رووداو دیجیتاڵ
"لە دەرەوەی شاری ئیزمیر و لەسەر لووتکەی چیایەک کە دەڕوانێتە سەر کێڵگە پان و بەرینەکانی زەیتوون، ئەشکەوتێک هەیە؛ خەڵکی ناوچەکە نەوە لە دوای نەوە وا باسی دەکەن، کە هۆمیرۆس هەر لەوێدا شاكاری 'ئۆدێسی'ی نووسیوە."
ئەڵتان ئەڵتن، توێژەری تورک کە کتێبێکی لەسەر ئەم بابەتە نووسیوە، روونی کردەوە: "ئەم شوێنە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە هەمیشە بە 'دۆڵێ هۆمیرۆس' ناوبردراوە. گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە دەهاتن بۆ بینینی ئەو ئەشکەوتەی کە دەگوترێت هۆمیرۆس شیعرەکانی تێدا داناوە."
راستییەکەی کەس بە تەواوی نازانێت هۆمیرۆس لە کوێ شیعرە داستانییەکانی نووسیوە و ئەفسانەی زۆر لە دەوری ئەم ئەشکەوتە هەن. بەڵام ئەمڕۆ، بەهۆی فیلمە نوێیەکەی کریستۆفەر نۆڵان بە ناوی "ئۆدێسی"، مشتومڕەکان لەمبارەیەوە گەرمتر و زیندووتر بوونەتەوە.
هۆمیرۆس ماوەیەکی زۆرە بە ناوچەی ئیزمیری تورکیاوە بەستراوەتەوە، کە لە زۆربەی سەردەمەکانی مێژوودا بە "سمیرنای کۆن" ناسراوە.
پۆسانیەس، مێژوونووس و جوگرافیناسی یۆنانیی سەدەی دووەم نووسیویەتی: "خەڵکی سمیرنا رووباری مێلیسیان هەیە کە ئاوێکی جوانی هەیە، لە سەرچاوەکەشیدا ئەشکەوتێک هەیە، کە دەڵێن هۆمیرۆس لەوێ شیعرەکانی داناوە." ئەم وشانە بوونەتە هەوێنی مشتومڕێکی چەندین سەدەیی کە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە، سەبارەت بە ژیانی هۆمیرۆس و شوێنی ئەو رووبارەی کە وا دەزانرێت لە ساڵی 8ـی پێش زایین لەوێ لەدایکبووە.

سەردانکردنی ئەشکەوتەکە کە پڕە لە تاشەبەرد، کارێکی ئاسان نییە. لە ناوەوە، گەشتیاران چەندین نووسینی یۆنانییان لەسەر دیوارەکان بەجێهێشتووە، هەرچەندە دیار نییە مێژووی نووسینەکان بۆ کەی دەگەڕێتەوە.
ئەگەرچی شوێنەکانی دیکەی وەک دوورگەی (خیۆس)ـی یۆنانیش بانگەشەی خاوەندارێتیی هۆمیرۆس دەکەن، بەڵام سمیرنای کۆن و دەوروبەری —کە ناوچەی بۆرنۆڤای تێدایە— پەیوەندییەکی تووندوتۆڵیان بە شاعیرەکەوە هەیە.
ئەڵتان ئەڵتن بە ئاژانسی فڕانس پرێسی گوت: "بۆ من هیچ گومانێک نییە، هۆمیرۆس خەڵکی بۆرنۆڤایە. بە هەر حاڵ، ئەو خەڵکی ئایۆنیایە کە سمیرنا و خیۆس دەگرێتەوە. ئەو خەڵکی ئەم خاکەیە."
ئایۆنیا ناوی ناوچەیەکی یۆنانیی کۆنە لە کەناراوەکانی دەریای ئیجەی تورکیا.
بۆ پشتگیری لە بیرۆکەکەی، ئەڵتن ئاماژەی بە تابلۆیەکی بەردینی سەدەی 3ـی پێش زایین کرد، کە پڕۆسەی پیرۆزکردنی هۆمیرۆس نیشان دەدات؛ ئەو دەڵێت ئەم تابلۆیە ئەشکەوتەکەی بۆرنۆڤای بە وردییەکی سەرسوڕهێنەر کێشاوەتەوە. گوتیشی: "ئەم تابلۆیە پێشتریش ناسراو بوو، بەڵام کەس تێبینیی ئەو وردەکارییە هاوشێوەیانەی نەکردبوو کە لە ئەشکەوتەکەی هۆمیرۆسدا هەن. ئەمە یەکەمجارە وەسفێکی جوگرافیی ئاوا ورد ئاشکرا بکرێت."
بەڵگە شوێنەوارییەکانی ناوچەکەش ئاماژە بە پەیوەندییەک لەگەڵ هۆمیرۆس دەکەن.
محەمەد عاکیف ئەردەم، شوێنەوارناس، رایگەیاند: "دۆزینەوەکانی ناو هەڵکۆڵینەکان، بەتایبەتی ئەو دراوانەی وێنەی هۆمیرۆسیان لەسەرە، نیشانمان دەدەن کە دانیشتووانی سمیرنای کۆن ئەم شاعیرەیان وەک یەکێک لە خۆیان زانیوە." ئەو دەشڵێت داستانەکانی ئیلیادە و ئۆدێسیا بە شێوەزارەکانی ئایۆنی و ئەئۆلی نووسراون، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی سمیرنا و بۆرنۆڤا نیشتمانی رەسەنی هۆمیرۆس بن.
هۆمیرۆس لە هەموو شوێنێکی بۆرنۆڤا
جگە لە مشتومڕە زانستییەکان لەسەر رەچەڵەکی، هۆمیرۆس لە هەموو شوێنێکی بۆرنۆڤا ئامادەیی هەیە. لە ناوچەی یەشیلۆڤا هۆیۆک، کە بە کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە ئیزمیر دادەنرێت، پەیکەرێکی نیوەی باڵای هۆمیرۆس هەیە کە لەسەری نووسراوە: "من داستانەکانی ئیلیادە و ئۆدێسیم لەسەر ئەم خاکە کۆکردەوە. من لە بۆرنۆڤا ژیاوم."
شارۆچکەکە کە ئێستا میوانداریی پێشانگەیەکی کتێب دەکات کە تایبەتە بە هۆمیرۆس و پەیکەرێکی (هێکتۆر)ـی پاڵەوانی جەنگی تەروادەشی لە ناو پارکی شاردا داناوە، پلانی هەیە ئەشکەوتەکە نۆژەن بکاتەوە و بەڕووی گەشتیاراندا بیکاتەوە. عومەر ئەسکی، سەرۆک شارەوانیی بۆرنۆڤا، گوتی: "پاراستنی میراتی هۆمیرۆس ئەرکێکە لەسەر شانمان بەرامبەر بە مرۆڤایەتی. ئەو یەکێکە لە باوکە دامەزرێنەرانی ئەدەب."

