۆری نیگەرانییەکانی ناوچەکە لەوەی کە پەیوەستە بە سزا چاوەڕوانکراوەکانی ئەمریکا، کە بێگومان کاریگەریی هەبووە لە سەر جووڵەی حەواڵەی پارە، خاڵێکی دیکەش کۆتوبەندەکانی حەواڵە دەرەکییەکانە، کە خۆی لە سنووردارکردنی فرۆشتنی دۆلاردا دەبینێتەوە، ئەمیشیان لەبەر پابەندبوون بە پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و شەفافیەتی داراییەوە بووە، بە هەمان شێوە چەند فاکتەرێکی دیکەی پەیوەست بە بەقاچاخبردن و لاوازیی متمانەوە رۆڵیان هەبووە لە پەنابردنە بەر دەرکردنی ئەم بڕیارە.
بەڵام دواجار هەر شتێک لە پشتەوەی ئەم بڕیارەوە بووبێت و بۆ هەر مەبەستێک درابێت، هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە لە کۆتاییدا هیچ راڤەکردنێکی نابێت، بێجگە لە دەستبردن بۆ گیرفانی خەڵک و فەرمانبەران! کەمکردنەوەی توانای کڕین و قورسکردنی ئەرکی خەڵکە، بە ناوی کۆنتڕۆڵکردن و کۆتاییهێنان بە کورتهێنانی بودجە، کە بە دڵنیاییەوە جۆرێک لە نائومێدی لێدەکەوێتەوە، کە رەنگە بە گشتی کاریگەریی زۆر خراپی بۆ ئایندەی خەڵکی عێراق هەبێت.
ئێستا کە هیچ رێگەیەکی ئاسان بەدی ناکرێت بڕیارەکە هەڵوەشێنرێتەوە، کەمترین شت کە دەبێت حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی ئەنجامی بدەن لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم بڕیارە بە سەر ژیانی خەڵکەوە، بریتییە لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی هەڵاوسانی ئابووری، بە ئەم چەند رێگایە:
یەکەم: لە سەر ئاستی حکومەت
هەموارکردنەوەی سیاسەتی ئابووری: دەبێت حکومەت سیاسەتی دارایی خۆی بگۆڕێت و بە زووترین کات بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بدات و پڕۆژە گشتییەکانی کەم بکاتەوە، تا پارەی ناو بازاڕ کەم بێتەوە.
چاکسازی لە سیستمی باج: بابەتی باج رێک بخاتەوە و رێژەکەشی لەسەر داهاتی تاکەکەس و کۆمپانیاکان بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی خواست لە سەر کاڵاکان کەم بێتەوە.
پاڵپشتیکردن لە بەرهەمهێنانی ناوخۆ: بەشێکی زۆری هۆکاری هەڵاوسان لە عێراقدا کەمیی کاڵای ناوخۆیە، بۆیە پێویستە حکومەت پاڵپشتی لە کەرتی بەرهەمهێنان و کشتوکاڵ و پیشەسازی بکات، بۆ ئەوەی خستنەڕووی کاڵاکان زیاد بێت و نرخەکان دابەزن.
دابەزاندنی نرخەکانی وزە و سووتەمەنی: دەبێت بە زووترین کات نرخی وزە و سووتەمەنییەکان کەم بکاتەوە، چونکە کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لە سەر نرخەکان.
رێکخستنی نرخی دۆلار لە بازاڕەکان: جیاوازیی زۆری نێوان نرخی فەرمیی دۆلار و نرخەکەی لە بازاڕەکاندا کاریگەریی خراپی دەبێت، حکومەت لە توانایدا هەیە ئەو جیاوازییە کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەوە زیاتر زەرەرمەند نەبن.
دەستێوەردانی راستەوخۆی بازڕ: دەبێتە ئەرکێک لە سەر حکومەت بۆ دەستنیشانکردنی نرخی کاڵا سەرەکییەکانی وەک خۆراک و سووتەمەنی.
دووەم: لە سەر ئاستی بانکی ناوەندی
بەرزکردنەوەی رێژەی سوو: وەک هاندانێک بۆ پاشەکەوتکردنی پارە لە جیاتی خەرجکردنی.
بەرزکردنەوەی ناچاریی رێژەی یەدەگ: ناچارکردنی بانکە بازرگانییەکان بۆ ئەوەی رێژەیەکی زۆری پارەکانیان لای بانکی ناوەندی بهێڵنەوە، تا توانای پێدانی قەرزیان بە خەڵک کەمتر بێتەوە.
بەکارهێنانی ئامرازەکانی قەرزکردن لە حکومەت: فرۆشتنی پەڕاوی دارایی بە بانک و خەڵک بۆ ئەوەی پارەی کاش لە بازاڕ کۆ بکاتەوە.
بەردەستکردنی دۆلار لە بازاڕەکاندا: دابینکردنی دۆلار بە رێژەی پێویست تاکو رێگری بکرێت لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی لە بازاڕەکاندا.
.webp&w=3840&q=75)