بەڵام هەمووان هاوڕای ئەم دیدگایە نین. لە ساڵی 2024دا، بەرپرسانی شارەوانی لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، پێشنیازیان کرد ناوی (دۆڵی هۆمیرۆس) بۆ ناوێکی تورکی بگۆڕدرێت و گوتیان نابێت شوێنەکە ناوێکی یۆنانیی هەبێت.
سەرۆک شارەوانی لە وەڵامدا گوتی: "سڕینەوەی ناوی هۆمیرۆس یەکێک دەبێت لە خراپترین کارەکان کە بەرامبەر بۆرنۆڤا بیکەین."
"شانازی دەکەم کە هاونیشتمانیمە"
مستەفا کۆچیگیت، خاوەنی کتێبخانەی گارگانتوا لە ئیزمیر، دەڵێت سەرکەوتنی فیلمەکەی نۆڵان ئارەزووی خەڵکی بۆ هۆمیرۆس زیندوو کردووەتەوە و فرۆشی داستانی ئۆدێسیی زیاد کردووە.
شەفەق تۆسون، مامۆستا لەبەردەم سینەمایەکی شارەکە کە فیلمەکەی تێدا نمایش دەکرێت، گوتی: "دەمزانی هۆمیرۆس خەڵکی ئەم خاکەیە، بەڵام نەمدەزانی بە دیاریکراوی خەڵکی ئیزمیرە. ئێمە زۆر بەشانسین. هەست بە شانازی و شکۆمەندی دەکەم کە هاونیشتمانی ئەوم."

بۆ ئەڵتان ئەڵتنی توێژەر، لە ناو نووسینەکانی هۆمیرۆسدا بەڵگەی زۆر هەن کە دەیسەلمێنن ئەو خەڵکی ئەم ناوچەیە بووە. ئەو دەڵێت: "کاتێک دەچیتە ناو قوڵایی داستانەکانی ئیلیادە، بە راستی تێدەگەیت کە هۆمیرۆس ئەنادۆڵییەک بووە. چەندین چیرۆک و ئاماژەی کولتووری تێدا دەدۆزیتەوە کە لە هیچ شوێنێکی دیکەدا نییە."
ئەو پێیوایە رەچەڵەکی هۆمیرۆس نابێت ببێتە هۆی کێبڕکێ لە نێوان تورکیا و یۆنان و دەڵێت: "هۆمیرۆس 2800 ساڵ تەمەنیەتی، لە کاتێکدا سنووری تورکیا و یۆنان تەنیا سەدەیەکە دروستبووە. هۆمیرۆس یۆنانییە، هۆمیرۆس ئەنادۆڵییە. هیچ کام لە ئێمە لە ئەو کۆنتر نین، تەنانەت وڵاتەکانمان."

